گەلانی ناوچەكە چارەنوسیان بەدەستخۆیان نییە
سەرتیپ جەوهەر
2021-08-19   559
كشانەوەی ئەمریكا لەئەفغانستان بەشێكە لەو زنجیرە رووداوەی كە هێشتا كۆتایی نەهاتووەو پێدەچێت روداوی دیكەشی بەدوادابێت. پێشتر چەند روداوێكی دیكەی هاوشێوە لەناوچەكە بووەو لێكەوتەو زیانەكانی لەوەی ئەفغانستان كەمتر نەبووە. بەڵام ئەوەی ئەفغانستان زۆرترین فۆكەس و تیشكی خرایەسەر لەلایەن میدیای ئەوروپی و عەرەبی و ناوچەكە بۆیە لەئێمەوە نزیك بوو.
رووداوەكانی ئەو چەند ساڵەی دوایی كە دوایینیان كشانەوەی ئەمریكا بوو لەئەفغانستان، دەكرێت بڵێین چەند رەهەندێكی هەیە، واتە دەكرێت لەچەند سوچێكەوە تەماشای بكەین.
یەكەمیان؛ ناوچەكە بەگشتیی واتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو گرنگییەی جارانی بۆ ئەمریكاو بەشێك لەوڵاتانی ئەوروپا نەماوە. جاران بەهۆی بوونی نەوتێكی زۆرو گرنگی وزە، وڵاتانی ئەمریكاو ئەوروپا گرنگی زۆریان بەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدا، بەڵام ئێستا وزە (نەوت) ئەو گرنگییەی جارانی نەماوەو پێدەچێت وڵاتانی زلهێز سیاسەتی خۆیان لەبارەی گرنگیدان بەناوچە نەوتییەكان بگۆڕن.
سەرچاوەكانی وزە لەزیادبوونەو وزەی دیكەی دۆزراوەتەوە، بۆیە ئەگەرێكی بەهێز هەیە نەوت دوبارە دابەزینی گەورە تۆماربكات. هەروەك حەمەد بن جاسم سەرۆك وەزیرانی پێشووی قەتەر لەتویتەر نوسی "بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەچارەكی كۆتاییەو ئیدی روو لەدابەزیندەكات" مەبەستی سەرۆك وەزیرانی پێشووی قەتەر ئەوەبوو كە دوایین جارە نرخی نەوت بەوشێوەیە بەرز دەبێتەوەو ئیدی بەرەو دابەزین دەڕوات و جارێكی دیكە ئەو نرخە بەخۆیەوە نابینیت.
دووەمیان؛ ئەمریكا بەشێوەیەكی گشتیی سیاسەتی خۆی لەچۆنیەتی و شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ ناوچە پِڕ ململانێكان و ناوچەكانی بەرژەوەندی لێیە گۆڕیوە. ئەوەی رودەدات بەشێكە لەسیاسەتی نوێ.
ساڵی 2003 ئەمریكا بۆ روخانی رژێمی سەدام، لەنێوان 125 بۆ 150 هەزار سەربازی هێنایە عیراق. ئەو پرۆسەیە، خەرجییەكی ئێجگار زۆر لەسەر ئەمریكا كەوت، ئەمە جگە لەزیانی گەورەی گیانی و روبەرووبونەوەی رەخنە لەناوخۆی ئەمریكاو لەلایەن وڵاتان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ.
سیاسەتی نوێی ئەمریكا لەدوای روداوەكانی سوریا دەستی پێكرد. سیاسەتی نوێی بریتی بوو لەدروستكردنی هێزی سەربازیی ناوچەیی و پشتیوانیكردنیان لەرووی ماددی و مەعنەوی، هەروەها ناردنی چەند تیمێكی هەواڵگری و شارەزا بۆ مەشقپێكردنی ئەو هێزە ناوچەییانە. بۆنمونە دروستكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ناوەڕاستی 2015 كە پڕچەكی كردن و مەشقی پێكردن، لەئاسمانیشەوە لەڕێی فرۆكەی جەنگی و فرۆكەی بێ فرۆكەوان و تەكنەلۆژیای نوێ پشتیوانی كردن بێ ئەوەی هیچ هێزێكی شەڕكەری ئەمریكا بەكاربهێنرێت.
ئەو سیاسەتە بۆ ئەمریكا خەرجییەكی زۆر كەمتری هەبوو، هەروەك هیچ زیانێكی گیانیشی نەبوو. بۆیە هەمان سیاسەتیان گوێزایەوە بۆ عیراق بەڵام بەجیاوازییەكی كەم، ئەویش جێگیركردنی ژمارەیەكی زۆركەم هێزی سەربازیی لەهەندێ بنكەو شوێنی دیاریكراو وەك بنكەی عێن ئەسەدو هەولێرو فرۆكەخانەی بەغداو چەند شوێنێكی دیكە.
سێیەمیان؛ دوو روویی وڵاتانی زلهێز بەرامبەر گەلانی ژێردەستەو لەبەرامبەر ئەو چەمكانەی لەمیدیاكانی خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن لەوانە (دیموكراسی، مافی مرۆڤ، مافی چارەی خۆنوسینی گەلان بۆ گەیشتن بە رزگاریی نیشتیمانیی).
روسەكان هەمیشە باسی مافی گەلی كورد لەسوریا دەكەن، لەلێدوانە رۆژنامەوانییەكانیان پشتیوانی لەگفتوگۆی نێوان كوردو رژێمی سوریا دەكەن، بەڵام كە دانوستان و گفتوگۆ لەنێوان كوردو رژێمی سوریا دەبێت، لەسەر مێزی گفتوگۆدا روسەكان لەبەری رژێمی سوریا دادەنیشن و داكۆكی لەرژێمی سوریا دەكەن و داوا لەكورد دەكەن داوای ماف خۆبەڕێوبەریی و رێڤەبەری خۆسەر نەكەن و تەنها چەند مافێكی سەرەتایی رازیبن، وەك مافی خوێندن و بەشداری سیاسی لەدیمەشق.
لەگەڵ ئەو لێدوانانەی روسەكان وەك پشتیوانیی لەچارەسەری پرسی كورد لەسوریا، دەبینین لەكۆتایی 2017 لەگەڵ تورك رێككەوتن عەفرینیان رادەستبكەن، سەرباری بڕیاری روبەرووبونەوە، بەڵام تورك توانیان لەسەرەتای 2018 بەهاوكاری گروپە تیرۆرستیەكان عەفرین داگیربكەن و بەهۆیەوە نزیكەی هەزار شەڕڤانی كورد شەهید بوون.
هاوكات لەگەڵ دوو روویی روس، دەبینین ئەمریكییەكانیش بێ چاوڕوو چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستانیان بەدەر لەهەموو بەهایەكی مرۆیی و پێچەوانەی ئەو چەمكانەی لەمیداكانی خۆیان و لەلایەن لێپرسراوانیان دووبارە دەكرێتەوە رادەستی تورك كرد. بەهۆیەوە جگە لەئاوارەبوونی سەدان هەزار مرۆڤی كوردو غەیرە كورد، هاوكات سەدان لاوی شەڕڤانی كورد لەوناوچانە شەهید بوون. بەهۆی ئەو كشانەوەیەی ئەمریكا روبەرێكی گەورەی رۆژئاوای كوردستان لە سەرێكانیەوە تاوەكو گرێ سپی كەوتە دەست توركیا. لێرەوە بۆمان دوپات بویەوە كە كشانەوەی روسیا و ئەمریكا لەعەفرین و سەرێكانی، بازرگانی كردن بوو بەچارەنوسی گەلان.
بۆیە دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ئەوەی لەئەفغانستان روودەدات نامۆ نییە بۆ سیاسەتی ئەمریكاو ئەو دوو رووییە لەسیاسەتكردن بەرامبەر گەلانی ناوچەكە.
بۆیە دەبینین مەزلوم عەبدێ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە 13 ئۆكتۆبەر گوتارێكی لە گۆڤاری فۆریەن پۆڵسی ئەمریكا لەژێر ناونیشانی "ئەگەر سەرپشك بین لەنێوان چارەسەر یان جینۆسایدی گەلەكەمان، بێگومان ژیانی گەلەكەمان هەڵدەبژێرین" وتیشی "ئێمە بەسنگی رووتەوە بەرامبەر خەنجەری تورك وەستاوینەتەوە".
هەر لەسەر ئەو دوو رووییە لەسیاسەتی ئەمریكا، خان محەمەدیی وەزیری بەرگری ئەفغانستان روو لە ئەشرەف غەنی سەرۆكی وڵاتەكەی دەكات كە نوێنەرایەتی سیاسەتی ئەمریكای دەكرد دەڵێت "دەستەكانی لەدواوە بەستین و ئێمەی فرۆشت و هەڵات". مەبەست لەو قسەیەی محەمەدی ئەمریكا هەموو رێگاكانی لێگرتن و ئەفغانستانی رادەستی تاڵیبان كرد.
كاتێك ئەمریكا لەسەرێكانی و گرێ سپی كشایەوەو ناوچەكەی بۆ توركیا جێهێشت بەشێك لەچاودێران پێیانوابوو ئەوەی رویداوە پەیوەندی بەبڕیاری دۆناڵد ترەمپ و سیاسەتی ئیدارەی ترەمپەوە هەیە نەك ستراتیجییەتی ئەمریكا، واتە ترەمپ لەستراتیجییەتی ئەمریكا لایداوەو جۆ بایدن سەرۆكی نوێی ئەمریكا راستی دەكاتەوە، بەڵام دەبینین لەسەردەمی جۆبایدن ئەمریكا لەئەفغانستان كشایەوە.
یەكێكی دیكە لەو ئەگەرانەی ئێستا لەناوەندەكانی توێژینەوەو میدیای ئەمریكا یان ئەوروپا باسدەكرێت، پرسی روبەرووبونەوەی چین-ە وەك وڵاتێك كە پێگەیشتووەو خێرا پێشكەوتنی نوێ بەخۆیەوە دەبینیت بەتایبەتی لەرووی ئابوریی و تەكنەلۆجیاوە.
بەپێی زانیارییەكانی دەخرێنەروو، ئەمریكا دەیەوێت تواناكانی خۆی كۆبكاتەوەو هەموو هەستەوەرەكانی روو لەچین بكات، تاوەكو رێگە لەو پێشكەوتن و گەشەكردنە خێرایەی چین بگرێت كە پێیوایە مەترسیە بۆسەر ئایندەی ئەمریكاو سەركردایەتیەكەی لەجیهان.
بەپێی لێدوانی چەند رۆژلەمەوبەری جۆ بایدن-ی سەرۆكی ئەمریكا، واشنتۆن زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلاری لە ئەفغانستان خەرجكردووە، هەروەك بەپێی "بزنس إنسایدر" توێژینەوەیەك لەزانكۆی براون ماساچۆستس لە 2020 ئەمریكا لەعیراق زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلاری خەرجكردووە.
هەروەك بەپێی راپۆرتی ساڵانەی زانكۆی براون لە (2020) خەرجی روبەرووبونەوەی تیرۆر لەعیراق و سوریاو ئەفغانستان لەماوەی رابردوو 6.4 تریلیۆن دۆلار كەوتووە.
بێگومان رووداوەكانی چەند ساڵی رابردوو، هەڵسوكەوتی ئەمریكاو روسیا لەناوچەكە خوێندنەوەی زۆری بۆ دەكرێت، هەریەكە لەسوچێكەو رووداوەكان دەبینیت و شیكاریی بۆ دەكات، بەڵام ئەوەی لێی دڵنیاین چارەنوسی میللەتانی ناوچەكە بەدەست خۆیانەوە نییە! بۆیە دەبینین گۆڕانكارییەكان لەژێر كاریگەری سیاسەت و بەرژەوەندی وڵاتان دەبێت نەك خواستی میللەت یان گەلانی ناوچەكە.