كلدۆئاشورییەكان پڕۆژەیەكی جدی و هاوبەشیان نەبووە پێشكەشی پەرلەمانی بكەن

سەرتیپ جەوهەر
  2021-01-14     824
پرسی بوونی تێبینی پێكهاتەكانی كوردستان لەسەر بەیەكەوە ژیان و ئەو تێبینی و سەرنجانەی لەسەر شێوەی ئاڵاو سرودی ئەی رەقیب و ناوی كوردستان هەیانە، وەكو پێویست لەشەقامی كوردستان جێی باس و خواس نەبووە. هاوڵاتیانی كوردستان وەك پێویست ئاگاداری ئەو سەرنج و تێبینیانە نین.
تێبینی و سەرنجەكانیان نەكردۆتە باسی گەرمی راگەیاندن
گروپ و حزبە ئاشورییەكان، چ ئەوانەی راستەقینەن و چ ئەوانەی دروستكراون، بەڕوونی و ئاشكرا باس لەو تێبینی و سەرنجانەیان ناكەن، كە لەسەر شەراكەت لە حكومڕانی و شێوەی بەشداریان لە جومگەكانی حوكم هەیانە. ئەو خواست و داواكاریانەیان نەكردۆتە باسی سەرەكی لە راگەیاندن تاوەكو شەقامی كوردستانی لێ‌ ئاگادار ببێتەوە و ببێتە جێی مشتومڕ لەناو شەقامی كوردستان.
دەتوانین بڵێین چەند هۆكارێك هەیە بۆ نەگەیشتنی خەم و خواست و گرفتی پێكهاتەكان بەخەڵك و هاوڵاتیانی كوردستان بەگشتیی، كە دەكرێت لەچەند خاڵێك كورتی بكەینەوە:
یەكەم: حزب و لایەنە كلدۆئاشورییەكان و بگرە پێكهاتەكانی دیكەش وەك توركمانەكان، توانای راگەیاندنیان زۆر لاوازەو وەك پێویست نییە. بەشێك لە میدیاكانیان لەلایەن حزب و لایەنی دیكە پشتیوانی دەكرێت و ئەجێندای كاركردنیان ئەوەندەی سیاسییە بۆ ئەو لایەنانەی كە پشتیوانیی داراییان دەكات، ئەوەندە باسی كێشە و گرفتی كلدۆئاشورییەكان ناكات. ئەو دامودەزگا میدیایانە یان بڵاوكراوانیان لەلایەن چەند كەس و لایەنێكی كلدۆئاشورییەوە بەڕێوەدەبرێت كە یان زۆر لەژێر كاریگەری دەمارگیریی قەومی و دینیدایە، یاخود شێوازی كاركردنی كۆنەو ناتوانێت خواستی ئاشورییەكان بگەینێتە شەقامی كوردستان یان وەرگری كورد. سەرەنجام داوا و خواستی كلدۆئاشورییەكان هەر لەناوخۆیانداو لە شەقامی كلدۆئاشوریی دەمێنێتەوە و ناگاتە شەقامی كوردستان.
دووەم: میدیای كوردی زیاتر سەرقاڵی ململانێی و پرسە سیاسییەكانی نێوان حزب و لایەنە كوردییەكانەو كەمتر لا لە پرسەكانی دیكە دەكاتەوە، بەو مانایەی پرسی خواست و ویست و گرفتی كلدۆئاشورییەكان لە كوردستان وەك پێویست لەلایەن میدیای كوردییەوە گرنگی پێنادرێت. واتە میدیای كوردی ئاشنایەتی لەگەڵ ئەو پرسانەدا نییە كە پەیوەندی بە پێكهاتەكانی كوردستانەوە هەیە. تەنانەت هەندێك جار وەك پێویست گرنگی بە پێكهاتەكانی دیكەش نادات كە كوردن، وەك (ئێزدی، شەبەك، كاكەیی). بۆیە گرنگی نەدانی میدیای كوردی بە بوون و ژیانی پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان، وایكردووە شەقامی كوردستان بێ ئاگابێت لە گرفتی بەشێك لە دانیشتوانی كۆمەڵگای كوردستانی.
رەنگە ئەو حزبەی سودمەندە لە بەكارهێنانی پێكهاتەكان، نەیەوێت پرسی پێكهاتەكان بخاتە ئەجێندای میدیاكانیەوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنیش لە كوردستان بێ ئاگان لەخەمی پێكهاتەكان و پێداگری كردن لەباسكردنی خەم و ویستی ئەو گروپانە.
سێیەم: یەكێكی دیكە لە هۆكارەكان، تائێستا لەناو پەرلەمانی كوردستان، ئەوەیە پێكهاتەكانی كوردستان نوێنەری راستەقینەی خۆیان وەكو پێویست نییە. زۆربەی ئەوانەی لە پەرلەمانن یان دێنە پەرلەمان، ئەوانەن كە لەلایەن حزبی كوردییەوە پێشنیار و كاندید دەكرێن و هەروەكو كادری ئەو حزبە كوردییە هەڵسوكەوت دەكەن كە پشتیوانیی كردوون. ئەمەش لەكاتێكدا، كە پەرلەمان دامەزراوەی نوێنەرایەتی كردنی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و سیاسییەكانی كوردستانە، ئەو شوێنەیە كە پێویستە هەمووان دەنگی خۆیانی لێ‌ بەرزبكەنەوە و داواو خواستی خۆیان بگەینن، بەڵام ئەوەی دەبینرێت ئەوانەی بەناوی پێكهاتەكانەوە چ لە كلدۆئاشوریی و سریان و ئەرمەنییەكان یان توركمانەكان هیچ رۆڵێكیان نییە و تەنها لە كاتی پێویستدا بۆ ململانێی سیاسی ناوخۆی كوردستان لەنێوان حزبە سیاسییە كوردییەكان بەكاردەهێنرێن.
چوارەم: حزب و لایەنە راستەقینەكانی كلدۆئاشوریی، تائێستا پرۆژەیەكی رەسمییان نەبووە لە پەرلەمان یان لە دەرەوەی پەرلەمان، بۆ قسەكردن لەسەر یان چارەسەری ئەو تێبینیانەی لەسەر شەراكەت لەحكومڕانیی، یان سرودی نیشتیمانیی، یاخود شێوەی بەشداریكردنیان لە دەسەڵاتە جیاوازەكان یانیش لەسەر ناونانی سیمبول و ناوە نیشتیمانییەكان هەیە. نەهاتوون پرۆژەیەكی هاوبەش ئامادەبكەن و هەڵمەتێكی نیشتیمانیی دەستپێبكەن بۆ ئەوەی لەناو پێكهاتەكانی دیكە و حزبە كوردستانیەكان ببێتە جێی گفتوگۆ و قسەكردن و لۆبی بۆ كۆبكەنەوە و ببێتە پرۆژەیەك هەموو لایەنەكان پشتیوانی بكەن. یان ئەو پرۆژەیە بهێنن لە كەناڵ و میدیاكانی خۆیان و میدیای حزبەكانی دیكە یاخود ئەو میدیایانەی لە كوردستان هەن بەناوی ئەهلی، بیكەن بە پرسی رۆژ و گفتوگۆی لە سەر بكرێت.
ژمارەیەك دامودەزگای راگەیاندنی جیاوازیان هەیە
كلدۆ ئاشورییەكان لە عیراق و هەرێمی كوردستان ژمارەیەك دامودەزگای راگەیاندنی جیاوازیان هەیە، بەڵام وەكو پێویست رەنگە سەركەوتوو نەبوبن لە گەیاندنی پەیامی گەلەكەیان. دیارترین ئەو دامودەزگایانەی بە ناوی ئاشورییەكان هەن یان لەلایەن چالاكوانانی ئاشوریی دامەزرێنراون، بریتین لە كەناڵی ئاشور كە هی بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشورییە. كەناڵی عەشتار هی ئەنجومەنی گەلی كلدان سریان ئاشورە و لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان پشتیوانیی دارایی دەكرێن. تەلفزیۆنی amb-sat لەلایەن گروپێكی كلدۆئاشورییەكان لە ئەمریكا پشتیوانیی دارایی دەكرێن. رادیۆی ئاشور، عەنكاوە كۆم كە ماڵپەڕێكی چالاكە، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر وێبسایتی چالاك لەتۆڕی ئینتەرنێت كە بەشێكیان لەلایەن چالاكوانانی كلدۆئاشوریی لە ئەوروپا و ئەمریكا پشتیوانی دەكرێن.
رەنگە چەند هۆكارێك هەبێت بۆ نەبوونی كاریگەری میدیای كلدۆئاشورییەكان لە شەقامی عیراق و كوردستان، یان لاوازییان لە گەیاندنی خواست و خەمی گەلەكەیان بە میللەتانی عیراق بەگشتیی. یەكێك لەهۆكارە هەرە سەرەكییەكان ئەوەیە كە دامودەزگاكانی راگەیاندنی كلدۆئاشوریی ئەو بابەتانەی راگەیاندنیان زیاتر روو لەگەلی كلدۆئاشورییە، واتە بۆ گوێگر یان وەرگری كلدۆئاشوریی پێشكەشی دەكەن. ئەو ماددانەی ئامادەی دەكەن بۆ وەرگری كورد یان عەرەب نییە. بگرە زیاتر ئەو هەواڵ و روداوانە بڵاودەكەنەوە كە پەیوەندیان بەكلدۆئاشوریەكانەوە هەیە. بەپێی بەدواداچوون و پرسیاركردنم، بەشێك لەكلدۆئاشورییەكان تەنانەت سیاسییەكانیشیان ئاگاداری بەشێك لە گۆڕانكاریی و ململانێ سیاسییەكان و بگرە رووداوە گرنگەكانی كوردستان نین، چونكە ئەو هەواڵ و زانیارییانەی دەگاتە لایان زیاتر پەیوەندی بە كلدۆئاشورییەكانەوە هەیە نەك هەموو كوردستان. لەو ماوەیەی خەریكی كۆكردنەوەی زانیاریی و دیدار و چاوپێكەوتن بووم لە ئامادەكاریی بۆ نوسینی (ژانی خاچ) چەند جارێك روبەرووی ئەو حالەتە بوومەوە كە ئەو كەسانەی پرسیارم لێدەكردن لە بارەی بەشێك لە ململانێ سیاسییەكانی ناوخۆ و رووداوەكانی كوردستان، بێئاگایی خۆیان دەردەبڕی وەك ئەوەی دانیشتووی كوردستان نەبن! ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە بەشێك لە كلدۆئاشورییەكان جۆرێك لە گۆشەگیریان پێوەدیارە و ئاگاداری میدیای كوردی نین و میدیای كلدۆئاشوریش ئەو زانیاریانە ناگوێزنەوە.
یەكێكی دیكە لە هۆكارە سەرەكییەكان، ئەو كەناڵانە بە زمانی عەرەبی یان سریانی پێشكەش دەكرێن. بەزمانی كوردی نین. ئەمەش گرفتێكی گەورەیە و بۆشاییەكی زۆر لەنێوان كلدۆئاشورییەكان و گەلانی دیكە دروست دەكات. وادەكات گەلانی دیكە ئاگاداری گرفت و خواستی گەلی كلدۆئاشوریی نەبن.
گرفتێكی دیكەی میدیای كلدۆئاشورییەكان یان ئەو میدیایانەی بەزمانی سریانین و بەناوی گەلی كلدۆئاشوریی بەرنامەكانیان پێشكەش دەكەن، لەلایەن حزب سیاسی كوردی یان عەرەبیەوە پشتیوانی دەكرێن، ئەو كەناڵانە زیاتر باسی گرفتە سیاسیەكانی كوردستان و عیراق دەكەن و خۆیان لە پرس و خواستی كلدۆئاشورییەكان بەدوور دەگرن. ئەمەش وایكردووە ئەجێنداو بەرنامەكانیان كەمتر باسی خەم و خواستی گەلی كلدۆئاشوریی بكات، یان كێشەو گرفتەكانی گەلی كلدۆئاشور سریان رووبەرووی دەبنەوە باس نەكرێت.
گرفت لە ناساندنی مێژوو كەلتوور و دەنگی خۆیان
زمانی راگەیاندن رۆڵێكی ئێجگار گرنگ دەگێڕێت بۆ ناساندنی كلتور و مێژووی گەلان. دەتوانین بڵێین ئەو گرفتەی كلدۆئاشورییەكان هەیانە لە گەیاندنی مێژوو كلتور و دەنگی خۆیان و هاوكات دروستكردنی زەمینەی لێكتێگەیشتن لە نێوان گەلانی عیراق، كوردیش هەیەتی. لە ماوەی دوای روخانی رژێمی پاشایەتی لە 1958 هەمیشە كورد هەوڵیداوە پەیام و دەنگی خۆی بگەینێتە شەقامی عەرەبی و عیراقیی، بەڵام هەمان گرفتی ئاشورییەكانی هەبووە و سەركەوتوو نەبووە. دەیان رۆژنامە و گۆڤار و تەنانەت بەرنامەو تەلفزیۆنی بەزمانی عەرەبی داناوە، بەڵام نەیتوانیوە شەقامی عەرەبی بدوێنێ و پرسی كورد وەك پرسی نەتەوەیەكی ژێردەست و ستەملێكرا و بكاتە ماددەیەك بەئاسانی بیگەینێتە هاوڵاتی یان وەرگری عەرەب. خۆ رەنگە ئەو گرفتە بە تەنها كورد نەیبووە، بەڵكو عەرەبیش بەهەمانشێوە نەیتوانیوە لەمیدیاكانی خۆیانەوە گفتوگۆ لەگەڵ شەقامی كوردستان دروستبكات. هۆكاری سەرەكی ئەو سەرنەكەوتنە زاڵبونی بیركردنەوەی دەمارگیریی نەتەوەیی بووە بەسەر شێوەی كاركردندا. حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لە ماوەی 60 ساڵی رابردوودا وەك پێویست سەركەوتوو نەبوون دەنگی كورد بگەیننە شەقامی عەرەبی لە بەغدا، هەروەك نەك حزبەكان، بەڵكو (بەناو) دەوڵەتی عیراقیش سەركەوتوو نەبوون لە دروستكردنی زەمینەی گفتوگۆ و كەشێكی ئارام بۆ قسەكردن لەسەر ئایندەی بەیەكەوە ژیان و باسكردنی مافی هەموو گەلان لە عیراق.
دەتوانین بڵێین بۆ ئاشورییەكانیش لەكوردستان و بگرە لەعیراقیش بەهەمانشێوە راستە. نە خۆیان توانیویانە پەیامی خۆیان بگەیننە شەقامی نەتەوە و پێكهاتەكانی دیكە، نە حكومڕانانی گەلانی سەردەست زۆرینە (كورد لە كوردستان) و (عەرەب لە عیراق) وەك پێویست لە خەمی ماف و خواستی گەلانی دیكەی یان پێكهاتەكان بوون.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×