دانانی وەزیری سامانە سروشتیەكان، نێچیرڤان بارزانی زیاتر دوردەخاتەوە

سەرتیپ جەوهەر
  2021-01-04     1190
هەرچەندە هەموو ئەگەرەكان بەئاراستەی رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغدان، بەڵام لە سیاسەتدا هەموو ئەگەرێك هەیە. یەكێك لە ئەگەرە بەهێزەكان لێدانی گەشتیارانی عەرەب لەماوەی چەند رۆژی رابردوو لە هەولێرو دهۆك، پەیوەندی بەدۆخی ناوخۆی پارتیەوە هەبوو بێت.
ئەوەی زانراوە پارتی بەسەر دوو گروپی جیاوازدا دابەش بووە. یان ئەو دەستەواژەی بەكاردەهێنرێت (دوو باڵ) و هەریەكەیان بەرژەوەندی و بۆچوونی جیاوازییان هەیە. دەبینین پەلاماردانەكان تەنها لە هەولێرو دهۆك بوون و زۆربەی گەشتیارەكانیش شیعەبوون. یەكێك لەگومانە بەهێزەكان ئەوەیە پەلاماردانانەی گەشتیارانی عەرەب لایەنێكی ئیقلیمیشی لەپشت بێت. بۆیە ئەگەر هەیە توركیاش پشتیوانیی ئەو پەلاماردانانە بوبێت، بۆئەوەی كاریگەری لەسەر ئەگەری رێككەتن لەگەڵ بەغدا دروستبكات. بێگومان گروپەكەی دیكەی ناو پارتی دژی ئەو پەلاماردانەبوون بەتایبەت لەم تەوقیتەدا كە چەند رۆژێكی دیكە گفتوگۆی بودجەی 2021 دەستپێدەكات. بۆیە جگە لە بەیاننامە، تۆمەتبارانیشیان هێنانە سەر شاشە
پێدەچێت نێچیرڤانیی سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی لەگەڵ رێككەوتن نەبێت، چونكە هەم خۆی رێككەوتنەكەی لەگەڵ ئەردۆغاندا كردووەو هەمیش نەوتی كوردستان بەشێوەیەكی گشتیی تائێستا لەژێر كۆنترۆڵی ئەودایە. دانەنانی وەزیری سامانە سروشتییەكان لەماوەی دوو ساڵی رابردوو، هێشتنەوەی ئاشتیی هەورامیی بەهۆی ئەو ناكۆكیانەوە بووە كە لەناو پارتیدا هەبوون. هاوكات ئەو تێگەیشتنەی نێچیرڤان سەبارەت بەرێككەوتن لەگەڵ بەغدا، بەروونی لە پەیامی پیرۆزبایی سەریساڵدا رەنگی دابویەوەو بەهەناسەیەك نوسرابوو جیاوازبوو لەهەناسەی وتاری مەسرور بارزانیی و لێدوانەكانی قوباد تاڵەبانیی.
گروپەكەی دیكەی ناو پارتی، كە مەرسرور بارزانیی كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رێبەرایەتی دەكات و كاردەكرێت لەداهاتوودا (ئەو) ببێتە جێنشینی باوكی لەحزب، دژی لێدانی گەشتیارانی عەرەب بوو. بۆیە دەبینین جگە لەئیدانەكردنی هەڵسوكەتەكە، هاوكات ئەوانەی گوایە تۆمەتبارن هێنرانە سەر شاشەو بەشەقامی كوردستان و بەغدایان گوت حكومەتی هەرێم دژی ئەو كارانەیەو نابێت ئەو كردەوانە كاریگەری لەسەر رێڕەوی گفتوگۆی هەولێر و بەغدا هەبێت سەبارەت بەرێككەتن لەسەر بەشی هەرێم. 
دانانی وەزیری سامانە سروشتییەكان لەماوەی چەند رۆژی داهاتوو دوای دوو ساڵ مشتومڕ، هەنگاوێكی نوێ‌ دەبێت لە دورخستنەوەی زیاتری نێچیرڤان بارزانی لە بڕیاردان و هەژموونی سیاسی لەناوخۆی پارتی. گەورەترین سەرچاوەی داهاتی لەدەست دەردەهێنرێت یان لاواز دەكرێت. هەرچەند لەماوەی رابردوو چەند جارێك هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە (شێخ باز) كە لەنێچیرڤان بارزانیی نزیكە بەڕێوبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كارە، بكرێتە وەزیری سامانە سروشتییەكان، بەڵام دیارە نێچیرڤان بارزانی لەوەدا سەركەوتوو نەبوو. ئێستاش كە رێككەوتن ناكرێت، هەنگاوێكی نوێ‌ دەنرێت بۆ ئەوەی بڕیاری نەوت لەدەست نێچیرڤان بارزانی دەربهێنرێت.
كورتییەكەی، ئەو رووداوانەی ئێستا لەرووكەشدا هەواڵی دامودەزگاكانی راگەیاندنن، بەڵام لەناوەرۆكدا ململانێیەك دەكوڵێت ئەنجامەكەی لەماوەی داهاتوو زیاتر دەردەكەوێت. هیوادارین ئەو ململانێیەی ناوخۆی حزبەكان كاریگەری لەسەر ژیان و بژێوی خەڵك دروستنەكات، نەخاسمە لەئێستادا كە باری ئابوریی و دەروونی خەڵك سەقامگیر نییەو ناكرێت لەوە زیاتر بارگرانتر بكرێن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×