ئەمساڵ كۆتایی دێت، بەڵام گرفتەكان كۆتایی نایەت
سەرتیپ جەوهەر
2020-12-26   669
چەند رۆژێكمان ماوە 2020 تێدەپەڕێ، بەڵام كێشەو گرفتەكان ئاودیوی 2021 دەبێت و لەبری تێپەڕبونیان، رۆژ دوای رۆژ زیاترو كەڵەكەتر دەبێت و زانیارییەكانی ئێستا بەردەستن، ئاماژەی ئاڵۆزی زیاترو سەختیی زۆر لەبەردەم خەڵك و حكومڕانانی عیراقە.
هێشتا 2020 مان تێنەپەڕاندووە فاكتەرەكانی گرژیی ناوخۆیی لەعیراق زیاتر دەركەوتوون و ئەگەرەكانی گرژتربونی زیاتربوون. مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران خاوەنی نفوزێكی ئەوتۆ لەنێو پەرلەمان، یان حزبێكی سیاسی بەهێز، یان گروپێكی چەكداری كاریگەر نییە. بۆیە ئەگەرەكانی سەركەوتنی لەروبەرووبونەوەی ئەم دۆخە زۆر نین، هەروەك دەستوەردانی هەرێمایەتی و ململانێی وڵاتانی ناوچەكەو ئەمریكا هاوكار نین بۆ ئارامی لەعیراق و هەوڵی دامركاندنەوەی گرژییەكان.
2021 لەكاتێكدا دێت كە بارێكی گرانی ئابوریی بەڕێوەیە، ئەو كورتهێنانەی لە بودجەی گشتیی عیراق هەیە، ئاماژەیە بۆ گرفتی موچە لەعیراق بەگشتیی. وەك وەزیری دارایی عیراقیش ناڕاستەوخۆ ئاماژەی پێكرد، موچە دەدرێت، بەڵام لەوادەی خۆی دوادەكەوێت.
2021 لەكاتێكدا دێت كە كازمی نەیتوانی وەكو پێویست جڵەوی حكومڕانیی توند بكات. چرای ئومێدی چەند مانگێك گەش بوو، بەڵام ململانێی ناوخۆو هەرێمەكە كاریگەری خراپی لەسەر دروستكردو پێدەچێت تا وادەی هەڵبژاردن بەتەواوی كز ببێت و چانسی سەركەوتنی بۆ قۆناغی داهاتوو لاوازتر بێت.
2021 لەكاتێكدا دێت كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوام دەبێت كاریگەرییە نەرێنیەكانی لەسەر باری ئابوریی و تەندروستی لەعیراق بەردەوام دەبێت و ژیانی خەڵك ئاستەنگی زیاتر دەبێت.
ئەمانەی سەرەوە سەبارەت بەعیراقن، بەڵام ئەگەر دۆخی عیراق خراپ بێت ئەوا هەموو ئاماژەكانی ئێستا بەردەستن، پێمان دەڵێن دۆخی هەرێم خراپتر دەبیت.
2021 لەكاتێكدا دێت كە حكومەتی هەرێم لەساڵی رابردوو كە تەنها موچەی چەند مانگێكی بەنیوەناچڵی و هەندێكی تەنها لە 39% داوە. بۆ ساڵی داهاتوو ئاسۆی باشتربوونی ئابوریی لەهەرێمی كوردستان بەدیناكرێت و رۆشنایی باشتربونی دیار نییە. بەقسەی كاربەدەستانی باڵا، ساڵی نوێ وەك زستانێكی وشك كەم باران هەم گەلێك ساردو هەم گەلێك گران دەبێت بۆ خەڵكی كوردستان.
2021 لەكاتێكدا دێت كە بارودۆخی سیاسی لەهەرێمی كوردستان گەلێك ئاڵۆزە. نەك بەیەكەوە كاركردن و بڕیاردان، بەڵكو كۆبونەوەو دانیشتنی لایەنەكان تەنانەت پێكهێنەرانی حكومەتیش زەحمەت بووە. خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەكانی خەڵك ماوەیەكی كەمە بێدەنگ بووە. هەمووان لەچاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆكانن لەگەڵ بەغدا سەبارەت بەدابینكردنی موچە، ئەگینا دۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت.
بۆیە دەكرێت بڵێن، ساڵی 2020 چوار رۆژی دیكە تەواو دەبێت، بەڵام چارەسەری ئەم گرفتانەی ئێستا هەن، نەك تەواو نابێت، بەڵكو هێشتا زیاتر دەبێت و باری گرانی خەڵك، گرانتر دەبێت.