دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) شەھیدکردنی بەرپرسێكی باڵای پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ی لە ڕۆژئاوای كوردستان راگەیاند.
ئاوێنە: بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵووی فەرمیی توركیا، لە ئۆپەراسیۆنێكدا كەسێك بە ناوی (هایدار دەمیرلی) كە لەنێو پەكەكە بە (باگەر تورك) ناسرابوو، شەھیدکراوە.
ئەوەش ڕوون كراوەتەوە كە دەمیرلی لە ساڵی 2020ەوە، ئەوكاتەی كە بەرپرسی ناوچەی حەسەكە بووە، لە لایەن هەواڵگریی توركیاوە چاودێری كراوە و ئۆپەراسیۆنی كوشتنەكەشی لە كاتێكدا بووە كە ئەو مەشقی بە ژمارەیەك ئەندامی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) كردووە.
بەپێی هەواڵی ئەو ماڵپەڕە بێت، هایدار دەمیرلی بەلای توركیاوە لە چەند كردەوەیەك لە دژی سوپای ئەو وڵاتە تۆمەتبار كراوە كە لە ساڵانی نێوان 1997 تاوەكوو 2010 لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای هەتایا لە توركیا، شەمزینان و جۆلەمێرگ و چەند شوێنێكی دیكە.
هەمان ئاژانس ئاشكرای كردووە كە ئەو فەرماندەیەی پەكەكە، لە ساڵی 1993وە پەیوەندیی بە ڕیزەكانی ئەو حزبەوە كردووە، لە 1994 لەسەر دەستی عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە زانیاری و مەشقی بینیوە، لە 2000ەوە لە قەندیل بەرپرسیارێتی وەرگرتووە و لە 2014ەوە دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر ناوچەكە، پەڕیوەتەوە ڕۆژئاوای كوردستان و بەرپرسیارێتیی باڵای لەنێو هێزەكانی ڕۆژئاوا وەرگرتووە.