قەرەیلان: پەكەكە پێشتر لە رۆژاڤا كشاوەتەوە
  2025-01-11       411       

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە ئەو بانگەشانەی توركیا رەتدەكاتەوە كە دەڵێت، پەكەكە لە رۆژاڤا بونی هەیە. قەرەیلان دەڵێت، كاتی خۆی پەكەكە چۆتە رۆژاڤا لەوێ شەڕی كردوەو چەندین شەهیدیشی داوە، بەڵام پاشان لەوێ كشاوەتەوە. جەختیشدەكاتەوە كە لە ئێستا لە سوریا هیچ هێزێك توانای شكپێهێنانی هەسەدەی نییە.

ئاوێنە: موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەكەكە، لە بەشی دوەمی چاوپێكەتنێكدا كە لەگەڵ میدیای حزبەكەی ئەنجامی داوە لەبارەی پێشهاتەكانی سوریاو هەڕەشەكانی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر ناوچەكانی رۆژاڤا وتویەتی"لە پرسی کورددا ڕۆژاڤا پەنجەرەیەکی جیاوازە. لەوێ دۆخێکی شۆڕشگێڕانە هەیە كە سەرنجی ڕای گشتی جیهانی بۆ خۆی بەدەستهێناوە. هەمیشە دەڵێن، پەکەکە-پەیەدە-یەپەگە، بەڵام ئەمە تەنیا ناونیشانێكە، ئەمە زمانی شەڕی تایبەتە. وەک ئەوەی دەڵێن لەوێ کێشەکە پەکەکە نییە، لەوێ دۆخی ‘پەکەکە کردن بە کێشە’ لە ئارادایە."

هەروەها وتوشیەتی"پەکەکە كاتی خۆی چوە ئەوێ، یارمەتیدان و شەڕی کرد، نزیکەی دو هەزار شەهیدی لەوێ داوە، چەندین برینداری هەیە، بەڵام پاش ئەوە لەوێ كشایەوە. لە دۆخی ئێستادا ئەگەر هەندێک بریندار، کەمئەندام و کەسانێک لەوێ هەبن، ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە پەکەکە لەوێیە."

قەرەیلان وتوشیەتی"گومانی تێدا نییە کە قسەی لەم جۆرە بۆیە ئەکرێت بۆئەوەی دەوڵەتی تورک ئەوێ بکاتە ئامانج. لەوێ کورد، عەرەب، سریانی و ئەرمەنی هەن، سوپایەکییان هەیە کە پێکەوە دایانمەزراندوە، ئیدارەی هاوبەشیان هەیە، سیستەمێکی دیموکراتییان هەیە. سیستەمێک هەیە کە پشت دەبەستێت بە ئازادیی ژن و ئیکۆلۆژیا. دەوڵەتی تورکیش ڕقی لەمەیە و دەیەوێت لەناوی بەرێت. هەرخۆی بە ئاشکرا ڕایگەیاندوە کە دەیەوێت کۆتایی پێبهێنێت. بەڵام بە دڵنیاییەوە ناتوانێت لە ناوی بەرێت."

قەرەیلان ئاماژەی بەوەداوە كە هێزەكانی سوریای دیموكرات چەندین وانەیان لە ئەزموونەکانی ڕابردو وەرگرتوەو وتوشیەتی"واتە پڕۆسەی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی دوبارە نابێتەوە و شتێكی وا ئەستەمە."

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەو پێکهاتەیەی کە پێی دەڵێن سوپای نیشتمانی سوریاو توركیا پشتیوانی دەكات، هێزێکی میلیشیایە، هێشتا عەقڵییەتی دز و داگیرکردنی ماڵی خەڵکییان هەیە. ئەو هێزە بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت هەسەدە تێكبشكێنێت، چونكە ئەو هێزە لەو ئاستەدا نییە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "هەسەدە هێزێکە کە ئەزموونی هەیە و خەباتێکی ناوازەی لە دژی داعش كردوەو خۆی سەلماندوە. لە دۆخی ئێستادا هیچ هێزێک لە سووریا توانای شکستپێهێنانی هێزەکانی هەسەدەی نییە. چونکە لە ڕابردودا شەڕ لە نێوانیاندا ڕوویداوە و ئەم ڕاستییە دەرکەوتوە. لە مانگی ڕابردوودا ئەو شەڕانەی کە لە قەرەقۆزاق و تشرین و دێرحافیر ڕویاندا، ئەم دۆخەیان ئاشكراكرد."

بەقسەی قەرەیلان، لە بنەڕەتەوە پلانی چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی رژێمی ئەسەد لە 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردودا وەها بوە كە هێزەكانی تەحریری شام حەڵەب بگرن و لەوێوە بچنە حەماو گروپە چەكدارەكانی سەربە توركیاش ناوچەكانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بگرن.

قەرەیلان وتویەتی، تەحریری شام خۆی گەیاندە دیمەشق، بەڵام چەتەكانی توركیا هەتا قەرەقۆزاق و تشرین هاتن و لەوێ گیرییان خوارد.

وتوشیەتی، بە کورتییەکەی پرۆژەی دەوڵەتی تورک لە رۆژاڤا سەرنەکەوت. هێزەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خۆیان پاراست.

جەختیشی كردۆتەوە كە "پێویستە ئەمە بزانرێت: ئیدی کورد جۆری شەڕی خۆی پێشخستوە. خۆی گەیاندوە بە شەڕی ژێرزەمین و پێشخستنی شەڕی بەرگری ئاسمانی. بۆیە قسەی وەک ‘مشتی ئاسنینی دەوەشێنین و لەناوی دەبەین’ هیچ مانایەکی نییە. ئەو مشتە ئاسنینە پارچە پارچە دەبێت. ئەو عەیامە گوزەشت. ئیدی تەنیا ئێوە لە تەکنیک تێناگەن، هەندێک دیکەش لە تەکنیک تێدەگەن. لە هونەری شەڕ تێدەگەن و پێشی دەخەن. ئیدی کورد لە سیاسەتی دیبلۆماسیش تێدەگەن. پێویستە ئەمە بزانرێت. جا بۆیە کاتی قسەی وەک ‘گورز لە هەمو جێگەیەک دەدەین و تێیدەپەڕێنین’ بەسەرچوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×