قەرەیلان: تا ئێستا لە ئاستی دەوڵەتی توركیادا ئاماژەی پڕۆسەی چارەسەری نوێ بەدی ناكرێت
  2025-01-10       218       

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، رایگەیاند، تا ئێستا لە ئاستی دەوڵەت و دەسەڵاتی توركیادا ئاماژەی پڕۆسەی چارەسەری نوێ لەبارەی پرسی كورد بەدی ناكرێت. دەشڵێت، دەزانین بەرپرسانی دەوڵەت لە ئیمرالی چەند دیدارێكیان لەگەڵ ئاپۆ ئەنجامداوە بەڵام هێشتا خاوەنداری لەمە ناكەن. جەختیشدەكاتەوە كە ئەگەر توركەكان بە تاکتیکی شەڕی تایبەت پێداگری لەسەر شەڕ بکەن، ئەوا بێگومان توشی شکست دەبن.

ئاوێنە: موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای حزبەكەی، لەبارەی دیدارەكەی نێوان دەمپارتی و ئۆجەلان وتی"ئەمە لەڕوی ئاگاداربونمان لە تەندروستی ڕێبەرێتی و وەرگرتنی سڵاو و بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی سەبارەت بە پرۆسەکە لە ڕاگەیاندندا، بۆ پارتەکەمان و گەلەکەمان جێی خۆشحاڵی بو. ئەمە ڕەوشێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە. بە تایبەتی دیداری بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ زۆر گرنگە، بەو پێیەی پێشتر لە ڕابردودا چەندین جار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبونەتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. هەروەها بە وردی چاودێری ئەم پرۆسەیە دەکەین."

ئاماژەی بەوەشداوە "ڕێبەر ئاپۆ لە ماوەی 32 ساڵی ڕابردودا بەردەوام هەوڵی داوە چارەسەری سیاسی-دیموکراتی بۆ پرسی کورد بدۆزێتەوە، هەوڵیداوە هەمو دەرفەتەکان بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێنێت. ڕێبەر ئاپۆ، لە دوایین جاردا لەسەر بانگەوازی سەرۆکی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی، جارێکی دیکە دەیەوێت هەنگاو بنێت بۆ چارەسەری دیموکراتییانەی پرسی کورد.،"

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئێستا دەم پارتی زنجیرە کۆبونەوەیەک لەگەڵ چەند پارتێک ئەنجام دەدات. ئەمە کارێکی زۆر بەنرخ و گرنگە. ئێمە وەک تەڤگەرەکەمان بە فەرمی ڕامانگەیاندوە کە پشتیوانی ئەو پرۆسەیە دەکەین کە ڕێبەر ئاپۆ پێشی دەخات. تەڤگەرەکەمان و پارتەکەمان بۆ هەمیشە گرێدراوی ڕێبەر ئاپۆیە و باوەڕێکی پتەوی هەیە. لەم ڕوەوە هیچ کێشەیەک نییە."

جەختیشی كردۆتەوە "کاتێک مرۆڤ لە گرنگی پرسەکە و تایبەتمەندییە مێژویی و کۆمەڵایەتییەکانی دەڕوانێت، دەردەکەوێت کە ناکرێت بە مامەڵەی یەکلایەنە چارەسەر بکرێت. لەم بارەیەوە، تا ئێستە لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتەوە ئاماژەیەک نییە بۆ پرۆسەیەكی چارەسەری نوێ. بەپێچەوانەوە ڕۆژانە هەڕەشەی لەناوبردن و توندوتیژیمان لێ دەکەن. ئەمە ناکۆکییە. ئێمە لەم پێشهاتانە تێدەگەین کە بەرپرسانی دەوڵەت هەندێک دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی ئەنجام دەدەن، بەڵام دەوڵەت هێشتا خاوەندارییەکی ڕونی لێ نەکردوە."

قەرەیلان وتوشیەتی"پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ خوشک و برایەتی تورک-کورد لەم پڕۆسە مێژوییەدا هەوڵی ئاسایی نین، بەڵکو هەوڵی مێژویین. ئەمە بۆ ئایندە و بەرژەوەندیی هەمو کۆمەڵگەی تورکیا گرنگە. نابێت ئەم هەوڵە گرنگانە بێ وەڵام بمێننەوە. تا ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمی نەدراوەتەوە. لەبری ئەوەی وەڵامێکی ئەرێنی بدەنەوە، جوڵە و قسەگەلێک دەکەن کە دەبنە مایەی نیگەرانیی و مەترسیی قوڵ."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە"لە ڕاگەیاندنی ئازاددا، هەندێک نوسەر ئسلوبی ڕاگەیاندنی تورک بە "زمانی ژەهراوی" پێناسە دەکەن. زمانی ئەم ڕاگەیاندنانە، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە ئاکەپە، نەوەک هەر ژەهراوی، بەڵکو ئاژاوەسازە. هەڵوێست و مەیلێکی وەهایە، کە هەوڵەکان بۆ چارەسەر بێمانا دەکات و لەناوی دەبات و لەبری چارەسەر بەدوای شەڕدا دەگەڕێت. وەک زۆر جار وتراوە ئەم زمانە زمانی توندوتیژیی و دوژمنایەتیییە، خوشک و برایەتی لەگەڵ کورد و ئاشتی ناوخۆیی بەهێز ناکات."

وتوشیەتی"زاراوەی وەک "سەرکردەی تیرۆریست، بکوژی منداڵ" کە تا ئێستاش بۆ وەسفکردنی ڕێبەرمان بەکاریدەهێنن، تەنیا زمانی ئاژاوەگێڕی نییە؛ لە ڕاستییدا بێڕێزییە بەرامبەر ئیرادەی گەلەکەمان. پێناسەی وەها دژی مرۆڤێک کە گەلی کورد وەک ڕێبەری خۆی قبوڵی دەکات و باوەڕی پێیەتی، بێڕێزیی و سوکایەتیکردنە بە ئیرادەی گەلی کورد. مادام ڕێبەر ئاپۆ کەسێکی ئاسایی نییە، بەڵکو ڕێبەرێکە کە نوێنەرایەتی گەلێکی دێرین دەکات، بۆیە هەر قسەكردنێك بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ، قسەكردنە بەرامبەر تەواوی گەلەکەمان. بۆیە هەڵوێستی دورخستنەوەی ڕێبەرێتی و تەڤگەر و گەلی کورد لە یەکتر، سیاسەتی شەڕی تایبەتە، زمانی شەڕی تایبەتە."

وتوشیەتی"ئەو پێشهاتانەی لەگەڵ جەنگی جیهانیی سێیەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکەوتن، ئەوانی ناچارکرد لە دەرگای ڕێبەر ئاپۆ بدەن. وتیان ناچارن کە بچنە بەر پێی ڕێبەر ئاپۆ، کەچی لەولاوە هێشتا زمانی ڕق و سوکایەتی بەکاردەهێنن. ڕاگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆنیش ڕۆڵی هەیە و لەم ڕوەوە هەڵوێستی جیاواز نیشان دەدات."

قەرەیلان وتوشیەتی"ئەگەر وەک ئەوان دەڵێن تەڤگەری ئازادیی کوردستان بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت، یان وەک خۆیان دەڵێن تەڤگەرەکەمان بێکاریگەر کراوە، ئەوا پێویستیان بە شتێکی لەم جۆرە نەدەبو. لە ڕەوشێکی وەهادا نەدەچونە بەر دەرگای ڕێبەر ئاپۆ."

وتوشیەتی"ئاشکرایە کە تێکۆشانی ئێمە خاوەن هێز و ئیرادەیە و ئەکتەرێکی سەرەکییە لەو پرسەدا کە داهاتوی تورکیا دیاری دەکات. گوایە مەبەست لەمە ڕێکخۆشکردنە بۆ چەند پێشکەوتنێک، بەڵام ئسلوب و زمان و نزیکایەتییەکەیان پێچەوانەی ئەمەیە. هیچ پرۆسەیەک بەم زمان و نزیکایەتییە پێش ناکەوێت. بۆیە دەبێت ئەم ئسلوبە بگۆڕدرێت. ئەگەر لەم ڕوەوە، هەڵوێست و نزیکایەتییەکەیان بەرامبەر گەلی کورد جدی بێت و خواستی خوشک و برایەتی و ئاشتی ناوخۆییان هەبێت، هەر بە قسە نابێت، لانیکەم با سەرەتا زمانی شەڕی خۆیان و هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن. لەکوێی دنیا بینراوە، ئاشتی بە شەڕ و هەڕەشە بێتەدی؟"

جەختیشی كردۆتەوە كە "پێش هەمو شتێک، پێویستە بەرپرسانی تورک ئەمە بزانن: گەلی کورد کێشەی متمانەی لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەیە. سەرەتا ڕێوشوێنی دروستکردنی متمانە پێویستە. دەوڵەت دەبێ سەرەتا بە هەڵوێست و زمانی خۆی متمانە پەیدا بکات و دواتر هەنگاوی پراکتیکی بنێت. تا ئێستا گۆشەگیریی ڕێبەر ئاپۆ هەڵنەگیراوە، هێرش لە گۆڕەپانی سەربازی بەردەوامە، هێرشی ئاسمانی ڕۆژانە بەردەوامە، فشار و گرتن لە دژی گەلەکەمان بەردەوامە. بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی ڕاگەیاندنەکان، 65 کەس دەستبەسەر کراون و سیاسەتی فشاری فاشیستی بەردەوامە. لە ڕۆژئاوا ڕەوشی شەڕ هەیە و پێداگرن لەسەر هەڵوێستی شەڕ، بە واتایەکی تر بچوکترین گۆڕانکاری لە سیاسەتی توندوتیژی و لەناوبردن نییە. بۆ نمونە؛ جێگری سەرۆکی گشتی مەهەپە چەندین جار پرسی ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆش و بەساڵاچوی وروژاندوە. ئەمە شتێکە کە دەکرێت لە هەر وڵاتێک و بە شێوەیەکی ئاسایی ڕوبدات، بەڵام لە بەرەی ئاکەپەوە هیچ هەڵوێستێک نییە، گوێیان لێی داخستوە. ئایا نیاز و نزیکایەتی چارەسەر، بەم جۆرەیە؟ ڕونە کە هیچ شتێکی لەو جۆرە لە بەرەی ئاکەپەوە نییە."

هەروەها وتوشیەتی"لە ئێستەوە، لە چەپەوە بۆ ڕاست، زۆربەی سیاسەتی تورکیا، چارەسەری پرسی کورد لەو چارەسەرەدا دەبینن کە ڕێبەر ئاپۆ دەستنیشانی کردوە. بەگوێرەی چاودێرییەکانی ئێمە، سەرەڕای نزیکایەتیی نابوێرانە و هەڵوێستی لاواز، لێدوانی پشتیوانی بۆ پرۆسەکە سەری هەڵداوە. بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا، ئەو لایەنەی بە ئاشکرا هەڵوێست نیشان نادات و دەست لە زمانی شەڕ و توندوتیژی هەڵناگرێت و بەردەوامە لە شەڕخوازی، ئەردۆغان و ئاکەپەن. ڕەوشی ئێستە وا دێتە بەرچاو. ئێستەش لەبری ڕاستی، پەنا بۆ تاکتیک و زمانی شەڕی تایبەت دەبات. بۆ ڕەوشی چارەسەر دەبێت ڕاستییەکان ببینن. دەست لە زمان و هەڵوێست و پراکتیکی پێشویان هەڵبگرن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بە قسەی ناڕاست، هەوڵی پێچەوانەکردنەوەی پرۆسەکە دەدرێت. بۆ نمونە دەڵێن؛ "ئیتر پرسی کورد لەناو تورکیادا نەماوە، بەڵکو دەبێت پرسی کورد لە دەرەوە کە ئامانجی دابەشکردنی تورکیایە چارەسەر بکرێت". ئەم زمانە هەوڵدانە بۆ ئافراندنی تێگەیشتنێک کە بەپێی سیاسەتەکانیان دەڵێن؛ "پرسی کورد هەبو، بەڵام ئێمە چارەسەرمان کرد". چۆن چارەسەرتان کرد؟ لە ئێستادا نزیکەی 10 هەزار سیاسەتمەدار لە زینداندان. ڕۆژانە بۆردومان هەیە، فڕۆکە جەنگییەکان ڕۆژانە هێرش دەکەن و هەمو ڕۆژێک شەڕ ڕودەدات. ئەمە چ جۆرە چارەسەرێکە؟ ئایا دەکرێت پرسێکی کۆمەڵایەتی بە قڕکردن و توندوتیژی و کوشتن چارەسەر بکرێت؟ ئەمە چارەسەر نییە، خۆ ئاشکرایە."

هەروەك ئەو قسانەی توركیاشی رەتكردونەتەوە كە باس لەوە دەكەن پەكەكە و گەریلا لاواز بون و "ڕاستییەکان بەو شێوەیە نین و تەواو پێچەوانەکەیەتی. ئێمە لە باشترین و سەرکەوتوترین قۆناغی مێژوی تێکۆشانمانداین."

وتوشیەتی"ئەندامانی کۆنسەی فەرماندەییمان تا ئێستاش لە ناوچەکانی سنوری تورکیان و هێزەکانی گەریلامان لە سەرانسەری سنور جێگیربون. لەم بارەیەوە، ناتوانن بڵێن کۆتاییمان بە تەڤگەرەکە هێناوە. هەروەها ساڵانە چەندین چالاکی و پێکدادان ڕودەدەن. بۆیە لە باکوری کوردستان، واتە لەناو سنورەکانی تورکیادا شەڕ هەیە. ساڵانە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدرێن و ژمارەی سەربازەکانیان لە دە هەزار سەرباز تێدەپەڕێت."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە"بە هەمو هێزی خۆیان و بە بەکارهێنانی تەکنیک و چەکی قەدەغەکراو و چەتەکانی سوریا و هێزەکانی پارتی و دەوڵەتی عێراق، ویستیان لە زاپ و مەتینا ئەنجامێک بەرامبەر گەریلا بەدەست بهێنن. بەڵام کامە ئەنجام، چیان بەدەست هێنا؟"

ئەوەشی وتوە"هێزێکی بە ئەزمونی سەرکەوتوی پەکەکە هەیە کە هەموی لە گۆڕەپانەکانی شەڕەوە بەدەستی خستوە، لەمڕۆدا خاوەنی تەکنەلۆژیایەکە کە دەتوانێت تەکنیکەکانی دەوڵەتی تورک تێکبشكێنێت و لەم بابەتەدا پێشبکەوێت. لە ئێستادا خاوەنی ئەو هێزەین لە لایەنی تەکنەلۆژییەوە گورز بدەین لە هەمو دەرفەتەکانی دەوڵەتی تورک لە تەواوی باکوری کوردستان و هەتا هەندێک بەشی ئەنادۆڵی ناوەڕاست و دەریای ناوەڕاستیشی لەگەڵدابێت. گەر تا ئێستا ئەمەمان نەکردوە هۆکاری خۆی هەیە، بەڵام گەر پێویست بکات ئەوا ئەوە دەکەین. خاوەنی ئەو ئاستە تەکنەلۆژیایەین کە گورزە لە چەندین ناوەندی گرنگ و کاریگەری ئابوری و سەربازی بدەین. ئەو دەرفەتە تەکنیکییەمان لە دەستدایە. جا بۆیە نابێت بە هیچ شێوەیەک باسی دۆخی لاوازبون بکرێت. بەگوێرەی داتاکانی ئێستا قسەدەکەین. پڕوپاگەندەی زیادە ناکەین. بە گوێرەی داتاکان بە ڕونی باسی ئەمان دەکەین. گەر وەک ئەوەی پڕوپاگەندەی دەکرێت هێزەکانمان لاواز بون، ئەوا هەرخۆی تا ئێستا ئیمکانی مانەوەمان نەمابو."

وتوشیەتی"ئەردۆغان دەڵێت. 'یان چەکەکانتان دابنێن، یان لەگەڵ چەکەکانتاندا دەنێژرێن.' باشە ئەو کاتە ئەم پرسیارە ناکرێت ئەگەر هێزی ئەوەتان هەیە کە لەگەڵ چەکەكانیاندا بیان نێژن، خێرە تا ئێستا نەتان کردوە."

زۆرترین بینراو
فەرەنسا پۆستەری خامەنەئی بۆ فڕێدانی زبڵ‌و خاشاک بەکاردەهێنێت‌و ئێران ناڕەزایی دەردەبڕێت
ئیلهام ئەحمەد داوا لە فەرەنسا دەکات هێز رەوانە بکات
كەشناسی: سبەی باران دەبێت و لەم ناوچانەش بەفرێكی كەم دەبارێت
مه‌زڵوم عه‌بدى لەبارەی ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێستاى سوریا زانیاریى گرنگ ئاشكراده‌كات
مونیرە عەبدولعەزیز: ئەو بەرنامەیەی ئەحمەد شەرع هەیەتی ئەگەر وەک خۆی جێبەجێی بکات، ژنان سوودمەند دەبن
له‌هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ وەڵامێكى توندی حزبوڵڵاى لوبنان دەدرێته‌وه‌
مەزڵوم عەبدی: داوا لە ترەمپ دەكەم هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا بهێڵێتەوە
"تورکیا مەرجەکانى وەرگرتنى ڤیزا بۆ هاوڵاتیانی سلێمانى قورستر دەکات"
بافڵ تاڵەبانی: هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان
سەڵاحەدین بەهادین: پەیوەندییەكانم دەخەمە خزمەت چەسپاندنی مافی گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×