سەڵاحەدین بەهادین: پەیوەندییەكانم دەخەمە خزمەت چەسپاندنی مافی گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان
  2025-01-09       247       

سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان دەڵێت، پەیوەندییەكانی خۆی و حزبەكەی دەخاتە "خزمەتی چارەسەرکردن و چەسپاندنی مافی گەلی كورد لە رۆژئاوا و درێژەدان بە هەوڵەکانیان لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیاو بەرقەراركردنی ئاسایش و ئارامی هەرێم و ناوچەكە."

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەكتەبی سیاسی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان، لەدوای كۆنگرە، یەكەم كۆبونەوەی خۆی بە سەرۆكایەتی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی حزبەكە لە هەولێر ئەنجامدا.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، سەڵاحەدین بەهادین، لە كۆبونەوەكەدا جەختی كردۆتەوە كە "پەیوەندییەكانی یەكگرتو و خودی ئەمینداری گشتی دەخاتە خزمەتی چارەسەرکردن و چەسپاندنی مافی گەلەکەمان لە رۆژئاوا و درێژەدان بە هەوڵەکانیان لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و بەرقەراركردنی ئاسایش و ئارامی هەرێم و ناوچەكەو بەدەستهێنانی مافە رەواكانی گەلی كورد، لەو پێناوەشدا یەکگرتو چی لە توانایدا بێت درێغی ناکات ."

لەتەوەرەیەكی تری كۆبونەوەكەدا پرسی موچەو كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا تاوتوێكراون و جەختكراوەتەوە لەوەی كە "پێویستە هەردو حكومەتی هەرێم و بەغدا دەستوبرد بكەن لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و دابینكردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ هاوڵاتیان و موچەی فەرمانبەران بەشێوەیەكی مانگانە و بەبێ دواكەوتن و فەوتان دابەشبكەن."

مەكتەبی سیاسی یەكگرتو داواشی كردوە كە هەرچی زوترە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان پێكبهێنرێت و پەرلەمان كارا بكرێت و رۆڵی گرنگی خۆی ببینێ، هەروەها جەختیشی كردۆتەوە كە یەكگرتو لە كابینەی نوێی حكومەت بەشدار نابێت و درێژەدەدات بە رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی خۆی لە پەرلەمانی كوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×