فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا كاروانی ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانە دەكاتە ئامانج كە رویان لە بەنداوی تشرین كردبو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەپێناو راگرتنی هێرشی میلیشیاكان و سوپای توركیا. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان شەهیدو بریندار هەن.
ئاوێنە: بەگوێرەی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە كانتۆنەكانی حزیرە، رەققە، تەبقە و فوڕاتەوە بەرەو بەنداوی تشرین رێككەوتون بەمەبەستی ناڕایەتی دەبڕین لەپێناو راگرتنی هێرشی میلیشیاكان و سوپای توركیا بۆ سەر بەنداوەكەو پردی قەرەقۆزاق و دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان.
ئاماژە بەوەشدراوە، لە نزیك بەنداوی تشرینی كاروانێكی هاوڵاتیانی مەدەنی لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیاوە بۆردومان كراوە.
میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان هێمایان بۆ ئەوەش كردوە كە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، بۆردومانەكە شەهیدو برینداری لێكەوتۆتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕو، كاروانی ئەو هاوڵاتیانە كورد، عەرەب و سریانی تێدان و جەختیان لەوە كردۆتەوە كە بەنداوی تشرین دەپارێزن كە سەرچاوەی ئاو و ژیانە بۆیان.