رۆژنامەی (العرب) ڕایدەگەیەنێت، ئەو پەیوەندییانەی سەركردایەتی سیاسی توركیا لەگەڵ سەركردە سیاسیە حزبیەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامیدەدات، فشارێكی توند لەسەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان دروستدەكات، كە پەیوەندییەكی ئاڵۆزی هەیە لەگەڵ ئەنقەرە، بەهۆی نزیكی لە پارتی كرێكارانی كوردستان، وێڕای ئەوەی لەسەر بەرەی هاوپەیماننانی ئێران لە عێراق هەژمار دەكرێت.
ئاوێنە: رۆژنامەی (العرب) لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، رۆژی سێ شەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەركردە لە پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی توركیای كرد، هاوكات شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی نەوەی نوێش، لە ئەنقەرە لەلایەن بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی توركیاوە پێشوازی لێكرا.
ڕاشیگەیاند، فشارەكان لەسەر یەكێتی دەگەنە ئەوپەڕی و دەبێتە گورزێكی كەمەرشكێن بۆی، ئەگەر سەركرادایەتی توركیا بتوانێت كەلێنی نێوان حزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لێكنزیبكاتەوەو، هانیان بدات بۆ سازان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هۆكاری سەختیی پێكهێنانی حكومەت بەشێوەیەكی سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ پێداگری یەكێتی لە مەرجەكانی و، قۆستنەوەی بەدینەهاتنی زۆرینەی نیوە زائید یەكە لە پەرلەمان، كە كۆی كورسییەكانی سەد كورسییە.
ئەوەشی خستەڕو، ئەو مەرجە بەدینایەت لە دەرەوەی یەكێتی، تەنها لەكاتێكدا نەبێت حزبەكانی تر كە خاوەنی كورسی پەرلەمانن بچنە پاڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی (39) كورسیە، لە هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، لەسەروی ئەو هێزانەی دەتوانێت بەستەڵەكی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بشكێنێت جوڵانەوەی نەوەی نوێیە، كە خاوەنی (15) كورسی پەرلەمانەو لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، كە رۆژی سێ شەممە، دیدارێكی سەرنجراكێشی هەبوو لە ئەنقەرە لەگەڵ نوح یەڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا، ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ توركیا.
بەپێی راپۆرتەکە، حكومەتی ئەردۆغان تەنها بە فشاری سیاسییەوە ناوەستێت لەسەر حزبەكەی تاڵەبانی، پێشتر هۆشداری راشكاوی داوەتێ بە كردنە ئامانجی ناوچەكانی، بەهۆی هاوكاریكردنی لەگەڵ گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و كردنەوەی ناوچەكە بۆیان.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە بەرجەستەكردنی كرداریی ئەو هەڕەشانەشدا، فرۆكەی بێفرۆكەوانی توركیا لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی (2023)دا هێرشی كردە سەر فرۆكەخانەی عەرەبەت لە سلێمانی، بەهۆی بەكارهێنانی لەلایەن ئەو چەكدارانەوە، ئەوەش بەگوێرەی قسەی توركیا، ئەنقەرە لەبواری ئابوریشدا فشاری خستووەتە سەر یەكێتی و ناوچەكانی دابڕوین، لەچوارچێوەی ئەوەدا بڕیاری گەمارۆی لەسەر فرۆكەخانەی سلێمانی نێودەوڵەتی بۆ جاری چوارەم تازەكردووەتەوە، لەساتەوەختی سەپاندنی گەمارۆكەوە.