ئەمینداری پێشوتری حزبوڵڵا: سەری ماری كورد ببڕن كێشەكانی سوریا چارەسەر دەبێت
  2025-01-07       1764       
سوبحی توفەیلی، ئەمینداری پێشوتری حزبوڵڵای لوبنان

ئەمینداری پێشووتری حزبوڵڵای لوبنان ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی كوردەكانی سوریا داوای دەكەن كوردەكانی توركیا و عێراق و ئێران خەونی پێوەنابینن و دەیانەوێت سەروەت سامانی سوریا تاڵان بكەن، هەروەها دەشڵێت "سەری ماری كورد ببڕن كێشەكانی سوریا چارەسەر دەبێت".

ئاوێنە: سوبحی توفەیلی، ئەمینداری پێشوتری حزبوڵای لوبنان هاوکات یەكێكیشە لە پیاوە ئاینینەكانی شیعەی ئەو وڵاتە و لەچەند رۆژی رابردوودا لە كەناڵەكەی لەسەر سەكۆی یوتیوب وتی "كوردەكان هەوڵی وێرانكردنی سوریا دەدەن، داوای پشكی خۆیان دەكەن، دەڵێن سیستمێكی فیدراڵیمان دەوێت، داواكاری زۆریان هەیە، سیستمێكیان دەوێت هاوشێوەی عێراق و سوریا، دەیانەوێت سوریا بسڕنەوە".

ئەو ئەمیندارەی پێشووی حزبوڵڵا رونیشیکردەوە "كوردەكان لە توركیا زۆرن، لە عێراق و ئێرانیش زۆرن، لەگەڵ ئەوەشدا خەون بەشتێكی لەوشێوەیەوە نابینن، هەرگیز خەونیشی پێوەنابینین، برایان (دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا) پێویست ناكات سوریا ببێتە كەرەستەیەكی قێزەون بەدەستی زایۆنی و ئەمریكا و دوژمنانتانەوە".

وتیشی "ئەو خەڵكانە چاویان لەسەر كەمێك نەوتی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا و كەمێك ئاوی دیجلە و فورات یان هەندێك بەربومی كشتوكاڵیە، دەیانەوێت سوریا تاڵان بكەن. كارەكە بەو ئاسانیە نیە، هەموو ئەوانەی هێرش دەكەنەسەر مافی سوریا لە ژیانێكی شەرفمەندانە، دەبێت روبارێك خوێن باجەكەی بدەن".

"رێگەم بدەن بە سوریا بڵێم؛ سەری ماری كوردی ببڕن، سەری ماری كورد ببڕن، بە بڕینی سەری ماری كورد، تەواوی كێشەكانی سوریا كۆتایدێت". سوبحی توفەیلی، ئەمینداری پێشوتری حزبوڵڵای لوبنان وا دەڵێت
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×