شەوی ڕابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، ئەم كۆبوونەوەش دوو ڕۆژ پێش سەردانەكەی سودانییە بۆ تاران، هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر پەسەندكردنی هەموواری یاسای باری كەسی كرایەوە.
ئاوێنە: چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی لایەنە شیعییەكان و تاوتوێ كردنی چەند پرسێك، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، شەوی ڕابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامدا بۆ تاوتوێكردنی گرنگترین پرسە ناوخۆییەكان و ناوچەیی و پێشهاتە نێودەوڵەتییەكان.
ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی ناوچەكەی تاوتوێ كرد، هەروەها ستایشی ڕۆڵی هێزە ئەمنییەكان و سوپای عێراقی كرد لە پاراستنی ئاسایشی وڵاتدا.
چوارچێوەی هەماهەنگی جەختیكردەوە لە گرنگی پەسەندكردنی ئەو یاسا گرنگانەی كە هاوڵاتییان چاوەڕوانییان كردووە، لەوانەش پەسەندكردنی یاسای باری كەسی.
ئەم كۆبوونەوەش لە كاتێكدایە، بڕیارە سبەینێ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی تاران بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی هاوبەش و ناوچەیی، بەپێی زانیارییەكانیش یەكێك لە لەو بابەتانەی تاوتوێ دەكرێت، هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبییە.