کچە مۆدێل و هاوەڵی دووەمی پێشووی شاجوانی کوردستان میریان قادر ڕایدەگەیەنێت" بەبێ فەرمانی دادوەر برایەکم لەلایەن ئاسایشەوە لە سلێمانی دەستگیرکراوە".
ئاوێنە: میریان قادر، کە کچە مۆدێلێکی شاری سلێمانیە و هاوەڵی دووەمی پێشووی شاجوانی کوردستانە، درەنگانی شەوی ڕابردوو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئینستاگرام) تۆمارێکی ڤیدیۆی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" هێزێكی ئەمنی گەورە بە سێ ئۆتۆمبێلەوە کە سەرجەمیان چەکداری ئاسایش بوون هەڵیانكوتایە سەر ماڵی من لە سلێمانی و برایەکی منیان دەستگیرکردووە و برا و برازام بەدوایاندا ڕۆیشتوون و كەس نازانێ لە كوێن و مۆبایلیان لە براژنم بردووە".
بەپێی وتەی میریان، چەند کاتژمێرێک پێشتر مۆبایلیان لە براكەی وەرگرتووە کە هەموویان پشكنیووە، بەبێ فەرمانی دادوەر.
هەر لە ڤیدیۆکەدا میریان قادر پەیامێک ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی دەکات و دەڵێت" تۆ مایکت شکاند لە سلێمانی بۆ چاکسازی و یاسا، بەڵام کوا یاسا و چاکسازی؟، لە ساڵی ٢٠٢٥ین تاوانی برای من چییە؟ تەنها لەبەر ئەوەی برای میریانە و پارتییە؟ یانی پارتێکان لە سلێمانی دەبێت لەو ئاستەنگییە بژین".
هەروەها میریان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەکات بێنە سەرهێڵ و دەڵێت" سەلامەتی ژیانی براکەم لە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانییە، ئەگەر براکەم هەر شتێکی لێبێت، سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاگادار دەکەمەوە، ئەوەی لە سلێمانی ڕوویداوە شەوێکی دیکە لە ماڵی هەمووان ڕوودەدات".
تائێستا دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی بڵاونەکردووەتەوە.
میریان قادر ساڵی (١٩٩٢) لە سلێمانی لە دایکبووە و پیشەی ئەندازیارە، ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ بە ھاوەڵی دووەمی شاجوانی کوردستان ھەڵبژێردرا، لهوکاتەوە میریان بۆته كهسێكی چالاك له تۆڕه كۆمهڵایهتیهكان و ئێستا وهك ئافرهتێكی خاوهنكار كاری بزنس دهكات.