پێشەوا هەورامانی: كشانەوەی كورد لە بەغدا دور نییە و مەحاڵیش نییە
  2025-01-08       626       

وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ كشانه‌وه‌ی كورد له‌ به‌غدا دور نییە و مه‌حاڵیش نییه‌ و ئەگه‌ر مامه‌ڵه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ به‌غدا به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت.

ئاوێنە: پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی‌ حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ میدیای پارتی‌ رایگەیاند"وه‌زاره‌تی دارایی عێراق پابه‌ندی بڕیاری دادگای فیدراڵی نه‌بوه‌، پابه‌ندی هیچ رێككه‌وتنێك نه‌بوه‌ له‌ باره‌ی ناردنی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیراندا هه‌م سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و هه‌م جێگره‌كه‌ی‌ پێیانوابو كه‌ له‌ ساڵی‌ نوێدا نابێت به‌مجۆره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم بكرێت".

وتیشی، هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ "تیمێكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ پله‌باڵاكان كه‌ له‌ به‌غدا پله‌ و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ و له‌ناو حكومه‌تی‌ عێراقدا پۆستی‌ باڵایان هه‌یه‌، به‌منزیكانه‌ دانیشتنێكیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان".

وته‌بێژی‌ حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند كه‌ "كشانه‌وه‌ له‌ به‌غدا دور نییه‌ و مه‌حاڵیش نییه‌ و ئه‌گه‌ر مامه‌ڵه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ به‌غدا به‌مجۆره‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌گه‌رێكه‌ روبدات."

پێشەوا هەورامانی لەبەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا لەبارەی موچەی مانگی 12ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە، وتی، "دوایین قسەی وەزیری دارایی عێراق بۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان  ئەوەبوە کە موچەی مانگی 12ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکەن."

جەختیشی كردەوە كە موچەی مانگی 12 لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە.

هەروەها لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش، پێشەوا هەورامانی وتی، ساڵی ڕابردو داهاتی ناوخۆ سێ تریلیۆن و 600 ملیار دینار بوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×