شارەزایەكی بواری كەشناسی رایگەیاند، رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتو شەپۆلێكی مامناوەندی باران بارین ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوەو پلەكانی گەرماش 3 تا 4 پلە نزم دەبنەوە.
ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئێوارەی رۆژی شەممەی ھەفتەی داھاتو ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی مامناوەندی بارانبارینەوە لە ئەنجامی ھاتنی نزمەپاڵەپەستۆیەک لە دەریای ناوەڕاست و ھاتنی ھەوایەکی کەمی شێدار لە دەریای سورەوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، کاریگەری ئەم شەپۆلە بەشێوەیەکی بەگشتی 10 بۆ 14 کاتژمێر دەخایەنێت و تا بەیانی رۆژی یەکشەمە 12/1/2025 بەردەوام ئەبێت.
بەپێی قسەی ئاراس جەبار، لەماوەی شەپۆلەكەدا، ئەگەری بارانبارینی باش و مامناوەند لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و دھۆک و سنوری ئیدارەی سۆران ئەبێت بەرێژەی 10 تا 15 ملم و لەناوچەکانی پارێزگای ھەولێر و کەرکوک و ھەڵەبجە و گەرمیان کاریگەری کەمتر ئەبێت و بەجیاوازی شوێنەکان بارانی کەم بۆ مامناوەند ئەبارێت بەرێژەی 2 تا 7 ملم و پلەکانی گەرماش 3 تا 4 پلە نزم دەبنەوە.
ئەو شارەزایە پێشبینیشی كردوە، دوابەدوای ئەم بارانە ئەگەر ھەیە کۆتایی ھەفتەكەش بارانێکی دیکە لە باکورەوە ڕوبکاتە ناوچەکانمان.