ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی دەڵێت: پێویست بە هیچ ترسێک لە دەسەڵاتی ئەحمەد ئەلشەرع ناکات، ئەو بەرنامەیەی ئەلشەرع هەیەتی ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکات یەکەم چینی سودمەند ژنان دەبن.
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، مونیرە عەبدولعەزیز، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: لە ئیسلامدا مافی ژنان، منداڵ و هەموو مرۆڤ و تەنانەت ئاژەڵ و ژینگەش پارێزراوە، ئەو ترسەی بۆ سوریا باس دەکرێت ترسێکی لە خۆڕایە، : پێویست بە هیچ ترسێک لە دەسەڵاتی ئەحمەد ئەلشەرع ناکات، ئەو بەرنامەیەی ئەلشەرع هەیەتی ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکات یەکەم چینی سودمەند ژنان دەبن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، ئەحمەد ئەلشەرع چەند جار دڵنیایی داوە لە سوریای نوێدا مافی هەموو نەتەوە و چین و توێژەکان و ئاینەکان پارێزراو دەبێت، خۆ ئەوەی مافی ژن و منداڵ پێشێل دەکات خودی دەوڵەتە زلهێزەکان خۆیانن، ئیسڕائیلە کە ئەو کۆمەڵکوژییە لە غەزە دەکات.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەربارەی حوکمی تورکیاش باس لەوە دەکات، ئەوەی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان یان هەرکوێ دەیکات، خۆ تورکیاش بە یاسای ئەتاتورک ئەو کۆمەڵکوژی و شەڕانە دەکات، بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە.