مەزڵوم عەبدی: داوا لە ترەمپ دەكەم هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا بهێڵێتەوە
  2025-01-09       418       

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە داوا لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا دەكات، هێزەكانی وڵاتەكەی لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا بهێڵێتەوە. دەشڵێت، كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا رەنگە ببێتە مایەی گەڕانەوەی چەندین گروپ لەنێویاندا داعش و ئەوەش سەربكێشێت بۆ پشێوی و شەڕی ناوخۆ چونكە چەندین گروپ هەڕەشە لە كورد دەكەن.

ئاوێنە: مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، بە رۆژنامەی "زە گاردیەن"ی راگەیاندوە، رێكخراوی داعش لە ناوچەكانی بیابانی سوریا بەهێز بۆتەوە ئەوەش لەدوای ئەوەی دەستی گرتوە بەسەر ئەو چەكانەی لە دوای كەوتنی رژێمەكەی بەشار ئەسەد بەجێماون و هەروەها هێزە كوردییەكانیش لە سوریا لەلایەن توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتەوە روبەڕوی گوشاری زیاتر بونەتەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، هۆكاری سەرەكی سەقامگیری لە ناوچەكانی ئەوان، بونی هێزەكانی ئەمریكایە و وتوشیەتی، ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا كە ژمارەیان دو هەزار سەربازە بكشێنرێنەوە، ئەو كارە دەبێتە مایەی گەڕانەوەی چەندین گروپ لەنێویشیاندا داعش.

ئاماژەی بەوەشداوە، رێكخراوی داعش پلانی ئەوەیان هەبو كە هێرش بكەنە سەر ئەو ناوەندانەی كە زیندانییەكانی داعشیان تێدایە، ئەوەش بە سودوەگرتن لەو راستییەی كە هێزە كوردییەكان بەشێوەیەكی سەرەكی سەقاڵن بە بەرگریكردن لە ناوچەكانیان لەبەرامبەر هێرشی توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتە.

مەزڵوم عەبدی پێی وایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لەو مەترسییانە تێدەگات كە كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە ناوچەكە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

فەرماندەی گشتی هەسەدە وتوشیەتی، ئیدارەكەی بایدن سەرنجی لەسەر هەوڵەكانی نێوەندگیریی بوە لەنێوان توركیاو دەسەڵاتی كوردی لە سوریا. ئاماژەی بەوەشداوە كە دۆخی نێوان كوردەكانی سوریاو توركیا "تاڕەدەیەك سەقامگیرە" لەگەڵ ئەوەی شەڕێكی سنوردار تەنیا لە دەوروبەری فوڕات هەیە.

مەزڵوم عەبدی پێشی وایە كە ئایندەی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكەیان كە ناوچەیەكی ستراتیژییە، پەیوەستە بە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەوێ. وتوشیەتی، كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكرێت ببێتە مایەی "دروستكردنی پشێویەكی دیكەو ئەوەش سەربكێشێت بۆ شەڕی ناوخۆ چونكە چەندین گروپ هەڕەشە لە كورد دەكەن."

عەبدی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا داوای پشتیوانی وڵاتانی ئەوروپای كردوەو وتوشیەتی، هەسەدە تەنیا لەپێناو گەلەكەی و هێزەكانی خۆی شەڕی نەكردوە، بەڵكو لەدژی داعش بە نوێنەرایەتی وڵاتانی ئەوروپا شەڕی كردوە.

عەبدی وتوشیەتی، هاوپەیمانە ئەوروپییەكان لە ئێستادا دەستبەرداری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش نابن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×