فەرەنسا ئەمڕۆ پۆستەرێکی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێرانی لەچوارچێوەی هەڵمەتێکدا لابرد کە داوای فڕێدانی زبڵو خاشاکی دەکرد، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران ناڕەزایی دەربڕی.
ئاوێنە: شارەوانی شاری بێزیێرس هەڵمەتێکی دەستپێکرد بەمەبەستی فڕێدانی پاشماوەی خاشاک، لەم هەڵمەتەدا وێنەی خامنەیی، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیاو کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور بەکارهات. پۆستەرەکە لەهەژماری فەیسبووکی شارەکەو لەسەر ٧٠ پاس کە لەشارەکەدا هاتوچۆیان دەکرد بڵاوکرایەوەو نووسرابوو: "بیرت نەچێت زبڵو خاشاکەکانتان فڕێبدەن".
سەرۆکی شارەوانی بێزیێرس، ڕۆبەرت مێنارد کە لەڕاستی توندەڕەوەو دەڵێت "مەبەست لەهەڵبژاردنی وێنەی ئەو سێ سەرکردەیە بۆ ئەم هەڵمەتە گاڵتەجاڕییە".
بەڕێوەبەری گشتیی ئەوروپای ڕۆژئاوا لەوەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەم کارەی شارێکی فەرەنسای ئیدانە کردو وتی "سووکایەتی بەبەها پیرۆزەکان و کەسایەتییەکانی وڵاتەکەمان دەکات"و بە"پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماو ڕێسای پەسەندکراوە نێودەوڵەتییەکان"ی ناوبردو داوای لەحکومەتی فەرەنسا کرد "رێوشوێنی گونجاو بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لەدووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کردەوە نابەرپرسانەیە".