رۆژی شەممە ئەردۆغان سەردانی ئامەد دەکات‌و وتارێک دەربارەی پرۆسەی ئاشتی دەدات
  2025-01-09       242       

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی شەممەی داهاتوو 11ی 1، سەردانی شاری ئامەد دەکات‌و سەبارەت بەپرۆسەی ئاشتی قسە دەکات.

 

ئاوێنە: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی 11ی 1، سەردانی ئامەد دەکات‌و بەشداری لەکۆنگرەی لقی ئامەدی ئاکەپە دەکات. 

میدیاکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن ئەردۆغان بەو بۆنەیەوە وتارێک دەدات‌و هەڵوێستی خۆی سەبارەی بەو پرۆسەیەی ئاشتییە دەرببڕێت کە چەند مانگێکە لەتورکیادا گفتوگۆو مشتومڕی لەسەر دەکرێت‌و جێی پرسیاری ناوەندە سیاسیەکانەو تا ئێستا بەنهێنی‌و ناڕوونی ماوەتەوە.

پرۆسەی ئاشتی لەمانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا. بەبانگەوازی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەبە دەستیپێکرد، دوای ئەو بانگەوازە شاندێکی دەم پارتی، کە بەشاندی ئیمرالی ناودەبڕێت‌، سەردانی ئۆجەلانیان کرد لەزیندان، پاشان بەیاوەری ئەحمەد تورک سەردانی لایەنە سیاسیە سەرەکیەکانی تورکیایان کرد.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان تا ئێستا جگە لەسوپاسکردنی دەولەت باخچەلی کە بانگەوازی پرۆسەی ئاشتی کردوە، هیچ لێدوانێکی لەمبارەوە بەڕاشکاویی رانەگەیاندووە.

میدیاکانی تورکیا دابەشبوون بەسەر دوو بۆچووندا، بەشێکیان پێیانوایە ئەردۆغان رۆژی شەممە خاوەندارێتی لەپرۆسەکە دەکات‌و بەشێکیشیان پێیانوایە ئەردۆغان دەستی لەپرۆسەکە دەشواو خۆی ناکات بەخاوەنی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×