بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ نوێنەرانی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان رایگەیاند، لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان هەماهەنگ دەبین تاوەکو لەچوارچێوەی یاسا و رێکارەکاندا کێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان چارەسەر بکرێت.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان چاویکەوت بە نوێنەرانی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا نوێنەرانی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لە راپۆرتێکدا کێشە و داواکارییەکانیان خستەڕو و راشیانگەیاند، پابەندی رێنمایی و رێکارە یاسایی و ئەمنییەکان دەبن و هاوکاری تەواوی دەزگای ئاسایش و سەرجەم دامەزراوەکان دەبن بۆ پاراستنی ئارامیی سلێمانی.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی پشتیوانیی خۆی بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دوپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، خۆمان بە پارێزەری سەرجەم خەڵکی کوردستان دەزانین بەهەمو چین و توێژەکانییەوە، ئەرکی ئێمە پاراستنی ماف و بژێویی ژیانی خەڵکە و رێگەنادەین غەدر و ناحەقی بەرامبەر هیچ کەسێک بکرێت.
بافڵ تاڵەبانی وتیشی، لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان هەماهەنگ دەبین تاوەکو لەچوارچێوەی یاسا و رێکارەکاندا کێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان چارەسەر بکرێت، بێگومان پابەند بە رێنماییەکانی هاتوچۆ و ئاسایش ئەم کارە دەکرێت و دەبێت یاسا وەک یەک بەسەر هەمواندا جێبەجێبکرێت.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، نابێت لە کوردستان مافی هیچ توێژێکی کۆمەڵگە پێشێلبکرێت و نادادییان بەرامبەر بکرێت، پشتیوانیی هەموان دەبین و هەرێمێکمان دەوێت تێیدا هەموان هەست بە ئارامی و پارێزراوی بکەن و رێز لە مافەکانیان بگیرێت.