هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند ژمارەی کوژراو و بریندارانی میلیشیاکانی سەر بە تورکیا لە منبج گەیشتە ١٠٠ سەرباز و ژمارەیەک تانک و ئۆتۆمبێلیشیان تێکشکاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکانی دوێنێی باکووری بەنداوی تشرین و باشووری ڕۆژهەڵاتی منبجدا ٦٣ چەکداری میلیشیاکانی سەر بە تورکیا کوژران و ٣٧ی دیکەش برینداربوون کە برینی زۆربەیان سەختە.
ئەوەشی خستەڕوو کە دوێنێ میلیشیاکان بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگی و درۆنەکانی تورکیا هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر گوندەکانی تەل زمالە و عەلوش و تەل عەریش و گردی سیریتەل ئەنجام دا کە دەکەونە دەوروبەری بەنداوی تشرین و باشووری ڕۆژهەڵاتی منبجەوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات توانییان هێرشەکە تێکبشکێنن کە تا دوێنێ شەو بەردەوام بوو و جگە لە بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوەکان بۆ ٦٣چەکدار، تانکێک و پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازیی تێکشکێندران و گورز لە سێ زرێپۆشیش وەشێندرا.