دەم پارتی جەخت دەكاتەوە كە کەس ناتوانێت پارتەكەیان وەك دژی پڕۆسەی "چارەسەری" لە توركیا نیشان بدات و دەشڵێت، داوا لە هەموان دەكەین لە هەڵوێستەكانیاندا بەرامبەر ئۆجەلان بە جددی مامەڵە بکەن.
ئاوێنە: نوسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا وتی، چاوپێکەوتنی شاندی ئیمرالی دەم پارتی لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان، لە ڕای گشتییدا دۆخێکی ئەرێنی دروستکرد، هیوای کۆمەڵگای گەورەتر کرد، پارتەکەمان لەبەر تێکۆشانی ئاشتیی و چارەسەری ساڵانێکی درێژە باجێکی قورس دەدات، پارتەکەمان نەک تەنیا ئەکتەرێکی سیاسیی ئەم پرۆسەیەیە، لە هەمان کاتدا کارەکتەری پرۆسەکەشە، لەبەر ئەوە پارتەکەمان دژی شەڕە و لەگەڵ ئاشتیی و چارەسەریدایە، کەس ناتوانێت ئەم ڕاستییە پێچەوانە بکات و هەڵسەنگاندنی جیاوازی بۆ بکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئێمە ئاگاداری ئەو کەسانەین کە بە سوربونەوە هەندێک هەڵسەنگاندنی پارتەکەمان و کەسە سیاسییەکانمان وەک 'هەڕەشە' و 'دەم پارتی دژی پرۆسەکەیە' پیشان دەدەن، ئەم کەسانە، لە ئێستاوە هەوڵ دەدەن بیانوی هەڵاتنی خۆیان ئامادە بکەن، بەڵام کەس ناتوانێت لەمە ئەنجام وەربگرێت، کەس ناتوانێت دەم پارتی وەک 'دژی پرۆسەکە' پیشان بدات.
ئەوەشی خستۆتەڕو"ئێمە باش دەزانین کێ دژی چارەسەرییە، ئەو کەسانەی سەرەڕای هەڵوێستی پۆزەتیڤ و هەوڵەکانی پارتەکەشمان سوکایەتی دەکەن، ئەوانەی هەمو ڕۆژێک هەڕەشە لە گەلان دەکەن، گەورەترین دوژمنی چارەسەری و پرۆسەکەن."
جەختیشی كردۆتەوە"ئۆجەلان بە فیداکاری و بڕیارێکی گەورەوە لە پرۆسەکە نزیک دەبێتەوە، ئێمە، لە بابەتی هەڵوێست بەرامبەر بەڕێز ئۆجەلان داوا لە هەمو کەسێک دەکەین کە بە جددی مامەڵە بکەن."
ئەوەشی وتوە"با کەس فێڵبازانە متمانە بە دەسەڵاتی میدیایی خۆی نەکات و هەوڵی خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی نەدات، گەلەکەمان کە داوای چارەسەر دەکات، ڕێگە بەم کردەوە هەرزانانە نادات."
وتوشیەتی"بێگومان چارەسەرییەکی دیموکراتی و ئاشتییەکی شکۆدار دێتە ئەم خاکە، دەم پارتی ڕێگە نادات دەوروبەر ئەگەری چارەسەریی ژەهراوی بکەن، پارتەکەمان لە هەمو کاتێک زیاتر بە هەستیارییەوە نزیک دەبێتەوە و هەمو بەرپرسیارێتی پرۆسەکە لە ئەستۆ دەگرێت."
لەكۆتاییشدا هێمای بۆ ئەوەش كردوە "پارتەکەمان داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەکات کە بە هەستیارییەوە مامەڵە بکەن و واز لە هەڕەشەکان بهێنن."