بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسێک دوو شەپۆلی بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە.
ئاوێنە: ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی بڵاویکردووەتەوە کە " ئێوارەی شەمەی ھەفتەی داھاتوو ١١ی کانونی دوویمی ٢٠٢٥ ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی مامناوەندی بارانبارینەوە لە ئەنجامی ھاتنی نزمەپاڵەپەستۆیەک لە دەریای ناوەراست و ھاتنی ھەوایەکی کەمی شێدار لە دەریای سوورەوە".
ئاشکراشی کردووە کە کاریگەری ئەم شەپۆلە بەشێوەیەکی بەگشتی ١٠ بۆ ١٤ کاتژمێر دەخایەنێت و تا بەیانی رۆژی یەکشەمە ١٢ی مانگ بەردەوامی ئەبێت ، ئەگەری بارانبارینی باش و مامناوەند لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و دھۆک و سنوری ئیدارەی سۆران ئەبێت بەرێژەی ١٠ تا ١٥ ملم و لەناوچەکانی پارێزگای ھەولێر و کەرکوک و ھەڵەبجە و گەرمیان کاریگەری کەمتر ئەبێت بەجیاوازی شوێنەکان بارانی کەم بۆ مامناوەند ئەبارێت بەرێژەی ٢ تا ٧ ملم".
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەشکردووە کە پلەکانی گەرماش ٣ تا ٤ پلە نزمەبێتەوە و دوابەدوای ئەم بارانە ئەگەر ھەیە کۆتای ھەفتەکەش بارانێکی دیکە لە باکورەوە ڕووبکاتە ناوچەکانمان".