مەسرور بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرە کۆبوونەوە، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، هەردوولا جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردووەتەوە.
ئاوێنە: حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی راگەیەندراوێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوە دوو قۆڵیەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی ئاشکراکردووە و تیایدا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سووریا تاوتوێ کران".
ئەوەش هاتووە "جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستور و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا".
لەبارەی دۆخی سووریاشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەدا رایگەیاندووە "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنی ئارامی و ئاسایش و مافی گشت پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە".
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە، ٧ى کانونی دووەمى ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیای کرد و لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.