بەپێی قسەی سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیاو نوسینگە گەشتیارییەكانی سلێمانی توركیا وەرگرتنى ڤیزاى بۆ هاوڵاتیانی سلێمانی قورستر كردوە.
ئاوێنە: عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا و نوسینگە گەشتیارییەکانى سلێمانى بە میدیای یەكێتی راگەیاند"وەرگرتنى ڤیزاى تورکیا بۆ گەنجەکان قورسترە و ئەگەر چەند مەرجێکیان تێدانەبێت، ناتوانن ڤیزا وەربگرن، کە لەگەڵ مەرجەکانى ڤیزاى شنگن جیاوازییان نییە، چونکە داواى تاپۆى خانویان لێدەکرێت، لەگەڵ پشتگیریى شوێنى ئیشەکەى و داهاتەکەى و ئامانجى سەردانەکەى بۆ تورکیا".
وتیشى، "هاوڵاتیانی سنورى پارێزگاى سلێمانى بەزۆرى داواکردنی ڤیزایان رەتدەکرێتەوە، بۆیە بەناچارى پەنا بۆ شوێنەکانى دیکە دەبەن بۆ وەرگرتنى ڤیزا کە لە هەندێک شوێن نرخەکەى گەیشتوەتە نزیکەى سێ هەزار دۆلار".
عەتا ئەنوەر، ئاماژەى بەوەشکرد، "ماوەى زیاتر لە شەش مانگە تورکیا ڤیزاى بۆ دو تەمەنى جیاواز هەڵگرتوە بەجۆرێک ئەو کەسانەى تەمەنیان لە سەرو 50 ساڵییەوەیە لەگەڵ ئەو کەسانەى تەمەنیان لە خوار 15 ساڵییە بەبێ ڤیزا دەتوانن سەردانى تورکیا بکەن".
وتیشی"ئەو بڕیارە لەگەڵ باشییەکانیدا گرفتى بۆ ژمارەیەک خێزان دروستکردوە، چونکە منداڵەکانیان ئەوانەى تەمەنیان لەسەرو 15 ساڵییەوەیە قبوڵ ناکرێن، کە ئەوەش رێگرە لە گەشتى ئەو خێزانانە بۆ تورکیا".
بەوتەى عەتا ئەنوەر، لە مانگى ئابى ساڵى 2024ـەوە تورکیا بەتەواوى گۆڕانکارى لە شێوازى پێدانى ڤیزا بە هاوڵاتیانی هەرێمى کوردستان و عێراق کردوە و ڤیزاکە لە یەک جۆرەوە کراوە بە سێ جۆر و نرخەکانیشیان جیاوازە کە لە 145 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 185دۆلار، بەراورد بەساڵانى رابردو نرخەکان زیادیکردوە.
لە سلێمانی نزیکەی 150کۆمپانیا و نوسینگە مامەڵەی وەرگرتنی ڤیزا و تکتی فڕۆکە بۆ گەشتیاران دەکەن، بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی کۆمپانیا و نوسینگە گەشتیارییەکان، پێش راگرتنی گەشتەکان، رۆژانە هەریەکەیان بە تێکڕا نزیکەی 150دۆلار تەنیا لە وەرگرتنی تکت بۆ گەشتیاران قازانجیان دەکرد، بەڵام لەماوەی ساڵێک و نۆ مانگ راگرتنی گەشتەکاندا زیاتر لە 14ملیۆن دۆلار لە راگرتنی تکتەکاندا زیانیان بەرکەوتوە.
رۆژی 3ـی نیسانی 2023، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ ماوەی سێ مانگ راگرت، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا چەند جارێک سزاکانى بۆ سەر فڕۆکەخانەکە درێژ کردوەتەوە.