ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ تەواوبوونی جومعەدا لەزۆربەی ناوچەکانی هەرێم نوێژە بارانە ئەنجامدرا و نزا بۆ بارینی باران کرا.
ئاوێنە: ئەمە لەکاتێکدایە، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی بڵاویکردبۆوە، تێکڕای باران بارین لە سنووری سلێمانی 675 ملمە، و ئەوەش بڕێکی کەمە و مەترسی وشکەساڵی بەدوای خۆیدا دێنێت.
هەر ئەمڕۆ، لە پاش نوێژی عەسر، ژمارەیەک لە دانیشتوانی ناحیەی عەربەت لە زەوییەکی چۆڵی ناحیەکە کۆبوونەوە، و سەدان کەس لە تەمەنە جیاوازەکان کە ژن و منداڵیشیان لەنێودا بوو، بەشداریان لەو نوێژە بارانەدا کرد و، دەستی نزا و پاڕانەوەیان بەرزکردەوە بۆ ئەوەی خودای گەورە بارانی بەڕەحمەت ببارێنبێت.
وەک نەریتێکی جوانی ئایینی ئیسلام، ساڵانە لە کاتی دواکەوتنی باران، موسڵمانان لە دەرەوەی مزگەوتەکان و لە دەشتەکاندا کۆدەبنەوە بۆ نوێژ کردن و پاڕانەوە لە خودای گەورە بۆ ئەوەی باران ببارێنێت.