فەرمانگەی داواكاری گشتی گەرمیان سكاڵا لەسەر دۆسیەی ئەو كۆمپانیایە دەجوڵێنێت كە لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارەدا نوسراوی پشتگیری بۆ بازرگانان كردوە و بەرهەمی میوەی هاوردەی بە بەرهەمی ناوخۆیی بۆ حساب كردون.
ئاوێنە: بەگوێرەی نوسراوێكی فەرمانگەی داواكاری گشتی گەرمیان كە ئاڕاستەی دادگای دەسپاكی لە گەرمیان كردوە، فەرمانگەكە هەستاوە بە جوڵاندنی سکاڵا دژ بە کۆمپانیای "سروشتی زنانە" کە کاری تاقیگەی کشتوکاڵی لە عەلوەی کەلار بەڕێوەدەبات.
پێشتر بەڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، لە نوسراوێكدا رایگەیاندبو، کۆمپانیایەک بەناوی "سروشتی زنانە" کە کاری تاقیگەی بەروبومی کشتوکاڵیی لە عەلوەی کەلار بە گرێبەست پێدراوە، لەبەرامبەر پارەدا بەرهەمی هاوردە بە خۆماڵیی هەژمار دەکات.
نوسراوەکە ئاماژەی بەوەشدابو کۆمپانیاکە لەبەرامبەر وەرگرتنی 25 هەزار دینار، نوسراوێکی پشتگیری بۆ هەر بارهەڵگرێک دەکات کە بەرهەمی (کاڵەک و شوتی) بارکردوە بەوەی بارەکەی بەرهەمی کشتوکاڵیی ناوخۆییە، لەکاتێکدا بەرهەمەکە هاوردەیە.
كشتوكاڵی گەرمیان هێمای بۆ ئەوەش كردبو، ئەو کارە بەناوی وەزارەتی کشتوکاڵ و بەڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی گەرمیانەوە دەکات، کارەکەش پێچەوانەی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانە و کۆمپانیاکە بۆی نییە نوسراوی پشتگیری بکات و کاری ئەو نییە.
باسی لەوەش كردبو كە پێشتر كۆمپانیاكە لەسەر ئەو کارەی بانگهێشت کراوە و ئاگادارکراوەتەوە، ئەویش بە نوسراوی فەرمی بەڵێنی داوە کە کاری وانەکات، کەچی دواتر بەردەوام بوە.
کشتوکاڵی گەرمیان لە نوسراوەكەیدا كە ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی كردبو، داوای كردوە ئەو پارەیەی کۆمپانیاکە لە خاوەن بارەکان وەریگرتوە لێی بسەنرێتەوە و بکرێت بە داهات بۆ حکومەت و کۆمپانیاکەش ئاگادارکردنەوەی پێبدرێت.