وەزیری دەرەوەی تورکیا باس لەوە دەکات کەلە سوریا فەڕەنسا هیچ رۆڵێکی نییە، هەروەها دەشڵێت کە تەنیا دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەکەن.
ئاوێنە: هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئیستەنبوڵ بە ڕۆژنامەنوسانی وت کە فەرەنسا لە ناوچەکە هیچ رۆڵێکی نییە و وتیشی "ئەنکەرە تەنها دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا دەکات سەبارەت بە دۆخی هێزە کوردییەکان. ئەمەریکاش هەوڵیداوە ڕێگری لە کردەوەی سەربازیی تورکیا بکات دژی هێزە کوردییەکان لە باکوری سوریا".
هاوکات فیدان پاریسی تۆمەتبارکرد بەوەی کە چاوپۆشی لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئەنکەرە دەکات و بە گاڵتەجاڕیەوە داوای لە فەرەنسا کرد هاوڵاتییانی خۆی کە بەهۆی ئەندامبوون لە گرووپە توندڕەوەکان لە سوریا زیندانی کراون بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێنێتەوە.
هەوڵی نێودەوڵەتی دراوە بۆ رازیکردنی تورکیای ئەندام لە ناتۆ هێرشەکانی بۆسەر هێزەکانی سوریای دیموکراتیک زیاتر نەکات، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هاوپەیمانی ئەمەریکان و رۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە شەڕی دژ بە داعشدا.
زۆرێک لە رۆژئاوا هێزەکانی سوریای دیموکراتی بە هێزێکی گرنگ دادەنێن لە دوورخستنەوەی تیرۆریستاندا. بەڵام تورکیا بە هەڕەشەیەکی ئاسایشی سەیرییان دەکات بەهۆی ئەوەی کە دەڵێت؛ گوایە پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە هەیە.
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ڕەوانەکردنی هێزەکانی ئەمەریکا و فەڕەنسا بۆ باکووری سوریا بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ کورددا، فیدان هەر جۆرە ڕۆڵێکی فەڕەنسای بە دوورزانی.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەشی خستووەتە روو "ئەمریکا تاکە گفتوگۆکارمانە. بەڕاستی ئێمە حیساب بۆ ئەو وڵاتانە ناکەین کە هەوڵدەدەن لەڕێی خۆشاردنەوە لە پشت ئەمەریکاوە بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە سوریا بەرەوپێشەوە ببەن".
جێی ئاماژەیە، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) سەرپەرشتی دەیان زیندان دەکەن کە هەزاران چەکداری داعش و خێزانەکانییانی تێدا بەندکراوە.