هاکان فیدان ڕایگەیاند: ''پێویستە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەستێوەردان نەکات و دەرفەت بە دەسەڵاتی ئێستای سووریا بدات لەبارەی چؤنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ هێزە کوردییەکانی ئەو وڵاتە."
ئاوێنە: وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ هەینی 10ی کانوونی دووەمی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند کە دەبێت دەرفەتێک بدرێتە بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سوریا بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ بوونی هێزە کوردییەکاندا بکات و بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکات لە وڵاتەکەدا و گوتیشی ئەگەر سوریا ئەو کارە نەکات، ئەوا سوپای تورکیا بەو مەبەستە هەنگاو دەنێت.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەواناندا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە وتی، "هیچ گۆڕانکارییەک دەربارەی ئەو کەسە نییە و ئێستاش وا لە ئیمراڵییە".
هەرچی لەبارەی پارتی كرێكارانی كوردستانەوەیە وتی، "وەک دەزانن پەکەکە پەیوەندی لەگەڵ چەند وڵاتێک هەیە، رێکخراوێکی لەو جۆرە کە ئەو هەموو پەیوەندییەی هەیە تاوەکو چەند گوێ لە رێنماییەکانی رێبەرەکەی دەگرێت پێشتر ئەزموونمان کردووە".
روونیشیكردوەوە، "پێشتر رێبەرەکەیان فەرمانی چەکدانان و چوونە دەرەوەی لە تورکیا کرد، کشانەوەی پەکەکە دەستیپێکرد بەڵام بە بیانووی رووداوەکانی سووریا کشانەوەیان راگرت".
ئاماژەی بەوەشكرد، "وا دوای 11 ساڵ هەمان سیناریۆ هاتووەتە مەیدان، ئایا گوێ لە رێبەرەکەیان دەگرن؟ ئەوە بژاردەی خۆیانە، بەڵام ئێمە وەک دەوڵەت لەسەر ئەو ئەگەرانە هەنگاو نانێین، بەڵکو لەسەر حساب و کتابی ئەقڵانی کار دەکەین".
وەزیری دەرەوەی توركیا جەختی لەوەشكردەوە، "بۆیە ئێمە شیکردنەوەی مەترسی ئامێزی خۆمان دەکەین، دوای ئەوە بیر لەوە دەکەینەوە بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسییەکان پێویستمان بەچی هەنگاوێکی دیپلۆماسی و رێگەی هەواڵگری و سەربازی هەیە".
بڵاویبکەرەوە لە
لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە لەلایەن یاخیبووەکانەوە کە هەندێکیان چەندین ساڵە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت، ئەنکەرە بەردەوام وتوویەتی کە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد دەبێت هەڵبوەشێندرێتەوە. یەکینەکانی پاراستنی گەل لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە شەڕی دژ بە داعشدا.
فیدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەستەنبوڵ ڕایگەیاند و وتی "لە ئیدارەی نوێدا ئەجێندایەک هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو داگیرکاری و تیرۆرەی کە یەپەگە لە ناوچەکەدا دروستیکردووە."
وتیشی "ئێمە پێمان وایە کە پێویستە دەرفەتێکیان پێبدرێت بۆ ئەوەی درک بەم شتە بکەن، ئێمە ئێستا چاوەڕێی ئەمە دەکەین."
ئەنکەرە هەڕەشەی ئەوە دەکات ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێن، ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هێزە کوردییەکان کە کۆنترۆڵی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریایان بە دەستەوەیە،هێرشی سەربازی ئەنجامبدات.
فیدان ئاماژەی بەوەشکرد و وتی "پێم وانییە هیچ کێشەیەک لەگەڵ ئەمەریکا دروست بێت بۆمان ئەگەر بەرەنگاری تیرۆر لە سوریا ببینەوە، ئەمە سەرەڕای پاڵپشتیکردنی یەپەگە لەلایەن ئەمەریکاوە. تەنانەت ئەگەر ئەمە بابەتێک بێت بۆ ئیدارەی داهاتووی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، دانۆڵد ترامپ.