مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە لە كۆبونەوەی نێوان حكومەتی هەرێم و بەشێك لە نوێنەرانی كورد لە بەغدا رایگەیاند، رەفتاری ئێستای بەغدا بەرامبەر بە هەرێم ستەمكارانەیەو ئەو رەفتارەش قبوڵكراو نییە. جەختیشی كردەوە كە دەبێت پەیوەندیی نێوان بەغداو هەولێر راست بكرێتەوە.
ئاوێنە: پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، كۆبونەوەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەشێك لە نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەستی پێكرد.
لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی رایگەیاند"ئێمە گەیشتوینەتە ئەو قەناعەتەی كە ئەو رەفتارەی بەغدا ئێستا لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات، رەفتارێكی ستەمكارانە و نادادپەروەرانەیەو قبوڵكراویش نییە."
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا كە دەبێت پەیوەندیی نێوان بەغداو هەولێر "راست بكرێتەوە"و "دەستورێکمان هەیە و دەبێت پابەندی ئەم دەستورە بین."
هێمای بۆ ئەوەش كرد، هەر كاتێك دادگای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بڕیاری دابێت، بەربەستی بۆ دروستكراوە.
مەسرور بارزانی وتیشی "دەبێت ئێمە لە ساڵی 2025 کارێکی وا بکەین لەو دڵەڕاوكێ دەرونییە دەربچین. خەڵکی ئێمە موستەحەقی ئەوە نییە بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. خەڵکی کوردستان موستەحەقی ئەوەیە ڕێز لە خەبات و قوربانیدانی بگیرێت وەکو هەمو خەڵکی دیکەی عێراق."
سەرۆكی حكومەتی ئاماژەی بەوەشدا "ئێمە داوای یەکسانی و مافە دەستورییەکانی خۆمان دەکەین و داوا دەکەین چ لە ئاستی ئیداری، چ لە ئاستی تەشغیلی بە هەمو جۆرێک، هەمومان، هەمو هەوڵێکی خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانین ئەم کێشە و گرفتانەی هەن ڕاست بکەینەوە و ئیتر پەیوەندییەکی تەندروست لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست ببێت."