كۆبونەوەكەی تەیف سامی و لیژنەی دارایی بێ ئەنجامبوو
  2025-01-11       1374       

كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق "بێ ئەنجامبووە"، سەبارەت بە مووچەی مانگی ١٢ش بەوتەی ئەندامێكی لیژنه‌ی دارایی بەغدا، كورتهێنان لە پارەكەی بەغدادا هەیە و "ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەغدا ئەو پارەیە بنێرێت".

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە ئیخلاس دلێمی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق لەسەر فراکسیپنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد "ئەو پارەیەی كە بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی ناردووە هێشتا ٤٥٠ بۆ ٦٠٠ ملیار دینار كورتهێنان هەیە".

دلێمی زیاتری ئاشکراکرد "پشكی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2024ی عێراقدا 20 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام تەنها زیاتر لە 10 تریلیۆن نێردراوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و مووچەی پێ دابەشكراوە".

سەبارەت بە مووچەی مانگی ١٢ەشەوە، بەوتەی ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بێت، ئەو پارەیی بەغدا بۆ هەرێمی ناردووە، كورتهێنانی هەیە و بەو شێوەیە هەرێم ناتوانێت مووچەی مانگی ١٢ی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی بدات، وتیشی "بۆیە پێویستە عێراق هەرێم پارەدار بكات و ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەغدا ئەو پارەیە بنێرێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە ساڵی دارایی كۆتایهاتووە، بەڵام حكومەتی عێراق دەتوانێت پارەی كۆتا مانگی ساڵی ڕابردوو بۆ هەرێم بنێرێت، چونكە "ئەوە ئەركە و بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی ڕوونە و دەبێت مووچە بنێرێت".

لایخۆیەوە د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە كۆبونەوەكەیاندا لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، بڕیاردراوە بە دروستكردنی لیژنەیەك بۆ بەدواداچون بۆ كێشەی مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو.
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×