سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی حكومەتی هەرێم و بەشێك لە نوێنەرانی كورد لە بەغدا، رایگەیاند، چارەسەركردنی موچە كۆبونەوەی ناوێت، بەڵكو پابەندبون بە رادەستكردنی داهاتی دەوێت.
ئاوێنە: سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە پەیامێكدا لە فەیسبوكی خۆی، وتی"چارەسەرکردنی موچە کۆبونەوەی ناوێت، بەڵکو ڕاستگۆیی لە کردار و پابەندبون بە تەسلیمکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتیەکانی دەوێت."
فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق یەكێكە لەو فراكسیۆنانەی كە بەشداری لەو كۆبونەوەیە نەكردوە كە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە هەولێر، لەنێوان حكومەتی هەرێم و بەشێك لە نوێنەرانی كورد لە بەغدا، دەستی پێكرد.
سروە عەبدولواحید وتوشیەتی"ئەوەی لە هەرێم ئەگوزەرێت بڕینی قوتی خەڵکە لەلایەن دەسەڵاتەوە و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی کوردستانە، تەنیا بڕیار ئەوەیە داهات بدرێتە بەغدا، جارێکی تر دەسەڵاتدارانی هەرێم فرسەتی باشکردنەوەی بارودۆخی ئابوری هاوڵاتیانیان لەدەستدا."
سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشداوە "بەغدا مانگانە نزیکەی ترلیۆنێك دیناری ناردوە بەڵام کەوتۆتە دەستی بێ ویژدانەکانی دەسەڵات."