جۆن بۆڵتن، بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا هۆشداری مەترسیدار دەدات لە كشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای كوردستان.
ئاوێنە: دوێنێ هەینی جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە تەلەفزیۆنی "حوڕە" هۆشداری دا لە مەترسی كشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای كوردستان و هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر ئەم هەنگاوە بنێین، ئەوە دەبێتە "لێدانی کورد". بەتایبەتی لەگەڵ مەترسی هەڵاتنی چەکدارانی داعش لەو زیندانانەی کە هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" بەڕێوەی دەبەن.
بۆڵتن وتیشی "روخانی ئەسەد رەنگە دۆخی باکوری وڵات و رۆژئاوای كوردستان ئاڵۆزتر بکات، بەتایبەتی كە ئەوە لەبەرژەوەندیی تورکیا دایە لە ناوچەکەدا".
راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رەخنەی لە سیاسەتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا گرت، کە هەڕەشەی دەستپێکردنی لەشكركێشی دەكات لە رۆژئاوای كوردستان، و وتی "هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی خواستی عوسمانییەکان، و دەستی بۆ رۆژئاوای كوردستان و باکوری سوریا درێژبکاتەوە، ئەو هەنگاوە لەچوارچێوەی پلانی ناتۆ نییە، سەرەڕای ئەندامێتی تورکیە تێیدا".
وتەکانی جۆن بوڵتن لەکاتێکدایە، تورکیا بەردەوامە لە هەڕەشەکانی بۆ دەستپێکردنی لەشكركێشی لە رۆژئاوای كوردستان، کە لە دوای روخانی رژێمی پێشووی سوریا لە کانونی یەکەمی رابردوو هێرشەكانی چڕتركردووەتەوە.