بۆ ئەوەی گرفت بۆ تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی خوێندکاران دروست نەبێت مامۆستایان بەکاتی بایکۆتیان شکاند و چوونەوە هۆڵەکانی خوێندن، بەڵام بەپێی وتەی دڵشاد میرانی مامۆستای ناڕازی "لە دەستپێکی وەرزی دووەمی خوێندن بە فۆڕم و میکانیزمێکی نوێ دەست بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان دەکەینەوە و بایکۆت رادەگەیەنین".
ئاوێنە: دڵشاد میرانی، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاوێنەی وت "بۆیە تاقیکردنەوەکانمان بەئەنجام گەیاند، چونکە تەواوکاری خولی یەکەم و درێژە پێدەری خوێندنی مانگەکانی ٩و ١٠و ١١ بوو لەهەرێمی کوردستان، بۆیە پێمان باشبوو تاقیکردنەوەکان لەکاتی خۆیدا بەئەنجام بگەیەندرێت".
وتیشی "بەڵام لەدەستپێکی وەرزی دووەم خۆپیشاندان و فشار و ناڕەزایەتییەکان وە بایکۆت لە هەرێمی کوردستان دووبارە دەستپێدەکاتەوە بە فۆڕم و میکانیزمێکی نوێ، تاوەکو فشاری جدی لە حکومەتی هەریم بکات کە بەهۆش خۆیان بێتەوە".
میرانی لەو ناڕەزایەتییانەیاندا لەلایەک بۆ مووچەی مانگی ١٢یە کە بەوتەی خۆی حکومەت "بەبارمتە گرتویەتی و لە قورگیان دەریدەکەن، هاوشێوەی مووچەی مانگی ١٠ و ١١ کە بەفشاری شەقامی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئەنجامدرا". لەلایەکی دیکەشەوە لیژنەیەکیان دروستکردووە لەسەر تەوتین و جارێکی دیکە سەردانی لایەنە عێراقیەکان دەکەنەوە کە ٢٦٠ هەزار واژۆی رەتکراوەی (هەژماری من)ـیان لەبەردەستە.
سەبارەت بەچوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانیش، ئەندامەکەی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی ئاشکرایکرد "ناڕەزایەتییەکان خۆی لەچەند تەوەرێک دەبینێتەوە، گرنگترینیان تەوتینکردنە و پێدانی مووچەی مانگی ١٢یە، وە بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست، لەگەڵ گەڕانەوەی دوو هەزار و ٦٣٠ مامۆستای وانەبێژ کە لابرابوون لە مامۆستایەتی و دەگەڕێندرێنەوە بۆ ناو پڕۆسەی پەروەردە".