عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان نامەیەك ئاڕاستەی ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتی ئیدارەی نوێی سوریا دەكات و دەڵێت، "خوازیارین گەلی كوردمان خۆشی لە بون و مافەكانی ببینێ لە چوارچێوەی حوكمڕانیی داهاتو لەژێر سەركردایەتیی دانایانەتاندا."
ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، دەقی ئەو نامەیەی بڵاوكردەوە كە عەلی باپیر دوێنێ ئاڕاستەی ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتی ئیدارەی نوێی سوریای كردوە.
عەلی باپیر لە نامەكەیدا پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع كردوە بە بۆنەی "سەركەوتن بەسەر ڕژێمی دیكتاتۆریی فەوتاودا، ڕژێمی حوكمڕانیی بەشار ئەسەدی بەعسی" و وتویەتی"ڕزگاركردنی سوریا لە ژێر نیری ئەو ڕژێمە تاوانكار و خۆسەپێنەر و پێشێلكارەی مافی گەلانی سوریا، هەنگاوێكی گرنگە، بەڵكو بازدانیكی جۆرییە بۆ خەڵكی سوریا و، شۆڕشگێڕانی بە سەركردایەتیی ئێوە بەرەو ئازادیی."
عەلی باپیر وتوشیەتی"ئومێدمان وایە ئەو كاروانە بەپیت و فەڕە بەردەوام بێت بۆ تەواوكردنی بەدەستهێنانی خواستەكانی گەلانی سوریا و، دەستەبەركردنی مافەكانی هەمو هاوڵاتییان بە عەرەب و كورد و هەمو خەڵكی ئەو وڵاتە، تاك تاك و پێكهاتەكان، مسوڵمانان و ئەوانی دیكەش، لەژێر چەتری سەروەریی یاسا و هاوڵاتییبون."
عەلی باپیر لە بەشێكی دیكەی نامەكەیدا وتویەتی"لە خوا "سبحانه وتعالی" دەپاڕێینەوە سەركەوتوتان بكات بۆ هەر شتێك كە لە سودی ئایینەكەی و بەندەكانیدایە، لە بنیاتنانەوەی سوریایەكی گەشەسەندو لەژێر سایەی حوكمڕانییەكی مسوڵمانانەی دادگەر، دور لە خۆسەپاندنی پێكهاتەیەك بەسەر ئەوانی دیكەدا."
هەروەها وتوشیەتی"خوازیارین گەلی كوردمان خۆشی لە بون و مافەكانی ببینێ لە چوارچێوەی حوكمڕانیی داهاتو لە ژێر سەركردایەتیی دانایانەتاندا."
دەقی نامەكە:
بۆ برای فەرماندە ئەحمەد شەرع
فەرماندەی گشتیی بەڕێوەبردنی سوریا
السلام عليكم ورحمة الله وبركاته
خۆشحاڵم كە ئەم نامەیەتان بۆ دەنێرم، پاش پیرۆزبایی لێكردنتان بە سەركەوتن بەسەر ڕژێمی دیكتاتۆریی فەوتاودا، ڕژێمی حوكمڕانیی بەششار ئەسەدی بەعسیی، ئەو ڕژێمەی كە خراپە و تاوانكاریی لە زەویدا بڵاوكردەوە و، تاڵاوی زەلیلیی و ڕیسوایی بە گەلانی سوریا چێژت بە هەمو پێكهاتەكانیەوە.
ڕزگاركردنی سوریا لە ژێر نیری ئەو ڕژێمە تاوانكار و خۆسەپێنەر و پێشێلكارەی مافی گەلانی سوریا، هەنگاوێكی گرنگە، بەڵكو بازدانیكی جۆرییە بۆ خەڵكی سوریا و، شۆڕشگێڕانی بە سەركردایەتیی ئێوە بەرەو ئازادیی، ئومێدمان وایە ئەو كاروانە بەپیت و فەڕە بەردەوام بێت بۆ تەواوكردنی بەدەستهێنانی خواستەكانی گەلانی سوریا و، دەستەبەركردنی مافەكانی هەمو هاوڵاتییان بە عەڕەب و كورد و هەمو خەڵكی ئەو وڵاتە، تاك تاك و پێكهاتەكان، مسوڵمانان و ئەوانی دیكەش، لەژێر چەتری سەروەریی یاسا و هاوڵاتییبون.
ئێوە ئەمڕۆ - وەك لەلاتان ڕونە - لە قۆتاغی بەڕێوەبردنی وڵاتدان كە جیایە لە قۆناغی شۆڕش، لەبەر ئەوە لە خوا "سبحانه وتعالی" دەپاڕێینەوە سەركەوتوتان بكات بۆ هەر شتێك كە لە سودی ئایینەكەی و بەندەكانیدایە، لە بنیاتنانەوەی سوریایەكی گەشەسەندو لەژێر سایەی حوكمڕانییەكی مسوڵمانانەی دادگەر، دور لە خۆسەپاندنی پێكهاتەیەك بەسەر ئەوانی دیكەدا و، خوازیارین گەلی كوردمان خۆشی لە بون و مافەكانی ببینێ لە چوارچێوەی حوكمڕانیی داهاتو لە ژێر سەركردایەتیی دانایانەتاندا، وەك خوا "سبحانه وتعالی" دەفەرموێ: (وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا)، واتە: (گێڕاومانن بۆ چەندان نەتەوەو هۆز تاکو پێك ئاشنابن)، بەڵام ڕژێمی لەناوچو نكوڵیی لە ناسنامەی گەلی كورد كرد و، هاوڵاتییانی كوردی بێبەش كرد لە سادەترین مافی هاوڵاتییبون، وەك: داڕنینیان لە ڕەگەزنامەی سوریی و، بەڵگەنامەی هاوسەرگیریی و، نەڕەخساندنی هەلی دامەزراندنیان بەو بڕوانامە زانكۆییەی كە دوای چەندین ساڵ خوێندن بەدەستیان دەهێنا.
لە خوای پەروەردگار دەپاڕێینەوە كە سوریای نوێ و وڵاتی شام بپارێزێت لە بۆسەی پیلانگێڕان و پیلانەكانیان و، بیگەیەنێتە كەناری ئارامیی و سەقامگیریی.
والسلام عليكم ورحمة الله وبركاته
براتان
عەلی باپیر
سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان / عێڕاق
11 / ڕەجەب / 1446 ك
11 / 1 / 2025 ز