بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، ئەندامی خێزانێك بەهۆی بونی كێشەوە ئاگری لە ماڵەكەیان بەرداوەو بەهۆیەوە دو ئەندامی خێزانەكە توشی بورانەوە بون و رەوانەی نەخۆشخانە كراون.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی سۆران، لە راگەیەندراوێكدا وتی، سەعات 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، ئاگادارکراینەوە بەبونی ڕوداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە مالێک لەقەزای ناوەندی سۆران گەرەکی نەورۆز، دەستبەجێ تیمەکانمان کە پێکهاتبون لەشەش تیم دەرچون بۆ شوێنی ڕوداوەکە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، بەهاوکاری دراوسێکانی ماڵەکە، توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، زیانی ماددی بەر ماڵەکە کەوت و دو لە ئەندامانی ئەم خێزانە توشی حاڵەتی بورانەوەو لەهۆشخۆچون بون و لەلایەن تیمەکانمان ڕەوانەی نەخۆشخانە کران بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
ئەوەشی خستۆتەڕو، روداوەکە بە دەستی ئەنقەست لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی خودی ئەم خێزانە بەهۆی بونی کێشەیەکەوە، دروستکراوە.