فراکسیۆنی یەکێتی: پێدەچێت جارێکی تر ئاستەنگ لەبەردەم هەمواری یاسای بودجە دروست بكرێت
  2025-01-12       176       

بڕیارە سبەی دوشەممە هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم خوێندنەوەی دوەمی بۆ بکرێت، بەڵام بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەڵوێستە زبرەکانی ئەم دواییەی هەرێم دژی حکومەتی ناوەندی ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی بەربەست لەبەردەم هەمواری یاساکە دروستبکات، تێنەپەڕاندنی هەمواری یاساکەش دەبێتە ڕێگر لەبەردەم فرۆشتنی نەوتی هەرێمدا.

ئاوێنە: کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سبەی خوێندنەوەی دوەم بۆ یاسای بودجە دەکرێت، ئەگەر هەموارەکە قبوڵ نەکرێت، بەتایبەت لە ئێستادا کە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا لە قۆناغێکی تردایە، حکومەتی هەرێم دەڵێ دەکشێینەوە و سیاسەتی حکومەتی ناوەندی سیاسەتێکی ستەمکارانەیە، واتە پەیوەندییەکان خراپن و گرژی هەیە، دەبێ چاوەڕوانی ئەوەبکەین یاساکە کێشەی بۆ دروست ببێت یاخود تێنەپەڕێت."

وتیشی،"ئەگەر وابێت، ئەو کاتە کێشەی فرۆشتنی نەوت وەک خۆی دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ هەرێم جۆرێک لە ئاسۆ دەداتە هەرێم، چونکە پێدەچێت حکومەتی ناوەندی ئەوەندە نەڵێت هەر پارە دەنێرین و هەرێم داهاتمان ڕادەست ناکات، ئەوکاتە بۆ هەرێم کرانەوەیە."

پێشتر نەتوانی خوێندنەوەی دوەم بۆ هەمواری یاساكە ئەنجام بدرێت بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیش هۆکارەكەی دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی،"هەندێ لایەن ڕەزامەند نەبون کرێی فرۆشتنی بەرمیلێک لە نەوتی هەرێم 16 دۆلار بێت و پێیان وابو ئەوە غەدرە لە حکومەتی ناوەندی دەکرێت."

کاروان یاروەیس وتی،" هەرچەندە پرۆژە یاساکە بە فلتەری ئەنجومەنی وەزیراندا تێپەڕی بو، زۆربەی لایەنە سیاسیەکان ئۆکەیان لەسەر کردبو، دەبو پێش دەستپێکردنی پشوی وەرزی یاسا دانان پرۆژە هەموارەکە تێپەڕێت، بەڵام کێشەی بۆ دروستکرا و ڕێگە بە تێپەڕاندنی نەدرا."

وتیشی،" بەڵام پێم وایە ئیرادەیەکی بەهێز هەیە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، ئەم بڕگەیە هەموار بکرێت و ئیرادەیەک هەیە پێی وایە نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە بڕوات لە سۆمۆوە نەک شوێنی تر."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×