وەفدی ئیرالی دەم پارتی سەردانی سیاسەتمەداری زیندانیکراو فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆكی پێشوی هەدەپەیان كرد. یوكسەكداغ پێی راگەیاندون، لەگەڵ پڕۆسەی چارەسەریدان و هەرچییەك بكەوێتە سەر شانی ئەوان بە خۆشحاڵییەوە جێبەجێی دەكەن.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەكشەممە، وەفدی ئیمرالی دەم پارتی کە لە سری سورەیا ئۆندەر، پەروین بولدان و ئەحمەد تورک پێکدێت، سەردانی بەندیخانەی کۆجاعەلییان کرد و لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە دیداریان كرد، وەفدەکە هەروەها چاویان بە سەمرا گوزەل پەرلەمانتاری پێشوی هەدەپە کەوت.
وەفدەكە دوای سەردانەكەیان لەوبارەیەوە لێدوانیان بۆ رۆژنامەنوسان دا، سری سورەیا ئۆندەر وتی: دیدارمان لەگەڵ سەرۆک فیدان ئەنجام دا، تەندروستی و دۆخی باشە، چاومان بە نوێنەرەکەمان سەمرا کەوت، سڵاویان بۆ هەمو کەسێک هەبو.
ئۆندەر وتیشی، سەبارەت بە پرۆسەکە سبەی فیگەن یوکسەکداغ لە هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی لێدوان دەدات، بەڵام داوای کرد پێتان بڵێم؛ ‘ئێمە لەگەڵ پرۆسەکەین و هەرچییەک بکەوێتە سەر شانمان، ئامادەین بە خۆشحاڵییەوە جێبەجێی بکەین.”
هەروەها وتیشی، لە ماوەی 10 ساڵدا ئەم وڵاتە زۆر شتی قورسی لەدەست دا، دو شت هەن کە گەڕانەوەیان نییە، یەکەمیان ئەو کەسانەی گیانیان لەدەست داوە و دوەمیان کاتە، هەمو شەهید و قوربانییەکانی ئەم وڵاتە ڕێزی ئەم وڵاتەن، گەورەترین دیاری کە دەتوانین پێشکەشیان بکەین، کۆتاییهێنان بە شەڕ و تاجی ئاشتیی لەسەرنانە، ئێمە جددی و دڵسۆزین.
سری سورەیا ئۆندەر ئاماژەی بەوەشدا، منداڵانی ئەم وڵاتە، شایەنی ئەوە نین میراتی شەڕ وەربگرن، بەرپرسیارێتی ئێمە ئەوەیە کە وڵاتێکی ئاشتییخواز ڕادەستیان بکەین، گفتوگۆی نادروست دەکرێت، ئەم زمانە بە قەدەر چەک زیان دەگەیەنێت، گوایە وڵات دابەش دەبێت، دو زمان، دو ئاڵا و هتد. لە ڕۆژەڤی ئێمەدا شتی وا نییە، باسمان نەکردوە و شتی واش نەوتراوە، ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەمو ئەوانەی گومان لە پرۆسەکە دەکەن دابنیشین، تەنیا داواکاریم ئەوەیە کە واز لەم زمانە ژەهراوییە بهێنن.
وتیشی: ئێمە پرۆسەکە بەڕونی بەڕێوەدەبەین، بەڵام دو خاڵی گرنگی هەیە، یەکەم جددی بون و دوەم دڵسۆزییە، مافی ئێمەیە چاوەڕێی شتی وا بین، ئەم دەردە، دەردی هەمومانە، چاوەڕێین هەمو کەس بە ئەرێنی سودمەند بێت، ئێمە زمانی خۆمان ناگۆڕین، لە دژی ئەم زمانە هێرشبەرە زۆرترین شت کە دەتوانین بیڵێین ئەمەیە، گەل بڕیاری دڵسۆزی دەدات، ئەمە هەفتەیەکە ئێمە لە ڕێگاین، لە ڕێگادا ئەوانەی داوای ئاشتی دەکەن، ئەوانەی باوەشمان پێدا دەکەن، ئەوان دەڵێن خێرا بن و جار بە جار ئاگادارمان دەکەنەوە، لەم بارەیەدا ویژدانی گەل ڕێگای ڕاست نیشان دەدات، ئەمە بەرپرسیارێتی هەمومانە.
سری سورەیا ئۆندەر، سەبارەت بە پرسیاری پەیوەندیدار بە چاوپێکەوتن لەگەڵ پارتە کوردستانییەکان وتی: بەڵێ بەردەوام دەبین، دەم پارتی پیلانی بۆ دادەنێت.