رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، وەک خاوەنە راستەقینەکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکوک و شام دەیانەوێت لە "بەڵای تیرۆر" رزگاریان ببێت.
ئاوێنه: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی لە هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەی لە شاری روحای باکووری کوردستان، لەبارەی دیداری ئیمراڵی و کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی پارتی دەم و پارتە سیاسییەکان گوتی، "سازانێکی زۆر گەورە لەنێوان پارتەکاندا دروستبووە. هیوایەک بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆر و بەهێزبوونی برایەتیی دروستبووە و کەشێکی زۆر گونجاو سەریهەڵداوە".
سەرۆککۆماری تورکیا کەشی سیاسیی وڵاتەکەی و گۆڕانکارییەکانی بە "گونجاو" ناوبرد و ئاماژەى بەوە کرد "ئەو کەشە سیاسییە زۆر بە بەهادار دەبینن کە لە گۆڕەپانی سیاسییدا دروستبووە".
گوتیشى "لەم خاکەدا کە هەزار ساڵە بە برایەتیی دەژین، دەمانەوێت لە جێگەی تیرۆر، خۆری برایەتیی دڵەکان گەرم بکاتەوە".
سەرۆککۆمارى تورکیا ئاماژەى بەوە کرد "ئەوانەی خۆراک لە تیرۆر وەردەگرن لەم کارە بێزارن و بێزاریش دەبن، بەڵام بە یارمەتی خودا، پشتیوانیی گەل و نزای دۆستانەیان، بە دڵنیاییەوە دەگەین بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر".
گوتیشى "لەم کارەدا رژد و جددین، وەک هاوپەیمانی جمهوور بۆچوونمان هاوبەشە. هیوامان سەرخستنی ئەم کارەیە بە ئاسانی و ئارامی، بەڵام ئەگەر چوونە سەر رێگەی هەڵە دەستپێبکات و هەڵەکانی رابردوو دووبارە بکرێنەوە، لەو دۆخەدا چی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین".
سەرۆککۆماری تورکیا جارێکی دیکە هەڕەشەی لە پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات کردەوە و گوتی، "یان چەکەکان دەخرێنە ژێر گڵ، یان ئەو کەسانەی چەکیان دژی تورکیا هەڵگرتووە، دەخرێنە ژێر گڵ".
گوتیشى "هەرگیز هەل بەوانە نادەین دەیانەوێت دوژمنکاریی بەرامبەر یەکتر بکەین. رێگەی ئێمە رێگەی برایەتیی و خۆشەویستییە. شوێنێک نییە بۆ پەنادانی تیرۆر، توندوتیژی هیج ئەنجامێکی نابێت، بە خوێنڕستن هیچ ئامانجێک بەدینایەت. تیرۆر و دیموکراسی ناتوانن پێکەوە هەڵبکەن".
جەختیشیکردەوە "یان ئەو چەکانە ژێر گڵ دەخرێن کە روویان کراوەتە تورکیا یان ئەو کەسانەی چەکیان رووکردووەتە تورکیا ژێرگڵ دەخرێن. رێگەی سێیەم و شوێنگرەوەی دیکە نییە".