ئا: بارام سوبحی
نوسه‌رو سیاسه‌تڤانی عێراقی باقر یاسین، لەكتێبێكدا به‌وردی باس لەرهگو ریشه‌ی دیكتاتۆرییه‌ت‌و ریشه‌كێشكردن لەعێراقدا ده‌كات، حزبی شیوعی تۆمه‌تبار ده‌كات بەدامهزراندنی دیكتاتۆرییه‌ت لەعێراقدا لەنیوهی دوه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا. ره‌خنه لەپارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئێستای عێراقیش ده‌گرێت كه په‌ندیان له‌و مێژوه وه‌رنه‌گرتوه. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت بۆ دۆخی ئێستای عێراق دو گره‌نتی هه‌ن، ئه‌وانیش ده‌ستورو پەرلەمانن.
كتێبی ریشهكێشكردنو دیكتاتۆریی تاكباوهڕی لەعێراقدا لەههزارهی سێیه‌می پێش زاینه‌وه تا هه‌زاره‌ی سێیه‌می پاش زاین، لەنوسینی باقر یاسین‌و وه‌رگێڕانی سه‌باح ئیسماعیله، كتێبه‌كه لەبڵاوكراوهكانی ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌مه‌و (385) لاپه‌ڕه‌یه. لەدو به‌ش پێكهاتوه، به‌شی یه‌كه‌م تایبه‌ته بەریشهكێشكردنو باس لەپێناسهكهیو كۆمه‌ڵێك نمونه‌ی ریشه‌كێشكردن لەعێراق هه‌ر لەبهرهبهیانی مێژوه‌وه هه‌تا پرۆسه‌كانی ریشه‌كێشكردن لەسهدهی بیستدا ده‌كات. به‌شی دوه‌م تایبه‌ته بەباسی دیكتاتۆرییه‌ت‌و باسی پێنج نمونه‌ی دیكتاتۆریی تاكباوهڕیی لەسهدهی بیسته‌مدا ده‌كات.
ریشه‌كێشكردن لەكۆنهوه بۆ ئه‌مڕۆ
نوسه‌ر مێژوی ریشه‌كێشكردن لەعێراقدا لەچه‌ند هه‌زار ساڵێك نزیك ده‌خاته‌وه‌و ده‌ڵێت "ریشه‌كێشكردن ره‌گی لەلاپهڕهكانی ئاكاری مرۆیی لەعێراقدا داكوتیوه.. لەمێژوی عێراقدا له‌ژێر چه‌ندین ناو‌و پاساوو دروشم‌و به‌هانه‌و مه‌به‌ستی جیاجیا‌و گۆڕاودا پیاده‌كراوه‌و ئه‌نجامدراوه.. له‌ڕێگه‌ی به‌كاربردنی شێوازه‌كانی هێزی داپڵۆسێنه‌ر لەجێبهجێكردنی چهمكو ئاماژه‌كانی وه‌كو كوشتن‌و جینۆساید‌و كۆچ پێكردنی دانیشتوان‌و ئابڵوقه‌و گرتن‌و نانبڕین‌و بەكۆیلەكردن".
بەوردبونهوه لەمێژوی عێراق، نوسه‌ر حه‌وت سیما‌و خه‌سڵه‌تی پرۆسه‌ی ریشه‌كێشكردنی به‌كۆمه‌ڵ لەمێژوی عێراقدا دیاریده‌كات، كه هه‌ندێكیان بریتین له: پرۆسه‌یه‌كه له‌ڕوی زه‌مه‌نیه‌وه درێژه ناكێشێت، چونكه پێوه‌سته بەكێشهیهكی دیاریكراوه‌وه لەكاتو ساتێكی ده‌ستنیشانكراودا. پرۆسه‌ی ریشه‌كێشكردن شێوه‌یه‌كه لەشێوهكانی چالاكی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، پیاده‌كردنی هه‌ر پرۆسه‌یه‌ك لەپرۆسهكانی ریشه‌كێشكردنی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئاینی لەوڵاتدا زۆرجار شه‌پۆلێك لەریشهكێشكردنی پێچه‌وانه‌ی دژی به‌دوای خۆیدا هێناوه. ته‌نیا پاڵنه‌ره سیاسییه‌كان نه‌بون له‌ودیو پرۆسه‌كانی ریشهكێشكردنهوه لەمێژودا، به‌ڵكو ئهنگێزو هۆی تری نه‌ته‌وه‌یی یا ئایینی، یان ره‌گه‌زپه‌رستی، یاخود ده‌سته‌یی، یان كۆمه‌ڵایه‌تی یاخۆ تایفی بون.
خه‌سڵه‌تێكی تری ریشه‌كێشكردن ئه‌وه‌یه زۆرجار ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌رپه‌رشتی جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی ریشه‌كێشكردنیان ده‌كرد، ده‌بوه به‌ڵایه‌ك به‌سه‌ر خۆیانه‌وه‌و هۆیه‌ك بۆ كهوتنو بنەبڕكردنیان. هه‌روه‌ها ریشه‌كێشكردن ته‌نها مرۆڤ ناگرێته‌وه، به‌ڵكو په‌لاماردانی په‌رستگاو تێكشكاندنی كۆتهڵو مۆنۆمێنتو داونه‌ریتی ئاینی تایبه‌ت بەلایهنگرانی ئایین یان ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ده‌رگیری ریشه‌كێشكردن ده‌بێت ده‌گرێته‌وه.
چاره‌سه‌رو نمونه‌ی كوردانه
بۆ چاره‌سه‌ركردنی ده‌ردی ریشه‌كێشكردن كه هه‌زاران ساڵه مێژوی عێراقی گرتۆته‌وه، نوسه‌ر چه‌ند پێشنیارێك ده‌خاته‌ڕو كه گرنگترینیان بریتین له: پاراستنی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێركردن لەگهمهپێكردنو خولیا حزبی‌و سیاسییه‌كان، هه‌روه‌ها دورخستنه‌وه‌ی لەتوندڕهویو بهحزبیكردنو ده‌سته‌گه‌ری. هه‌نگاونان بەرێگهی لێخۆشبون‌و لێبوردهییو هه‌ڵكشانی چاره‌سه‌ر بۆ ئاسته به‌رزه‌كان لەپراكتیكی جیدی دیموكراسی ئازاد لەكهرتی رۆشنبیری‌و هزرو په‌روه‌رده‌و فێركردن.
لەباسی چاره‌سه‌ركردنی ده‌ردی ریشهكێشكردندا، نوسه‌ر هێما بۆ هه‌ڵوێستی گه‌لی كورد دهكاتو ده‌ڵێت: بۆ راستی‌و دادپه‌روه‌ری پێویسته باسی ئه‌وه بكه‌ین كه كورده‌كان زۆر بوێر‌و جوامێرانه لێبوردهییو لێخۆشبونی خۆیان راگه‌یاند، لەپرۆسهكانی كوشتن‌و ریشهكێشكردنو قڕكردن كه لەسهردهمهكانی پێشودا به‌سه‌ریاندا هات، وێڕای شه‌هیدبونی پتر لە(170) هه‌زار شه‌هیدی كورد لەململانێی دژ بەدیكتاتۆری، پێویسته ئه‌و هه‌ڵوێسته مێژوییه لەلێبوردنو لێخۆشبون وه‌كو وانه‌یه‌كی كاریگه‌ر بمێنێته‌وه، كه ده‌كرێت لەهه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌كی پێوه‌ند بەبابهتی ریشه‌كێشكردن لەمێژوی عێراقدا بهێنرێته‌وه".
پاشایه‌تی سته‌مكار لەعێراقدا
به‌شی دوه‌می كتێبه‌كه تایبه‌ته بەباسكردنی سته‌مكارییه‌كانی پێنج قۆناغی مێژویی سه‌ده‌ی بیست، ئه‌وانیش پاشایهتیو سه‌رده‌می عه‌بدولكه‌ریم قاسم‌و عارفهكانو به‌عسیه‌كانه. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچونه‌ی كه پێیوایه رژێمی پاشایه‌تی كه لەساڵی (1921) دامه‌زرا، رژێمێكی دیموكراسی پەرلەمانی ده‌ستوری بوبێت، نوسه‌ر ده‌ڵێت: پاشایه‌تی لەعێراقدا رژێمێكی ده‌سه‌ڵاتخوازیی باوه‌ڕمه‌ندیی وای دامه‌زراند سه‌رله‌به‌ر له‌گه‌ڵ سروشت‌و پێكهاتو پێداویستییه‌كانی سیستمه پاشایه‌تییه‌كانی جیهاندا نه‌ده‌هاته‌وه، كه لەواقیعدا جیاوازیی نه‌بو له‌گه‌ڵ رژێمه دیكتاتۆرییه سته‌مكاره تاكڕاییهكاندا، كه له‌دوای روخانی پاشایه‌تی لەساڵی (1958) به‌دوای یه‌كدا هاتن". بۆ ئه‌و قسه‌یه‌شی چه‌ندین به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر سه‌ركوتكردنی شیوعیهكانو دورخستنه‌وه‌ی كورد بۆ ناوچه‌كانی باشوری عێراق ده‌هێنێته‌وه.
قاسم چۆن بو بەدیکتاتۆر؟
لەباسكردنی قۆناغی ده‌سه‌ڵاتی پێنج ساڵه‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا، نوسه‌ر ته‌واوی ره‌خنه‌كانی ئاراسته‌ی حزبی شیوعی دهكاتو ده‌ڵێت: هه‌موان عهبدولكهریمیان بەمرۆڤێكی خاكه‌ڕایی، دڵسۆز، شێلگیر، كۆڵنه‌ده‌ر لەكاردا، خواپهرستو قابیلی گه‌نده‌ڵ نه‌بون داده‌نا، كه‌چی ئه‌م پیاوه هه‌ینێ حیزبی شیوعی ده‌ستی بەپرۆسه خراپ دهستئهنقهستهكهی كرد لەگهورهكردنو ستایش‌و پیاههڵدانو ئاماده‌كردندا، واته له‌و ده‌مه‌وه‌ی حیزبی شیوعی ده‌ستی كرد بەدروستكردنی وه‌كو دیكتاتۆرێك لەعێراقدا، ئه‌و گۆڕاو له‌خۆبایی بو.
نوسه‌ر جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه له‌دوای شۆڕشی (14/تهمموز/1958)، شیوعییه‌كان ده‌ستیان بەچالاكی چڕ‌و رێكخراو كرد، خه‌ریكی ره‌خساندنی ره‌وشه‌كه بون بۆ قۆرخكردنی ته‌واو ره‌های پۆسته‌كانی دهوڵهتو دامودەزگاو ده‌سته چالاكه‌كانی، بەمه‌به‌ستی "گه‌یشتن بۆ باڵاده‌ستی ته‌واو تاكڕه‌وی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌مه‌ش نه‌ك بەئامانجی سه‌پاندنی دادپهروهریو ئازادی‌و دیموكراسی بۆ سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی عێراق!.. بەمانایهكی تر سه‌پاندنی دیكتاتۆریی ده‌سه‌ڵاتخوازیی باوه‌ڕمه‌ندی".
شیوعییهكانو دیكتاتۆرییه‌ت
لەدرێژه‌ی ره‌خنه‌كانیدا له‌سه‌ر حزبی شیوعی، نوسه‌ر ده‌ڵێت: حزبی شیوعی پشكداربو لەتهرخانكردنو جێگیركردنی رۆشنبیری توندوتیژیو رازاندنه‌وه‌ی ئاكاری تاكڕه‌وی‌و ده‌سه‌ڵاتخوازی له‌ناو ئاوه‌زی عێراقیدا، هه‌روه‌ها هانی پابه‌ندبونی دا بەتیۆری ده‌سه‌ڵاتخوازیی باوه‌ڕمه‌ندی لای ملیۆنان تاكی گه‌لی عێراق.. ئه‌و سیاسه‌ته‌ی حزبی شیوعی عێراق گرتیه‌به‌ر بۆ كاركهناركردنو په‌راوێزخستنی سه‌رجه‌م حزب‌و هێزه سیاسییه‌كان لەوڵاتدا، وای له‌و حزبانه كرد بۆ لابردنی شیوعییهكانو كۆتایی هێنان بەدیكتاتۆریهتهكهیان بیر لەخراپترین چاره‌سه‌رو لەهه‌مویان خوێناویتر بكه‌نه‌وه، كه كوده‌تای سه‌ربازی خوێنرێژییه.. له‌كۆتاییدا حزبی شیوعی لەئه‌نجامی سوربونی له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته دیكتاتۆرییه تاكڕه‌وییه، گه‌یشته شێوه خۆكوشتنێك.
یاسین راشكاوانه ده‌ڵێت: حیزبی شیوعی لەنیوهی دوه‌می سه‌ده‌ی بیستدا، لەپراكتیزهكردنی تیۆری ریشه‌كێشكردن لەعێراقدا دامه‌زرێنه‌رو پێشه‌نگ بو، ئه‌وه‌ش تیۆرێكی دیكتاتۆریی نایابه، وه‌كو ده‌بینین حیزبی شیوعی به‌خۆی یه‌كه‌مین قوربانی بو. هه‌ریه‌ك لەحیزبی شیوعی‌و ئهندامو لایه‌نگرانی لەساڵی (1963)دا بەده‌ستی بهعسیو حه‌ره‌س قه‌ومییه‌كان كه‌وتنه ژێر ره‌وڕه‌وه‌ی ئه‌م تیۆره دیكتاتۆرییه پاكتاوییهوه.
سۆزانییه‌ك ویستی كوده‌تا رابگرێت
كاتێك نوسه‌ر دێته سه‌ر باسی كوده‌تای یه‌كه‌می به‌عسییه‌كان لە(8/شوبات/1963)، ئه‌م به‌سه‌رهاته ده‌گێڕێته‌وه: یه‌كێك له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی سه‌عاتی سفرو كوده‌تاكه‌یان پێ راگهیهنرابو، قسه‌ی بۆ یه‌كێك لەسۆزانییهكانی به‌غدا كردبو، كه رۆژی (8/شوبات) ئه‌فسه‌ری ناسراوی شیوعی‌و فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی جه‌لال جه‌عفه‌ر ئه‌لئه‌وقاتی تیرۆردهكهن، سۆزانییهكهش له‌ڕێگه‌ی كه‌سێكه‌وه كه ده‌یناسی هه‌واڵه‌كه‌ی بەحزبی شیوعی گه‌یاند، ئێواره‌ی حه‌وتی شوبات هه‌واڵه‌كه گه‌یشته سه‌ركردایه‌تی شیوعی، ئه‌وه‌بو سه‌لام عادلی سكرتێری حیزب جۆرج تلۆی به‌رپرسی نوسینگه‌ی سه‌ربازی ئاگادار كرده‌وه، داوای لێ‌كرد جه‌لال ئاگادار بكاته‌وه شه‌وی حه‌وتی شوبات ماڵه‌كه‌ی جێبهێڵێتو لەشوێنێكی تر بمێنێته‌وه، تلۆ كۆشا بچێته ماڵی ئه‌وقاتی، به‌ڵام له‌به‌ر زۆر ساردی كه‌شه‌كه ئه‌و شه‌وه ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ئیشی نه‌كرد، بۆیه بڕیاریدا ئاگاداركردنه‌وه‌كه بۆ سه‌رله‌به‌یانی هه‌ڵگرێت، ئه‌وه‌بو له‌گه‌ڵ گرنگی بهیانداو پێش راگه‌یاندنی یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ی كوده‌تا، سه‌عات ههشتو نیو ئه‌وقاتی كوژرا. ئیدی روداوی پڕ لەكارهساتی دژ بەشیوعیهكانو رژێمه‌كه ده‌ستی پێكرد.
جومهیلاتو عهفتهره
یه‌كێك له‌و باسانه‌ی نوسه‌ر هێمای بۆ ده‌كات زاڵبونی خه‌ڵكی تایه‌فه‌یه‌ك یان ناوچه‌یه‌كه به‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی ده‌سه‌ڵات لەعێراقدا، بەنمونه باس لەماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی هه‌ریه‌كه لەعهبدولسهلامو عه‌بدولره‌حمان عارف دهكاتو ده‌ڵێت: ئه‌و دو برایه سه‌رله‌به‌ری رژێمه‌كه‌یان پشتی بەژمارهیهكی دیاریكراو لەئهفسهرانی خزم ده‌به‌ست، ئه‌وانه‌ی سه‌ر بەیه‌ك هۆز "جومهیلات"و لەیهك پارێزگان "رومادی"بون. ئه‌م كاره‌ش لای هاوڵاتیان باو‌و ناسراوبو.
نمونه‌یه‌كی تر كه نوسه‌ر ده‌یهێنێته‌وه حكومه‌ته‌كه‌ی تاهیر یه‌حیایه، كه خه‌ڵكی پێیان ده‌گوت حكومه‌تی عهفتهره، چونكه "زۆربه‌ی وه‌زیره‌كانی لەپارێزگای رومادی (ئه‌نباری ئێستا) بون. هه‌ر پیتێك له‌م وشه‌یه ده‌لاله‌ت لەناوی شارێك یاخۆ شارۆچكه‌یه‌ك لەپارێزگای رومادی ده‌گه‌یه‌نێت: عه‌ین مه‌به‌ست شاری عانه‌یه، فێ فه‌لوجه، تا تكریت‌و رێ راوهو هێ هیت. كاتێ كۆیان ده‌كه‌یته‌وه ده‌بنه عهفتهره، ئیدی وای لێهات خه‌ڵكه‌كه حكومه‌تیان بەعهفتهره ناوده‌برد".
كوده‌تای كۆمپانیاكان
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی كوده‌تا به‌سه‌ر عه‌بدولره‌حمان عارفدا كرا، له‌كاتێكدا بەكۆمهڵێك لەخزمه ئه‌فسه‌ره ئهلجومهیلییهكانی ده‌وره درابو، كه بەشێوه‌یه‌كی توندوتۆڵ به‌غدایان كۆنترۆڵ كردبو، نوسه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دیمانه‌یه‌ك كه لە(18/2/1970) لەئه‌سته‌نبوڵ له‌گه‌ڵ عارفدا سازكراوه، ئه‌ویش به‌م جۆره وه‌ڵامی پرسیاره‌كه ده‌داته‌وه: دوای پێدانی گرێبه‌ستی نه‌وتی بەكۆمپانیای ئیرابی فهرهنسیو پاش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر واژوكردنی گرێبه‌ستی یارمه‌تیدانی هونه‌ری له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بۆ پێشخستنی كێڵگه‌ی رومهیلهی باكور، دوای دروخستنه‌وه‌ی كۆمپانیای پان ئه‌مریكان له‌سه‌ر پشكی لەوهرگرتنی گۆگرد لەعێراقدا، توانیان عه‌بدولره‌زاق نایف بكڕن كه به‌رێوه‌به‌ری هه‌واڵگری سه‌ربازی بو، دواتر بوه سه‌رۆك وهزیرانو پاش (13) رۆژ لەوهرگرتنی ئه‌و پۆسته‌ی لەلهندهن تیرۆركرا، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی به‌شیر ئهلتالیبهوه كه لەپاشكۆی سه‌ربازی عێراقی بو لەبهیروت، هه‌روه‌ها ناسر ئهلحانیی باڵێوزی عێراق لەبهیروت، ئه‌مانه‌ش راستی سهلێمنراون نه‌ك گومان‌و دودڵی".
سه‌دام له‌نێوان ستالین‌و مه‌نسوردا
نوسه‌ر ئه‌وه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه ئه‌وكاته‌ی سه‌دام حسێن لەزیندان بوه، زۆبه‌ی خوێندنه‌وه‌كانی له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌باره‌ت بەقۆناغی ستالین بون بەهه‌مو مانای تیۆری‌و پراكتیكه‌وه. هه‌روه‌ها مه‌یلی سه‌رسامبونی خۆی بەخهلیفه ئه‌بو جه‌عفه‌ری مه‌نسوری خه‌لیفه‌ی خوێنڕێژی عه‌باسی ده‌ربڕی، كه تیۆری ئه‌و سه‌باره‌ت بەحوكمكردن بەپله‌ی یه‌كه‌م پشت به‌ستو بو بەدهستپێشكهریو هه‌ڵكوتانه سه‌ر بەتیرۆری سیاسی نه‌یاره به‌هێزه‌كان، به‌و پێیه‌ی لێدانی پێشوه‌خته‌یه بۆ دورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر دهسهڵاتو له‌باربردنی پیلان به‌ر له‌وه‌ی ببێته هێزێكی یاخیی دهستوهشێنو هه‌ڕه‌شه لەخهلافهت بكات.
نوسه‌ر ده‌ڵێت"ته‌نانه‌ت ناونانی (القائد المنصور) كه بوه پاشكۆی ناوه زۆره‌كانی سه‌دام، ئاماژه بەمانای سه‌رسوڕمان‌و لەخهلیفه ئه‌بو جه‌عفه‌ر ئه‌لمه‌نسور چون ده‌كات".
عێراق كارخانه‌ی دیكتاتۆره‌كان
نوسه‌ر ئاماژه بەخهسڵهتێكی تاكی عێراقی دهداتو رایده‌گه‌یه‌نێت گه‌لانی عێراق خۆیان دیكتاتۆره‌كان دروستده‌كه‌ن، ئینجا ده‌ست بەسكاڵاو گازنده‌و كڕوزانهوهو داد‌و بێداد لەدهستیانو لەئاكارو هه‌ڵسوكه‌وتیان ده‌كه‌ن، پاشایان كوده‌تایان به‌سه‌ردا دهكاتو دهیانكوژێو له‌ناویان ده‌بات. له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: هه‌ر توێژه‌و لەعێراقدا گه‌یشتبێته حوكم ئه‌وی پێشوی خۆی به‌شێوه‌یه‌كی وا خوێناوی خستوه‌ته ژێر پێوه، هیچ به‌زه‌ییه‌كی نه‌زانیوه، پێی وابوه ئه‌مه تاکه رێگه‌ی راسته بۆ به‌دیهێنانی سه‌ركه‌وتنی هه‌میشه‌یی باوه‌ڕمه‌ندی.
نوسه‌ر هۆكاری ئه‌و دوڕوییهی تاكی عێراقی ده‌گێڕێته‌وه بۆ كۆت‌وبه‌ندو مه‌رجی رژێمه دهستهگهراو سته‌مكاره‌كان به‌درێژایی مێژو، به‌جۆرێك وای لەتاكی عێراقی كردوه بە"تۆبزیو ناچاری سیفه‌تی درۆ، ریایی، ته‌ڵه‌كه‌بازی، هه‌لپه‌رستی، ئاكاری ژێراوژێرو دوفاقی بگرێته‌به‌ر، ئه‌مه‌ش وای لێ‌كرد ئاكاری ده‌مده‌می لەپابهندبون بەههڵوێسته سیاسییه‌كانه‌وه بگرێته‌به‌ر... ئه‌م ئاكاره هه‌لپه‌رستییه دهمدهمیو ئه‌مبه‌رو ئهوبهركردنه ناڕاستگۆییهو سه‌رجه‌م دیارده نه‌رێنییه‌كانی تر، كه له‌كاتی ئێستادا وه‌كو عێراقی لەئاكارماندا به‌ده‌ستییانه‌وه ده‌ناڵێنین، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و وێرانكارییه‌ی پێنج دیكتاتۆرییه ده‌سه‌ڵاتخوازییه باوهڕمهندییهكه به‌سه‌ر گه‌لی عێراقیاندا سه‌پاند، كه لەسهدهی بیست لەعێراقدا حوكمی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیان كرد".
ئۆپۆزسیۆن هیچ فێرنهبو
لەباسی قۆناغی دوای روخانی رژێمی سهدامو به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ئۆپۆزسیۆنی جاران، نوسه‌ر ده‌ڵێت: ده‌ركه‌وت ئۆپۆزسیۆنی عێراق هیچ وانه‌یه‌ك لەوانهكانی رابردوه‌وه فێر نه‌بو، هیچ په‌ندێكی لەئهزمونو روداوه‌كانی پێش‌و وه‌رنه‌گرتوه، به‌تایبه‌تی كێشه‌ی تاكڕه‌وی لەدهسهڵاتو دامه‌زراندنی حوكمی دیكتاتۆریی تاكڕایی لەوڵاتدا، به‌ڵكو دیلی هه‌مان بۆچون‌و نهریتو نه‌خۆشی بو.. هه‌ر لایه‌نێك لەلایهنهكان وا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی مێژو له‌وه‌وه ده‌ست پێده‌كات‌و لای ئه‌و كۆتایی دێت، لەگهردونیشدا راستییه‌كی ته‌واونییه ته‌نیا قهناعهتو هزرو بۆچونه‌كانی ئه‌و نه‌بن".
به‌بڕوای نوسه‌ر گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستا، قانونی ریشه‌كێشكردنی به‌عس بوه، چونكه "زۆربه‌ی به‌عسییه‌كان پرته‌و بۆڵه‌یان دههاتو وهڕسو بێزاربون له‌وه‌ی لەحزب‌و ده‌سه‌ڵاتدا روی ده‌دا".
نوسه‌ر جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه دوگرهنتی باش لەرهوشی عێراقدا له‌سه‌ر ئاستی ئاینده‌و ستراتیژ هه‌ن، ئه‌وانیش یه‌كه‌م: بونی ده‌ستوری هه‌میشه‌ییه، "وێڕای خهوشو ناته‌واوییه‌كی زۆر لەداڕشتنو ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یدا، پێویست بەههمواركردنی گرنگ‌و پێویست ده‌كات، به‌مه‌رجێك ئه‌و هه‌مواركردنه بەرۆحێكی بێلایه‌نانه‌و بابه‌تی‌و زانستیانه‌و دور لەدهستهگهری هه‌مواربكرێن، له‌گه‌ڵ پاراستنی لایه‌نی یاسایی‌و ده‌ستوری". دوه‌م. بونی پەرلەمانی عێراق، بونی "پەرلەمانێكی دروستنهكراو یاخۆ ئاراستهنهكراو له‌لایه‌ن دەزگاكانی ئاسایش‌و هه‌واڵگری یاخود حكومیه‌وه، لەگشت دۆخه‌كاندا زه‌مانه‌تێكی باشه بۆ پاراستنی یاساكان‌و چاودێری كاری دهوڵهتو لێپرسینه‌وه لەگهندهڵیی به‌ربڵاو لەدامودەزگا حكومییه‌كاندا، رۆحی راسته‌قینه بەدیموكراسی پێڕهوكراو ده‌دات، تا لەژیانی سیاسی وڵات‌دا چالاک‌و کاریگەر بێت.