2024-12-21   120     
ئا: هێمن مەحمود
کاتێک ساتی دروستکردنی مێژوو دێت یەک ڕۆژ پێشتر پێش بکەوێت یاخود یەک ڕۆژ دواتر دوابکەوێت ئەوا شکست دەھێنێت و مێژوویەکی نوێ (جا ئیتر بە چاک یان بە خراپ) دروست نابێت.
کاتێک ھەر کەسە و ھەڵدەستێ دەبێت بە سیاسی وەک ئەم سەردەمەی لێ دێت، نە دەوڵەت بەھای دەمێنێت، نە حیزب و نە حیزبایەتیش مانایەکیان دەمێنێت، بەڵکوو لەبری حیزبی سیاسی گرووپێک دروست دەبن کە تەنیا ئامانجیان تاڵانکردنە و لەبری دەوڵەتیش مافیایەک دروست دەبێت کە تەنیا بیر لە دەوڵەمەندبوونی سەرۆک و دار و دەستەکەی دەکاتەوە، نوێترین نموونەش کە ئێستا بەبەرچاومانەوە بێت و ھەرەسی ھێنابێت سووریای بەشار ئەسەدە کە سەرۆکەکەی چونکە بە سوتفە خراوەتە سەر کورسییەک کە باوکی شەڕی دونیای لەپێناودا کرد و بە ھەزاران کەسی لەپێناودا کوشت، لەبری ئەوەی عەقڵیەتی سەرۆکی دەوڵەتی ھەبێت کەچی خەریکی بازرگانیکردن بوو بە ماددەی ھۆشبەر، ھەربۆیە لە یەکەم فرسەتدا جێیھێشت و ھەڵھات.
(لینین) کاتێک ڕووسیای نوێ و یەکێتی سۆڤیەت دروست دەکات بەرھەمی شەو و ڕۆژێک خەباتی ئەو نییە، بەڵکوو چەندین ساڵ پێش ئەوە لە تاراوگەوە، دواتر لە ناوەوە، دواتر لە تاراوگەوە کار بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی پاشایەتی دەکات. تەنانەت دوای ڕووخانی پاشایەتیش ھەم جارێکی دیکە ھەڵدێت و لە دەرەوە کار بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی نوێ دەکات، تەنانەت بە نھێنی دێتەوە ڕووسیا و دووبارە ھەوڵی ڕاپەڕینی چەکدارانە دەدات.
لە کاتێکدا حکومەتی نوێی ڕووسیا خەریکە دەست بە کار دەبێت و ئەنجوومەنی دامەزرێنەران بڕیارە کۆببنەوە،
لە ڕۆژی ٦ی نۆڤەمبەری ١٩١٧ لینین لە نامەیەکدا بۆ ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی بەلشەفیک دەنووسێت:
گەڵاڵەی ڕاپەڕینی چەکداریی دەبێت بەبێ ئەملاوئەولا ھەر ئەمڕۆ یان ئەمشەو بەڕێوەبچێ، ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ دەست بەکاربین سەرکەوتنمان مسۆگەرە، بەڵام ئەگەر بیخەینە سبەی لەوانەیە ھەموو شتێک بدۆڕێنین و مێژوو قەت لەو ھەڵە و خەمساردییەمان خۆش نابێ.
پلانەکەی لینین سەردەگرێت و ھەر بۆیە بەیانی ڕۆژی ٧ی نۆڤەمبەر لینین لە شوێنی خۆشاردنەوەکەی ھاتەدەر و شۆڕشی دەست پێکرد و پێش ئەوەی دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە ئەنجوومەنی دامەزرێنەرانی حکومەتی نوێ کۆببنەوە، شۆڕش سەرکەوتنی ڕاگەیاندبوو.
ھەڵبژاردنی ساتی گۆڕانکاری بۆ سیاسی زۆر گرنگە، ھەربۆیە ئەو سیاسییانەی کە لە ھەڵبژاردنی ساتی گۆڕانکاریدا ھەڵە دەکەن ھەمیشە دەدۆڕێن.
ئەم کتێبە (لە لینینەوە بۆ پوتین) کتێبێکی زۆر تایبەت و نایابە، دیوەی ناوەوەی دەسەڵاتی دەسەڵاتدارانی ڕووسیایە ھەر لەدوای ڕووخانی پاشایەتییەوە تا سەردەمی ئێستای پوتین.
شۆڕشە سوورەکەی لینین بە گوڵ و ئاشتییەوە بۆ خەڵک نەھات، بەڵکوو بە ملیۆنان خەڵک بوونە قوربانی ئەو گۆڕانکارییە و سیستەمێکی نوێی سۆڤیەتی دروست بوو کە زیاتر لە ٧٠ ساڵ بڕی کرد و دواتر بە گۆرباچۆف کۆتایی ھات.
ئەم کتێبە شێوازی سەرەتای زەبروزەنگی لینین بۆ چەسپاندنی پایەکانی دەوڵەتی نوێ دەخاتە ڕوو، زەبروزەنگێک کە ھاوپەیمانەکانی شۆڕشەکەی لینین و پاشتریش ھاوڕێ ھەرە نزیکەکانی دەگرێتەوە و لەناو دەبرێن.
تەنانەت نووسەرێکی بەناوبانگی وەک ماکسیم گۆرکیی ھاوڕێی لینین لە سەرەتاکانی شۆڕشدا دەنووسێت:
ھێندێ کەسی نابەرپرسیاری ئاژاوەگێڕ و دڵکوێری دەمارگرژ بەناوی (شۆڕشی کۆمەڵایەتی) یەوە ئێمە بەرەو ڕێگەیەک دەبەن، کە جگە لەپشێوی و کاولکردن و لەناوبردنی پرۆلتاریا و شۆڕش ھیچی دیکەی لێناکەوێتەوە. ڕەخنەکانی گۆرکی دواتر بە داخستنی ڕۆژنامەکەی کۆتایھات.
ئەو شۆڕشەی کە لینین خەباتی چەند ساڵەی لە پێناویدا ئەنجامدا تەنیا نزیکەی ٧ ساڵێک خودی خۆی حوکمڕانی کرد، ئیدی مرد و لاشەی ڕابەری کۆمۆنیستەکانی جیھانیان بە تەڵقینی ئاینییەوە بۆ دوا مەنزڵگەی خۆی بەڕێکرد.
سەردەمی سەرەتاکانی دەسەڵاتی سوور چەندین ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی و جەنگی بە خۆوە بینی کە بە مشتێکی ئاسنین ھەموویان سەرکوتکران، تەنانەت دەزگایەکی پۆلیسی ھەواڵگری بەناوی چێکا دروست کرا کە پشکی شێری لە کوشتن و لەناوبردنی نەیارانی دەسەڵاتی نوێ بەرکەوت، بە جۆرێک لە ماوەی سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی ئەو دەزگایەدا نزیکەی ٥٠٠ ھەزار کەس بەدەستی ئەو ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە کوژران.
ڕووداوێک ھەیە جێگای سەرنجە، لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا لینین لەسەر کاغەزێک وەک تێبینی بۆ بەرپرسی دەزگای چێکا دەنووسێت: ھاوڕێ دێرژینسکی چەند کەسی دژە شۆڕش لە بەندیخانەکاندان؟
بەرپرسەکەش لەسەر تێبینییەکە دەنووسێت: نزیکەی ١٥٠٠ کەس و دەینێرێتەوە بۆ لینین.
لینین دووبارە لەسەر کاغەزەکە ھێمایەکی (+) دەنووسێت بەرپرسەکە وا تێدەگا لینین ئەو (+) بۆیە نووسیوە ئەوە ھێمای خاچە و فەرمانی لەسێدارەدانە بۆ زیندانییەکان، بۆیە لە کۆبوونەوەکە دەڕواتە دەرەوە و بۆ سبەینێ ھەواڵی کوشتنی تەواوی زیندانییەکان بڵاو دەبێتەوە. دواتر سکرتێرەکەی لینین ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت ھاوڕێ لینین فەرمانی لەسێدارەدانی دەرنەکردووە بەڵکوو بەرپرسەکە خۆی وا لێکی داوەتەوە، ھاوڕێ لینین لە ژێر ئەو بابەتانەی کە دەیانخوێنێتەوە و لەبەریان دەکات ئەو ھێمایە دادەنێت.
بەڵام لینین لەبری ئەوەی سەرزەنشتی بکات و بەرپرسەکە لە کارەکەی لا ببات، کەچی زیاتر لەلای خۆشەویست بوو، ھەر بۆ زانیاریش ئەو دێرژینسکییە خودی خۆی لە سەردەمی پاشایەتیدا زیندانی سیاسی بووە.
یەکێکی تر لەو دیمەنە تراژیدیانەی تر لەم کتێبەدا قەتڵوعامکردنی بێ دادگایی بنەماڵەی پاشای ڕووسیایە.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی دوایین پاشای ڕووسیا و پێکھێنانی حکومەتێکی کاتی پێش شۆڕشەکەی لینین و دروستکردنی حکومەتی سووری سۆڤیەتی، بنەماڵەی پاشا بۆ شوێنێکی دوور دوورخرانەوە.
دواتر لە شەوی ١٦ی یۆلیۆی ١٩١٨ بە بیانووی ئەوەی یاخیبوان بەنیازن پاشا ڕزگار بکەن دەکوژرێن، کوشتنەکەش بەم جۆرەیە:
ژمارەیەک چەکدار بنەماڵەی پاشایان بردە ژێرزەمینێک کە لە پاشا و ھاوسەرەکەی، کوڕێک و چوار کچ پێکھاتبوون، ھاوکات پزیشکێک و سێ کارەکەری دیکەش کە لەگەڵ خێزانی پاشا دەژیان ئەوانیشیان ھێنا. بەچەند دێڕێک حوکمی گوللەبارانکردنیان خوێنرایەوە و ھەموویان لە چەند خولەکێکدا لەناوبران.
تەرمەکانیان کۆ کردەوە و لە لۆرییەکدا برانە شوێنێک، ڕۆژی دواتر وەک ئەوەی فەرمانیان پێکرابوو تەرمەکان پارچە پارچەکران و خستیانە ناو ماددەی ئەسیدسۆلفۆریک، پاش توانەوەیان ڕشتیانە نێوچاڵێکەوە کە پێشتر ئامادەکرابوو دواتر سەریان پڕکردەوە، ھەرچەندە فەرمانی گوللەبارانکردنەکەی لینین تەنیا بۆ بنەماڵەی پاشایەتی بوو، بەڵام چەکدارەکان پزیشکەکە و سێ کارەکەرەکەشیان بە دەردی ئەوانی دیکە برد. ڕۆژنامەکانی مۆسکۆش ڕۆژی دواتر تەنیا ھەواڵی گوللەبارانکردنی پاشایان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاندبوو کە بنەماڵەکەی بۆ شوێنێکی سەلامەت گواستراوەتەوە.
لینین کاتێک فەرمانی کوشتنی بنەماڵەی پاشای دەرکردبوو ئەوەشی نووسیبوو: شێوەیەک بنەماڵەکە لەناوبەرن کە دژە شۆڕشەکان تەنانەت ئێسک و پروسکەکانیشیان دەست نەکەوێ کە بۆ کەڵکی خراپ وەرگرتن لە نەزانینی ئەو کەسانەی خەون بە گەڕانەوەی پاشایەتییەوە دەبینن بەکاریان بھێنن.
ئەم کتێبە ھەر بەشێکی گێڕانەوەی مێژووییەکی سەرکردەیەکە کە ڕۆڵێک دیار و بەرچاویان لە مێژووی نوێی جیھاندا ھەبووە، سەرکردەگەلێک کە بۆ ماوەی زیاتر لە ٧٠ ساڵ حوکمی نیوەی جیھانیان کرد و بە چاک و خراپ شوێن دەستیان لێ جێماوە، زۆر جاریش چارەنووسی ملیۆنان خەڵکیان دیاریکردووە.
کتێبی (لە لینینەوە بۆ پوتین) کتێبێکی زۆر تایبەت و ناوازەیە، ڕاستگۆیانە و بە بەڵگەی یەکلاکەرەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، مرۆڤی ھۆشیار کاتێک ئەم کتێبە مێژووییەی تەمەنی ئیمپراتۆریەتییەکی وەک سۆڤیەت دەخوێنێتەوە دەڵێی ئەم سەردەمە دەخوێنێتەوە، تاکە سوودی مێژووش ئەوەیە کە بۆ ئەوەیە لە ئێستا تێ بگەین کە بەداخەوە ڕەنگە کورد و سەرکردە و سیاسییەکانی کورد ھەرگیز سوودیان لێ وەرنەگرتبێت، نەک ھەر سوود بەڵکوو ھەر ناشیخوێننەوە، ھەر ئەم نەخوێندنەوەشە ھەڵسەنگاندنەکانمان بۆ ڕووداوەکان نایپێکێت و شکست دەھێنێت.