ئێران: بەڕەسمی وەڵامی نامەكەی ترەمپ-مان دایەوە
  2025-03-27       1443       
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی بەشێوەیەكی رەسمی وەڵامی نامەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكای داوەتەوەو وەڵامەكەشیان "بەشێوەیەكی گونجاو"ەو لەڕێگەی وڵاتی عوممانەوە نێردراوە.

ئاوێنە: عەباس عراقچی، ئەمشەو پێنجشەممە، بە ئاژانسی رەسمی وڵاتەكەی راگەیاند، وەڵامی رەسمی ئێران بۆ نامەكەی دۆناڵد ترەمپ، دوێنێ چوارشەممە، بەشێوەیەكی گونجاو و لەڕێگەی وڵاتی عومانەوە نێردرا.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی، وەڵامە رەسمییەكەی ئێران، نامەیەكە كە تێیدا تێڕوانینەكانی ئێمە لەپەیوەست بە دۆخی ئێستا و نامەكەی دۆناڵد ترەمپەوە بەتەواوەتی شیكراونەتەوەو بۆ لایەنی بەرامبەر خراونەتەڕو.

عەباس عراقچی جەختی كردۆتەوە كە سیاسەتی ئێمە تا ئێستاش لەسەر بنەمای ئەنجام نەدانی دانوستانی راستەوخۆیە لە بارودۆخێكدا كە ئەوپەڕی گوشار و هەڕەشەی سەربازیش هەیە، بەڵام دەكرێت دانوستانی ناڕاستەوخۆ، وەك ئەوەی كە لە رابردوشدا هەبوە، بەردەوام بێت. دانوستانی ناڕاستەوخۆ هەم لە سەردەمی سەرۆكایەتی حەسەن رۆحانی و هەم لە سەردەمی سەرۆكایەتی ئیبراهیم رەئیسیدا كراوە.

رۆژی 7ی ئەم مانگە ترەمپ لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ئاشكرایكرد كە نامەیەكی بۆ رێبەری ئێران ناردوەو پێشنیاری ئەنجامدانی دانوستانی راستەوخۆی كردوە.

چەند رۆژێك پاش ئەوە نێردەی ترەمپ لە كۆبونەوەیەكدا لە ئەبوزەبی، نامەكەی سەرۆكی ئەمریكای گەیاندە محەمەد بن زاید، سەرۆكی دەوڵەتی ئیمارات و رۆژێك دواتر، ئەنوەر قەرقاش، نوێنەری محەمەد بن زاید سەردانی تارانی كردو نامەكەی رادەستی عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران كرد.

دو هەفتە لەمەوبەر عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای ئێران، نامەكەی ترەمپ و پێشنیارەكەی بۆ دانوستان بە "چەواشەكردنی رای گشتی" ناوبرد بە ئامانجی دروستكردنی تێڕوانینێك كە گوایە ئێران دانوستان رەتدەكاتەوە.

خامەنەیی ئاماژەی بەوەشدا كە دانوستان لەگەڵ ئەمریكا رەتدەكاتەوە، بەڵام چەند سەعاتێك لەدوای ئەو لێدوانانەی خامەنەیی، نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەكگرتوەكان لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەگەر ئامانج لە دانوستانەكان بۆ رەواندنەوەی ئەو نیگەرانییانە بێت كە لەبارەی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەكی ئەتۆمی هەن، ئەوا دانوستانی لەم جۆرە جێگەی دیراسەكردنە، بەڵام ئەگەر ئامانج بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازانەكەی ئێران بێت، بەهیچ شێوەیەك دانوستانی لەو شێوەیە ناكرێت.

دوابەدوای ئەوە پێگەی ئەكسیۆسی ئەمریكی، لە زاری پەرسێكی ئەمریكی و دو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، نامەكەی ترەمپ بۆ خامەنەیی "توند بوە" و ترەمپ لەنامەكەدا وتویەتی، دانوستانی كراوەی ناوێت و مۆڵەتی دو مانگی بە تاران داوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تارانەوە.

پاش ئەوەش عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، نامەكەی ترەمپ بۆ خامەنەیی، زیاتر هەڕەشەی لەخۆگرتوە تاوەكو دەرفەت بۆ دانوستان. وتیشی، هەردو دیوی نامەكە لە هەڕەشەو دەرەفەت لەبەرچاو دەگرن و لە چەند رۆژی داهاتودا وەڵامی دەدەنەوە.

دوابەدوای ئەوەش ستیڤ ویتكۆف، نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، ئامانج لە نامەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای ئێران، هەشەڕە نەبوە، سەرۆكی ئەمریكا دەیەوێت لەڕێگەی دروستكردنی متمانە لەگەڵ ئێران، خۆی بەدوربگرێت لە شەڕی سەربازی.

ستیڤ ویتكۆف، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەنوس تەكەر كارڵسن كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاوكرایەوە، وتی، نامەكەی ئەم دواییەی ترەمپ بۆ ئێران، ئامانج لێی هەڕەشە نەبوە. ترەمپ لەڕوی سەربازییەوە باڵادەستە، زۆر ئاساییە گوشار لە  ئێرانییەكان بكرێت بۆ چارەسەری دیپلۆماسی. وتیشی، ترەمپ ئەو كارە دەكات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×