پێکدادانی شارستانیەتیەکان: ڕۆمانێک دەربارەی پرسی کۆچبەران
  2025-03-17       295       

رێنوار نەجم

 

ماوەی چەند دەیەیەکە پرسی کۆچبەران و پەنابەران بووەتە بابەتی هەرە گەرمی لە سیاسەت و کۆمەڵگەی ئەوروپی و ئەمەریکی. بە شێوەیەک، پارت و لایەنە سیاسییەکان بە پێی گوتاریان بەرامبەر بە کۆچبەران دەنگیان زیاد و کەم دەکات، کۆمپانیا زەبەلاحەکان کاریگەرییان لەسەر ڕاکێشان و هێشتنەوەی دەستی کاری بیانیی هەرزان هەیە و سەندیکا کرێکارییەکانیش هێزی ڕێکخراوەیی خۆیان بەکاردێنن تا شوێنی کرێکارە ناوخۆییەکان لەق نەبێت. لەودیو پێکدادانی بەرژەوەندیی زەبەلاحەکانەوە، پرسی کۆچبەران لەسەر ئاستی وردی کۆمەڵایەتی بووەتە تێمای چەندین کاری هونەری و ئەدەبیی داهێنەرانە. یەکێک لەو کارە پڕداهێنانەش ڕۆمانی «پێکدادانی شارستانیەتیەکان لەسەر ئەسانسۆرێک لە پیازا ڤیتۆریۆ»ـە.

تەمەنی ئەم ڕۆمانە زیاد لە ٢٠ ساڵە و لە نووسینی عەمارە لەخووسە. نووسەرێک کە خۆی ئەزموونێکی درێژی کۆچبەری و  پەنابەریی هەیە. عەمارە لەخووس لە ئەمازیغییەکانی جەزائیرە دوای ئەوەی وەک ڕۆژنامەنووس بۆ ڕادیۆی نیشتمانیی ئەو وەڵاتە کار دەکات، هەڕەشەی لێ دەکرێت و وەک کۆچبەر ڕوو دەکاتە ئیتاڵیا. لە ڕۆما «مرۆڤناسیی کەلتوری» دەخوێنێت و بڕوانامەی دکتۆرا لەسەر نەوەی دووەمی کۆچبەرە مسوڵمانەکان لە ئیتاڵیا بەدەست دەهێنێت. بۆ چەندین ساڵ وەک وەرگێڕ و ڕۆژنامەنووس لەگەڵ کۆچبەران کار دەکات و شارەزای ورد و درشتی خەم و نیگەرانی و ژیانی ئەو کۆچبەرانە دەبێت کە لە هەموو کون و قوژبنەکانی دونیاوە ڕوویان لە ئیتاڵیا کردووە و هەم لەگەڵ کۆمەڵگەی ئیتاڵی و هەم لەناو خۆشیاندا بەردەوام خەریکی تێکهەڵپژان و پێکدادانن.

عەمارە لەخووس هەموو ئەزموونەکەی خۆی کۆدەکاتەوە و ڕۆمانێکی بچووک بە زمانی عەرەبی دەنووسێت بەناونیشانی «چۆن شیر بدەیت بە گورگ بەبێ ئەوەی گازت لێ بگرێت» و لە ساڵی 2001 بڵاوی دەکاتەوە، بەڵام ڕۆمانەکەی سەرنجێکی زۆر ڕاناکێشێت و خوێنەرێکی زۆری نابێت. دوای پێنج ساڵ و پاش ئەوەی ئاستی زمانی ئیتاڵییەکەی دەگاتە ڕەوانی، دووبارە ڕۆمانەکە بە گۆڕانکارییەکی کەمەوە بە زمانی ئیتاڵی دەنووسێتەوە و ئەمجارەیان سەرنجێکی زۆر ڕادەکێشێت و هەر زوو بۆ زیاد لە 10 زمان وەردەگێڕێت و فیلمێکیشی لێ دروست دەکرێت.

ڕۆمانەکە بە هۆشیارییەکی زۆرەوە دەربارەی پرسی کۆچبەران و ژیانی ڕۆژانەیان و سەختیی ژیان و بەخشینی دەرفەت لە غەریبیدا نووسراوە. نە دەچێتە قاڵبی پشتگیرییەکی بێئەملاولا لە کۆچبەران و نە دژایەتیکردنێکی ڕەگەزپەرستانە، بەڵکو وێنەیەکی تا ئاستی شیان واقیعییە بە تام و بەرامەیەکی سەرنجڕاکێشی ئەدەبی و زمانێکی تەنزئامێزەوە. چیرۆکی ڕۆمانەکە دەربارەی باڵەخانەیەکە لە پیازا ڤیتۆریۆ لە شاری ڕۆما، کە بووە بە لانەی کۆمەڵگەیەکی فرەچەشنی کۆچبەران کە لە هەموو جیهانەوە ڕوویان لەو شارە کردووە. کاتێک یەکێک لە کرێچییەکان لە ئەسانسۆری باڵەخانەکەدا بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە، هەمووان دەست دەکەن بە تۆمەتبارکردنی یەکتری و گوزارشتکردن لە ڕق و کینەی شارەوەیان لەسەر بنەمای نەتەوە، ئایین، جوگرافیا و ڕەگەز.

ئەم ڕۆمانە دووەم بەرهەمی نووسەرە و خەڵاتی ئەدەبیی فلەیانۆ و ڕاکاڵمارێی وەرگرتووە. لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو وەشانخانەی پەیک بە زمانی کوردی، بە وەرگێڕانی ڕێنوار نەجم، چاپ و بڵاوی کردەوە، دوای بەدەستهێنانی مافی وەرگێڕانی ڕۆمانەکە لە ناوەندی خاوەن ماف.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×