ئا: ئاوێنە
چاپی کوردی نوێترین کتێبی تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا کە بەسەرکردایەتیکردنی دە ساڵەی بەریتانیا (1997-2007) ناوبانگی دەرکرد، بەناوی "لەبارەی سەرکردایەتییەوە، وانەکانی سەدەی بیستو یەکەم" لەدوتوێی ٣٢٠ لاپەڕەدا بڵاوکرایەوە، ئەم کتێبە لەلایەن د. هێمن هەورامی-یەوە لەئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە.
"لەبارەی سەرکردایەتییەوە، وانەکانی سەدەی بیستو یەکەم"، یەکێکە لەبەنرخترین ئەو کتێبانەی لەم ساڵانەی دواییدا بڵاوکراونەتەوەو زۆرترین فرۆشی هەبووە لەئاستی جیهانداو وەک ڕێبەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەو کەسانە بەسوودە کە هەوڵی تێگەیشتن لەئاڵنگارییەکانو لێهاتووییەکانی سەرکردایەتی سیاسیو حکومی لەجیهانی هاوچەرخدا دەدەن.
تۆنی بلێر، سیاسەتمەدارێکی ناوداری سەردەمی ئێمەیە. دەرکەوتنی وەک سەرۆکی پارتی کرێکاران لەساڵی ١٩٩٤ سەرەتای وەرچەرخانێکی گرنگ بوو، کە لەماوەی چەند ساڵێکی کورتدا پارتەکەی گۆڕیو دەنگی میللەتەکەی بەدەستهێنا، لەساڵی ١٩٩٧ بەگەورەترین سەرکەوتنی پارتی کرێکاران لەمێژوودا بوو بەسەرۆک وەزیرانو کۆتایی بەهەژدە ساڵ حوکمڕانی پارتی پارێزگاران هێنا، ئەو سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی کرد بۆ سێ خولی یەک لەدوای یەک لەحکومەتدا.
تۆنی بلێر، لەم کتێبەدا زیاتر لە دە ساڵ ئەزموونی سەرکردایەتیکردنی حکومەتی بەریتانیا بۆ پێشکەشکردنی ڕێنماییەکی پراکتیکیو ڕاستەوخۆ بۆ هونەری سەرکردایەتی چڕدەکاتەوە ، کە دوورە لەتیۆری ئەبستراکتو لەڕێگەی بابەتی پوختو نموونەی جیهانی ڕاستەقینە کە لەسیستەمی سیاسی جۆراوجۆر لەسەرانسەری جیهانەوە وەرگیراونو ئەزموونی سیاسی دەگۆڕێت بۆ وانەی کۆنکرێتیو کارپێکراو. شیکارییەکانی هەم لە ئەزموونی کەسیی خۆی سوودیان وەرگرتووەو هەم لەچاودێریکردنی ڕاستەوخۆی سەرکردەکانی دیکەی جیهان، چ لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیداو چ لەڕێگەی کارەکانی دواتری پەیمانگاکەی لەگەڵ حکومەتەکانی سەرتاسەری جیهان.
ئامانجی ئەم کتێبە ئەوەیە کە ببێتە ڕێبەرێک بۆ سەرکردەکانی ئێستاو داهاتوو، نەک تەنها لەگۆڕەپانی سیاسی بەڵکو لەبوارەکانی دیکەشدا کە سەرکردایەتیکردن زۆر گرنگە، بلێر هەر لەسەرەتای کتێبەکەیدا ئاماژە بەخاڵێکی سەرنجڕاکێش دەکات کە "هیچ سەرکردەیەکم نەبینیوە سەرکەووتوو بووبێت تەنیا لەبەرئەوەی (سەرکردە) بووە".
تۆنی بلێر ئاماژە بەوە دەکات کە سەرکردایەتی هەمیشە گەشتێکەو بەتێپەڕبوونی کات، نەخشەیەکی سێ قۆناغی لەخۆدەگرێت:
١/ لەسەرەتای گرتنەدەستی دەسەڵاتدا، سەرکردەکان هەموویان گوێگرن. ئەوان ئاگادارن کە کەمێک دەزانن، ئەگەر شتێک هەبێت، لەوەی کە بەڕاستی حوکمڕانی مانای چییە، بەپەرۆشەوە گوێ دەگرن.
٢/ لەقۆناغی دووەمدا، کاتێک بەریتمی کاری ڕۆژانەیان رادێن، ئەوەندە دەزانن کە باوەڕیان بەوەیە ئیتر هەموو شتێک دەزاننو تاقەتی گوێگرتنیان نییە، ئەوان سەرۆکن، کێ دەتوانێت لەوان زیاتر بزانێت؟
٣/ قۆناغی سێیەم پێگەیشتنە، کاتێک تێدەگەن ئەوەی دەیزانن کۆی زانیارییە سیاسیەکان نییەو شتگەلێک هەن کە نایزانن. جارێکی تر بەخاکەڕاییەکی زیاترەوە گوێ دەگرنو فێر دەبن.
بلێر جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەداخەوە زۆربەی سەرکردەکان تەنیا لەڕێگەی ئەزموونێکی تاڵەوە دەگەنە قۆناغی سێیەمی خوازراو. مەودای نێوان سێ قۆناغەکە دەتوانێت درێژ یان کورت بێتو زۆرێک لەسەرکردەکان هەرگیز تەنانەت لەقۆناغی دووەمیش تێناپەڕنو ڕێک لەم قۆناغەدا بەزۆری هەڵەکان ئەنجام دەدرێن.
خاڵێکی گرنگ لەم کتێبەدا کە بلێر ئاماژەی پێدەکات، جیاوازییەکی بەرچاوە لە نێوان (سەرکردە) بوونو (سەرکردایەتی)دا، سەرکردەکان لەڕێگەی چەندین شێوازی جۆراوجۆرەوە دەگەنە پێگەی دەسەڵات: هەندێکیان بەنەخشەو لێکدانەوە، هەندێکی تر بەڕێکەوت، هەندێکیان بەهۆی بارودۆخی تایبەتەوە، هەندێکیان لەڕێگەی قەیرانەوە، هەندێکی تریش لەڕێگەی بوێرییەوە. زۆرجاریش تێکەڵەیەکە لەهەموو ئەمانە.
بەڵام تەنها کەمینەیەک بەڕاستی شایەنی نازناوی (سەرکردە)ن، واتە کاتێک دەگەنە ئەوێ، سەرکردایەتی ڕاستەقینە بەکاردەهێنن.
تایبەتمەندییەکانی سەرکردایەتی دەبێت وەک یەک بن بەبێ گوێدانە ئەو پۆستەی کە بەدەستیەوەیە، لەبەڕێوەبردنی وڵاتێکەوە تا دەگات بەبەڕێوەبردنی تیمێکی تۆپی پێ، کۆمپانیایەک، یان هەر جۆرە ڕێکخراوێک، جا فرۆشگایەک بێت یان سەنتەرێکی کۆمەڵایەتی.
تایبەتمەندی سەرکردەیەکی کاریگەر لەسیاسەتدا چییە؟ بیرۆکەکانی تۆنی بلێر بەڕوونی ئەوە نیشان دەدەن کە سەرکردە کەسێکە هەنگاو دەنێت بۆ پێشەوە کاتێک ئەوانی تر هەنگاو دەنێن بۆ دواوە، کەسێکە کە توانای بڕیاردانی لەسەر بنەمای بەرفراوانترینو درێژخایەنترین بەرژەوەندیی گەل هەبێت، کەسێکە کە بوێری خۆی نیشان بدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی پۆپۆلیستیترینو کورتبینترین ڕەوتی بیروڕاکان، سەرکردە راستەقینەکان بوێری ئەوەیان هەیە کە دوای قەرەباڵغی نەکەونو بەپێچەوانەی شەپۆلەکەوە مەلە بکەن، ئەوان کاتێک قسە دەکەن کە ئەوانی تر بێدەنگ دەبن، کاتێک ئەوانی تر دوودڵن ئەوان هەنگاو دەنێن. ئەوان مەترسی دەگرنە ئەستۆ لەپێناوی ئامانجێکی باڵاترداو ئامادەشن ئەوە بڵێن کە پێویستە بووترێت، بەبێ ئەوەی یاری بەهەستو سۆزی جەماوەرەکەیان بکەن.
بلێر دڵنیایە دەبێت هەمیشە ئەولەویەت چارەسەرکردنی کێشەکان بێت نەک بەدەستهێنانی دەنگ، بەبڕوای ئەو یەکێک لەتەڵە باوەکانی سەرکردایەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هەموو شتێکە. بلێر بەڕوونی باس لەوە دەکات کە ئەوانەی هەوڵی هەموو شتێک دەدەن بەهیچ ئەنجامێک ناگەن، "هەوڵ بدەیت هەموو شتێک بکەیت، ئەگەری زۆرە هیچ نەکەیت"، گرنگ دیاریکردنی ئەولەوتەکانو بەرەنگاربوونەوەی وەسوەسەی پەرشو بڵاو بوونە.
بلێر شتێکی بەهێزمان بیردەخاتەوە: وزەی تیمێک، ڕێکخراوێک، یان تەنانەت وڵاتێک، بەتوندی بەمیزاجی سەرکردەکەی دیاری دەکرێت. بۆیە سەرکردە دەبێت لەکاتی زریانەکاندا ئارامو گەشبین بێت بەبێ ئەوەی نکۆڵی لەواقیع بکاتو تەنانەت لەبەرامبەر ناخۆشیەکانیشدا متمانەی بەخۆی هەبێت کە گەلو وڵاتەکەی بەرەو ئامانجێکی باڵا دەبات، لەبەرئەوەی هەڵوێستی سەرکردە کاریگەری لەسەر باری دەروونی جەماوەر هەیە. ئەوەی بلێر پێشنیاری دەکات، شێوازێکی سەرکردایەتی تاکڕەوانە یان نەرگسی نییە، بەڵکو شێوازێکە کە بەئامانجو بوێریو ڕوونی ئەخلاقی تایبەتمەندە.
کتێبەکە باس لەو پرسیارە بنەڕەتییانە دەکات کە هەموو سەرکردەیەک بەتایبەت لەگۆڕەپانی سیاسیو لەچوارچێوەی دینامیکیو ئاڵۆزی سەدەی بیستو یەکەمدا دەبێت لەگەڵیاندا ڕووبەڕوبێتەوە:
چۆن ناوەندێکی بەهێزی حکومەتو تیمێکی شارەزا بۆ بەڕێوەبردنی وڵات ڕێکبخەن؟ چۆن ئەولەویەت دەستنیشان بکەنو پلانی ستراتیژیو دروست دابڕێژنو ستافێکی گونجاو دابمەزرێننو مامەڵە لەگەڵ ڕووداوو مەترسیو قەیرانە پێشبینینەکراوەکان بکەنو سەرکەوتنە کورتخایەنەکان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی درێژخایەن هاوسەنگ بکەن؟ باشترین ڕێگا چییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بیرۆکراسییەکی بەربەست یان بێهێزو ڕاکێشانی وەبەرهێنانو چاکسازی لەچاودێری تەندروستی یان پەروەردەو دڵنیابوون لەسەلامەتی هاوڵاتیان؟ حکومەتەکان چۆن دەبێ دەرفەتە زەبەلاحەکانی شۆڕشی تەکنەلۆژیو زیرەکی دەستکرد (AI) بۆ باشترکردنی بەرهەمهێنانو گۆڕینی دیجیتاڵی هەردوو حکومەتو خزمەتگوزارییە گشتیەکان بەکاربهێنن کە سەرکەوتن یان شکستی گەلان لەسەدەی بیستو یەکەمدا دیاریدەکات؟
لەم کتێبەدا دێڕێکی سەرنجڕاکێش هەیە کە دەڵێت "ئەمە کاتێکی باشە بۆ حوکمڕانی"، پەیامی بلێر ئەوەیە کە شتەکان دەتوانن باشتر بنو بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر دەبن، ئەگەر سەرکردەکانی حوکمڕان سەرنجیان لەسەر ئەو ئامانجو ئەنجامانە بێت کە دەیانەوێت بەدەستی بهێنن، ئەگەر بەتەواوی سوود لەتەکنەلۆژیا نوێیەکان وەربگرنو ئەگەر هەوڵ بدەن ڕێزی ئەو کەسانە بەدەستبهێنن کە حوکمڕانییان دەکەن.
تۆنی بلێر کە بەسەرکردایەتیکردنی وڵاتێک بۆ زیاتر لەدە ساڵ فێری فەرمانەکانی حوکمڕانی بوو، لەو ماوەیەدا تێگەیشت هەندێک تایبەتمەندی سەرەکی حکومەتی سەرکەوتوو هەیە کە خۆزگە دەخوازێت کاتێک دەستیپێکرد زانیبایە، ئەو دواتر کۆمێنتێکی کردووە کە ئەم کتێبە ئەو کتێبە دەستنووسەیە حەزی دەکرد کاتێک لەساڵی ١٩٩٧ دەستبەکاربووە هەیبێو ڕاشیگەیاندووە "ئامانجم پێشکەشکردنی ماستەرکلاسێکە لەسەرکردایەتیدا نەک تەنها لەسەر بنەمای سەرکەوتنەکانم، بەڵکو لەسەر بنەمای هەڵەکانیشم".
کتێبەکەی تۆنی بلێر سەبارەت بەسەرکردایەتی سەرچاوەیەکی ناوازەیە بۆ تێگەیشتن لەئاڵۆزییەکانی ئەم بابەتە، بەهۆی ئەزموونی بێهاوتای نووسەرەکەیەوە، کە جگە لەوەی لەساڵی ١٩٩٧ تا ٢٠٠٧ وەک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کاری کردووە، تۆنی بلێر دامەزراوەی تۆنی بلێری بۆ گۆڕانکاری جیهانی دامەزراندووە، کە ڕاهێنان بۆ سەرکردەکان لەسەرانسەری جیهاندا دابین دەکات. ئەم ئەزموونە بەرفراوانە وای لێکردووە کە لەپەیوەندییەکی نزیکدا بێت لەگەڵ کاربەدەستانی جۆراوجۆرو بارودۆخی سەرکردایەتیو سەرەنجام ئەم ڕێنماییە جەوهەرییە بۆ سەرکردەکان بەرهەمبهێنێت.
"لەبارەی سەرکردایەتییەوە، وانەکانی سەدەی بیست و یەکەم"، کتێبی ڕێنمایی سەرکردایەتییە بۆ ئەو کەسانەی کە بوێری ئەوەیان هەیە گۆڕانکاریی بەدیبهێنن بەرەو ئایندەیەکی باشتر، خوێندنەوەی بۆ سەرکردە سیاسییەکانو ڕاوێژکارانی حکومەتو بەرپرسانی باڵاو هەر کەسێک ئارەزووی کارگێڕی گشتیو مومارەسەی دەسەڵات دەکات پێویستە، هەروەها بەهایەکی زۆری هەیە بۆ بەڕێوەبەرانو کارگێڕانی کەرتی تایبەتو خوێندکارانی زانستە سیاسییەکان کە هەوڵدەدەن لەبنەماکانی سەرکردایەتی لەژینگە ئاڵۆزەکاندا تێبگەن.
خاڵی سەرنجڕاکێشی ئەم چاپە کوردییەی ئەم کتێبەی "تۆنی بلێر"یش ئەوەیە کە یەکەم، بەزمانێکی کوردی زۆر پاراو لەلایەن د،هێمن هەورامییەوە بەدەستڕەنگینییەوە وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی کوردی، دووەمیش ئەم کتێبە هەم دەقێکی ئایدیاڵە بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی قووڵ لەچۆنیەتی سەرکردایەتی لەسەدەی بیستو یەکەمداو هەم بۆ بیرکردنەوەش لەدۆخی ئێستاو بۆ ئەوەی کە کوردستان ئەمڕۆ پێویستی پێیەتی.


تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا