پ.د. عەلی تاهیر بەرزنجی
کتێبی (حادثة الموصل ۱۹۰۹ تداعیاتها الاجتماعية - السياسية والقضائية والعسكرية) نامەیەکی ئەکادیمی (نورکان سیفر)ە، (سعود معن نجم) بۆ زمانی عەرەبی وەریگێڕاوە، دەزگای (مكتبة النهضة العربية) ساڵی ٢٠٢٧ لەبەغداد چاپی کردووە، لەپێشەکی و پینج بەش بەم ناونیشانانه پێکهاتووە:
بەشی یەکەم: بنکۆڵکردنی ڕووداوەکەی مووسڵ و مێژووەکەی.
بەشی دووەم: دەسەڵاتی دەوڵەت و سەیدەکانی بەرزنجە لەسەردەمی دووەمین دەستووردا.
بەشی سێیەم: ڕووداوەکەی مووسڵ لەچوارچێوەی توندوتیژیی ڕێکخراودا.
بەشی چوارەم: ڕەنگدانەوەی ڕووداوەکەی مووسڵ لەپەڕلەماندا.
بەشی پینجەم : قوڵبوونەوەی تەنگژەکە و بڵاوبوونەوەی.
گرنگیی ئەم کتێبە لەوەدایه ، نووسەر چۆتە ناو بەڵگەنامە و ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانییەوە و بەوردیی پشکنیونی . دەوڵەتی عوسمانی نزیکەی شەش سەدە فەرمانڕەوایی کردووە ، بەشێکی زۆری مێژووی ناوچەکە گرێدراوی ئەو بەڵگەنامەو ئەرشیفانەن ، مێژووی سلێمانی و ناوچەکەیش لە ناو بازنەی ئەو دەسەڵاتەدا بووە ، بەتایبەتیش ساڵی ۱۹۰۹ کە خۆی لە ململانێی نێوان پاشماوەی هێزە کۆنەکانی سەردەمی عەبدولحەمید و ڕەوتی ئیتیحادییەکاندا بووە .
ئەم کتێبە سوودی لە ٥٠٠ بەڵگەنامەی عوسمانییەکان کە تایبەت بوون بە بوارهکانی کارگێڕی ، داد ، سەربازی ، کۆنووسەکانی پەرلەمان ، کتێبی ڕۆژھەڵاتناسان ، کونسوڵگەرەکان ، کەسایەتییەکان وەرگرتووە .
سەبارەت بە کوشتنی شێخ سەعید و پیلانی هاوبەشی چەند کەسێک لە سلێمانی و مووسڵ لەم کێشەیەدا. زانیاریی گرنگی تێدایە. بۆ چوونی هەردوولای کیشەکەی خستۆتە ڕوو . لێرەدا ئاماژە بە هەندێک لە خاڵە گرنگەکانی دەدەین .
(( دوای ڕاگەیاندنی دەستووری ساڵی ١٩٠٨ کێشە کەوتە نێوان ئەو کۆمەڵە ئایینیانەی ، کە پابەندی سەردەمی حەمیدی بوون لەگەڵ کادیرەکانی دوای دەستوور ، لە سلێمانی کێشە کەوتە نێوان بەرزنجییەکان و بەڕێوەبەرانی شاری سلێمانی، ئەنجامەکە بە دوورخستنەوەی شێخ سەعید و دواتر کوژرانی کۆتاییهات . شێخ سەعید هێمایەکی سوڵتان حەمیدی بوو )) نورکان سیفر / ل ٢١ .
توێژینەوەکان دەیسەلمێنن ، کەوا چەند ئەعیانێکی سلێمانی بە پاڵپشتی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی و پارێزگاری سلێمانی، لە پشت چەوساندنەوەی شیخ سەعیددا بوون ، لە بەرانبەریشدا ، هاوپەیمانییەکی خێلەکان و تەریقەتە سۆفیگەرییەکان پشتی شێخ سەعیدیان دەگرت ، هەر خودی شێخ سەعید کۆمەڵەیەکی بە ناوی( جمعية الإحسان الاتحادية ) وەک ڕەقیبێکی دژ بەوان دروست کردووە )) هەمان سەرچاوە ل ٢١ ، ٢٢ . ( هێزی سیاسی و ئابووری و هزری سەیدەکانی بەرزنجە دەرئەنجامی سەردەمی حەمیدی بووە ، بۆیە دوای ڕاگەیاندنی پاشایەتی دەستووری ، ئەمان دوچاری شکست بوون و بۆشایی دەسەڵات لە سلێمانی کەوتۆتە دەستی ئیتیحادییەکان و سەرۆک هۆزی جاف مەحمود پاشا .
لەهەمانکاتیشدا خاوەن موڵکەکانی سلێمانییش ناکۆکییان لەگەڵ سەیدەکاندا هەبووە ، بۆیە ئەمانیش لە بەرەی ئیتیحاد و تەرەقی ئەم بۆشایەیان پرکردۆتەوە و بوونەتە بەشێک لە بەرەی دەسەڵات )) هەمان سەرچاوە ، ل ٢٩ . (( دوورخستنەوەی شێخ سەعید لە سلێمانی لێدانێکی گەورە بوو لە خۆی و کۆمەڵەکەی و هەوادارانی لە هەمەوەند و قادرییەکان )) هەمان سەرچاوە ، ل ٢٩
(( دوورخستنەوەی شێخ سەعید و پیلانەکەی مووسڵ ، دوو قۆناغی یەک پیلان بوون ، تۆڵەسەندنەوەیەک بوو لەو هەموو دەستکەوتانەی کە هەندێک لە سەیدەکانی بەرزنجە لە سەردەمی عەبدولحەمیدا بەدەستیان هێنابوو . پیلانەکەی مووسڵ ئاگری شەڕی کورد و عەرەبی خۆش کرد ، ئەوەی سلێمانییش بریتی بوو لە هاوپەیمانی نێوان پارێزگاری سلێمانی تۆفیق پاشا و سەرکردە مستەفا و سەرۆکی هۆزی جاف مەحموود پاشا )) هەمان سەرچاوە ، ل ٣٠
(( بەرەکەی تریش ڕەشیدی والییان تاوانبار دەکرد بەوەی کەوا پشتی سەیدەکانی بەرزنجە دەگرێت ، هەروەها تاوانباری سەرەکی تاوانەکەی مووسڵ ، رەشیدی عومەرییان تاوانبار دەکرد بەوەی دەستکاریی تۆمارگەی بۆ سەیدەکان کردووە و ئاسانکاری بۆ کردوون تا بگەڕێنەوە بۆ کەرکوک )) هەمان سەرچاوە ، ل ٣٠
(( لە ناوچەکەدا سێ ڕەوت هەبوون ، ئیتیحادیە لە سلێمانی ، ڕەوتی کوردی لە سلێمانی ، ڕەوتی عەرەبی لە مووسڵ ، ئەمانە هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئایینی و نەتەوەیی دەیجوڵاندن ، کێشەی یەکەم لەنێوان ڕەوتی ئیتیحادی و پاشایەتی ئایدیۆلۆژی بوو، دووەمیشیان نەتەوایەتی و ئایینی نێوان کورد لە سلێمانی و عەرەب لە مووسڵ بوو ، هەرچەند هەردووکیان موسوڵمانی سونی بوون ، بەڵام لەسەر دەسەڵاتی ئاینی، سەیدەکان و زاناکان دژ بەیەک بوون )) هەمان سەرچاوە ، ل٣١
(( لە سەردەمی عەباسییەکاندا پۆستێک بەناوی ( نقیب الاشراف ) تایبەت بە نەوەکانی پێغەمبەر و بەرکەوتەکانیان هەبوو ، تا ڕووخاندنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەکان بەردەوام بوو ، لە ڕوانگەی عوسمانییەکانەوە شێخ سەعید دەچووە ئەو چوارچێوەیەوە . کاک ئەحمەدی بەرزنجی کە ساڵی ١٨٨٨ کۆچی دوایی کردووە، لەلایەن سوڵتانی عوسمانییەوە بانگ کراوە و هەمیشە جێگای ڕێز بووە . پاڵپشتیی سوڵتان حەمید لە سەیدەکانی بەرزنجە و پێشتریش لە میرنشینەکانی بابان لە سەدەی شانزەدا لە سلێمانی و کەرکوک زیاتر بۆ سەقامگیری سونە بووە بەرانبەر مەرزەکانی ئێران )) هەمان سەرچاوە ، ل ٤٦ ، ٤٧(( سیستمی حەمیدی پاڵپشتی ئابووری و مەعنەوی بەرزنجییەکان و ڕێبازەکانی تەریقەت بوو ، هەموو خێزان و مامۆستای قوتابخانەکانیان مووچەیان هەبووە ، موڵک و سامانەکانیان لە باج بەخشرابوون ، خودی شێخ سەعید بە فەرمانی ئیمپراتۆری مووچەی بۆ دابین کرابوو )) هەمان سەرچاوە ، ل ٤٧ .
(( بەشێوەیەکی گشتی فەرمانڕەوایی عەبدولحەمید ، پشتی هۆزەکانی سەر بە ڕێبازی قادری و نەقشبەندی دژ بە بانگەشەی شیعەگەرایی دەگرت ، بەڵام دوای سەردەمی ئەم و هاتنی پاشایەتی دەستووری پشتگوێ خران و دژایەتی دەکران )) هەمان سەرچاوە ، ل ٤٨
(( لەسەدەی نۆزدەیەمدا شێخ سەعید لە مووسڵ بە پاڵپشتی دەسەڵاتی حەمیدیە پێگەی بەهێزی هەبووە ، هەندێ جاریش کێشەی لەگەڵ تاڵەبانییەکاندا هەبووە ، بەڵام دەسەڵات لەپێناو بەرژەوەندی خۆیدا هەموویانی رێکخستووە . دوای ساڵی ١٩٠٨ و ڕاگەیاندنی دەستووری دووەم ، ئاژاوە و پشێوی ڕوویدا ، بەتایبەت لەلایەن بەرزنجی و هەمەوەندەکانەوە ، هەماهەنگییەکی بەهێز لە نێوانیاندا هەبووە ، هەمەوەندەکان لەڕێگەی شێخ سەعیدەوە ئاژاوەیان نایەوە، چونکە بەرژەوەندییەکانی شێخ سەعید بەرەو لاوازی ڕۆیشتن . هێرشی هەمەوەندەکان کاریگەریی لەسەر بازرگانی نێوان بەغداد و سلێمانی هەبوو )) هەمان سەرچاوە ، ل ٤٩
((لە حوزەیرانی دا ١٩٠٤ شەڕ لە نێوان سەیدەکان و ئاغاکان لەسەر موڵک و دەسەڵات دەستی پێ کرد ، چەندین کوشتنی لێکەوتەوە ، شێخ سەعید دەستی لەو دەستکەوتانە کە دەسەڵاتی حەمیدیە پێی بەخشیبوو هەڵنەگرت ، دوای ماوەیەک وەزیری ناوخۆ ڕاپۆرتێکی لە مستەفا پاشا و سەرۆکی هۆزی جاف مەحمود پاشاوە لەبارەی دوورخستنەوەی شێخ سەعید و برا و کوڕەکانییەوە لە سلێمانییەوە پێ گەیشت ، وەزیری ناوخۆیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نارد بۆ سلێمانی تا لە سکاڵای مستەفا پاشا و سەرۆک هۆزی جاف مەحمود پاشا وردببنەوە و ٤٦ کەس دەستگیر بکەن. زۆرترین کەسایەتی کە سکاڵاکەیان نووسیبوو ئەندامانی لیژنەی ئیتیحاد و تەرەقی بوون لە سلێمانی ، لە سکاڵاکەدا ناوی ئەمانە هاتبوو ، موفتی عەبدولعەزیز ، عەبدولغەفور ، عەبدولڕەحمان ، دواتر هەر ئەمانە بروسکەیەکی تریان نارد و ڕایانگەیاند کەوا شێخ سەعید و کۆمەڵەکەی بەربەستێکی سەختن دژ بە سیستمی دەستووری و بۆ خۆیان کۆمەڵەیەکیان بەناوی ( جمعية الاحسان الاتحادية ) پێکهێناوە . بروسکەیەکی تر لە چواری نۆڤەمبەردا لەلایەن چەند کارمەندێک و نوخبەی سەربازییەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ نێردرا ، داوایانکرد شێخ سەعید و خێزانەکەی دوور بخرێنەوە ، بەڵام داواکەیان ڕەتکرایەوە ، دووبارە بەناوی کۆمەڵێک کارمەند و زاناوە هەڕەشەیان کرد ئەگەر شێخ سەعید و خێزانەکەی دوور نەخرێنەوە ئەوا بەزۆر دەریاندەکەن ، دواتریش بروسکەیەکی تریان نارد ، ئەوانەی زیاتر جەختیان لە دەرکردنی شێخ سەعید دەکرد ئەمانە بوون ، موفتی سلێمان عەبدولعەزیز ، عومدە عەبدولغەفور ، شێخ ئەمین لەگەڵ ٨٩ کەسدا ، ئەوەیان ڕاگەیاند کە شێخ سەعید سەر بە رژێمی کۆنە و دژی دەستوورە ، فتوای دژ بە ئیتیحاد و تەرەقی دەرکردووە )) هەمان سەرچاوە ل ٥٦ ، ٥٧
(( والی مووسڵ زەکی پاشا بڕیاری دا ، کەوا مانەوەی شێخ سەعید وخزمەکانی لە سلێمانی کێشە دروستدەکات، بۆیە پێویستە هێزیکی سەد کەسیی تر زیاد بکرێت و ئەرکی خۆی ببینێت، هەروەها گوتی زیندانیکردنی شێخ سەعید لەناو پارێزگای سلێمانی هەڵەیە ، چونکە خاوەن کەسایەتییەکی بەهێزە ، لەبەر ئەوە پێشنیاز دەکەم بەشێوەیەکی کاتی ڕەوانەی ئەستەنبول یان حەلەب و شوێنێکی وەک سوریا و حیجاز بکرێت . پلانەکەی وابوو سەرەتا بەناوی بانگکردنەوە ، وەک میوان بۆ چاوپێکەوتن ، نابێت سەربازی لەگەڵدا بێت . دواتر زەکی پاشا گوتی بازرگانەکان لە سلێمانی دوکانەکانیان داخستووە و دەیانەوێت شێخ سەعید و کوڕەکانی بکوژن ، بۆیە پێویستە بە زووترین کات ڕێگا لەو ڕووداوە بگیرێت.
هەر زوو چەند یەکەیەکی سەربازییان بۆ دابینکردنی ڕێگا ئامادەکرد ، کاپتن ئیبراهیم ئەفەندی ئەرکی گواستنەوەی پێ سپێردرا ، کاروانەکە بریتی بوو لە شێخ سەعید و کوڕەکانی مەحمود و ئەحمەد ، براکەی نەقیب شێخ مەعروف ، سەید ئەحمەد بابا ڕەسول ، شێخ ساڵحی کوری موفتی کۆن ، سەید محەمەد . کاروانەکە بەشەو بەرەو چەمچەماڵ بەڕێکەوت دواتریش سەد و چل سەرباز لە کەتیبەی خەیالە هاوڕایان بوون و لە ژێر ڕکێفی سەرکردایەتی فرقەی دوانزدە بەرەو مووسڵ بێن .)) هەمان سەرچاوە ل ٥٧
( (ئامانجی ستراتیژی لە دوورخستنەوەی شێخ سەعید لاوازکردنی ڕێکخراوەکەی ( جمعية الاحسان الاتحادية) بوو ، بەوەی سەیدەکان و هۆزی هەمەوەند و ڕێبازە سۆفیگەرییەکانی لێ داببڕن . دەسەڵات بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە ، کە ڕووداوی دڵتەزێن ڕوونەدات ، سەیدەکانیش ڕوونیان کردەوە کەوا پیلانێکی بۆ داڕێژراوە لەلایەن تۆفیق پاشاوە هەیە ، ئەم پاشایە ساڵی ١٩٠٧ دانراوە ، پێشتر قایمقامی ناوچەی ( تفشیر ) ی پارێزگای قونیە بووە و ڕۆلێکی سەرەکی لە مێژووی سلێمانی و ڕووداوەکەی مووسڵ دا هەبووە . شێخ سەعید لای زەکی پاشا هەموو تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە و گوتی لەلایەن خەڵکی سلێمانیەوە هیچ ناڕەزاییەک دەرنەبردراوە جگە لەو سێ کەسە نەبێت ، تۆفیق پاشا ، سەرکردە مستەفا ، مەحموود پاشای جاف . زۆر لە سەیدەکان و سەرۆک هۆزەکان لەسەر گۆڕی کاک ئەحمەدی شێخ کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند کەوا دامەزراندنی ( جمعية الاتحاد الخيرية ) دژ بە دەستوور نییە و ئامادەن داکۆکی لە ماف و ئازادی بکەن )) هەمان سەرچاوە ل ، ٥٩ ، ٦٠ ، ٦٣
(( ڕووداوەکەی مووسڵ بە چەند شێوەیەک گێڕدراوەتەوە ، لەوانە سەربازێکی سەرخۆش سەر بە یەکەیەکی سەربازی لە کەرکوک لە مووسڵ تەنگی بە ئافرەتێک هەڵچنیووە ، پیاوێک لە بەڕێوەبەرایەتی تووتن لە مووسڵ لە سێیەم ڕۆژی جەژندا هەمان کردەوەی بەرامبەر ئافرەتێک کردووە . ( هت ) پاڵپشت بە یاداشتەکانی کونسوڵگەری بەریتانیا ( إ .ویلکی ) و نامەکانی لەگەڵ باڵوێزی بەریتانی ( سیر جیرارد لوثر ) دەڵێت : ڕۆژی پێنجی یەنایەر کاتێک شێخ مەحمود بەرزنجی کوڕی شێخ سەعید لەگەڵ دوو کەسی تردا بە ناوەکانی ئەحمەد و بەها لەبەردەم پەنجەرەی ماڵی شێخ سەعیدا دانیشتبوون، چەند ئافرەتێک بەبەردەمیاندا تێدەپەڕن بەها چاوی خستۆتە سەر ئافرەتێکی سۆزانی و سەربازێکی لە یەکەکانی کەرکوک ناردووە بۆ ئەوەی بیهێنێتە ناو ماڵەکەیان ، بەڵام ئافرەتەکە ئەمەی ڕەتکردۆتەوە ، سەربازەکەیش ویستویەتی بە زۆر پەلکێشی بکات ، خەڵکێکی زۆر لێیان کۆدەبنەوە و چەند ئافرەتێکی تریش دەست بە قیژە و هاوار دەکەن و لە سەربازەکە دەدەن ، کاتێک مەفرەزەیەکی ئێشکگر هاتوون بۆ شوێنی ڕووداوەکە ، پیاوەکانی شێخ لە پەنجەرەکەوە خەڵکیان گولەباران کردووە و پشێوی دروستبووە.
لە هەندێک گێڕانەوەی تردا دەگوترێت ئافرەتەکە باڵاپۆش بووە . ئالەم کاتەدا خەڵکێکی زۆر بە پاڵپشتی ( محمد ابو جاسم ) ناوێک لەگەڵ هەندێک زانای ئایینی و چەند کەسێکی تر هێرشیانکردۆتە سەر ماڵی شێخ سەعیدو و کوڕەکەی، شانزدە کەسیان لە خێزانەکەی کوشتووە ، هەر هەمان کاتیش هەندێک سەربازی یەکەی کەرکوک بۆ یارمەتی هاوڕێکانیان گەیشتوونەتە گۆڕەپانەکە ، تادەهات خەڵک کۆدەبوونەوە ، سەربازەکان بەرەو مۆڵگەکانیان پاشەکشەیان کردووە ، خەڵکیش بەرەو مۆڵگەکانیان هێرشیان بردووە و تەقە دەستی پێکردووە تا سێ کاتژمێر بەردەوام بووە و زۆریان لێ کوژراوە ، شەو سەربازەکان خۆیان بەدەستەوە دەدەن و شەست کەسیان لێ دەکوژرێت . ژن و منداڵیشیان تێ دابووە . هەروەها ( یونغ ) دەڵێت ئەعیان و زانایانی ئایینی مووسڵ کاریگەری زۆریان لەم پیلانەدا هەبووە، بەوەی پێش ڕووداوەکە لە یەکێک لە ماڵەکاندا پلانەکەیان دارشتبوو ابو جاسم ناوەکەیش لەبەرانبەر هەندێک پارەدا پیلانەکەی جێبەجێکردووە )) هەمان سەرچاوە ، ل ١٠٢
((کاتی تاوتوێکردنی کێشەکە لە پەرلەمانی عوسمانیدا زۆر لە ئەندامەکانی شارەکان دژ بەم شێوە گرتنەی شێخ سەعید وەستانەوە و گوتیان ئەم جۆرە نەفیکردنە دژ بە پرەنسیپەکانی دەستوورە ، ئەوانەی ئەم کارەیان ئەنجامداوە پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت ، چونکە بەپێی بنەماکانی دەستوور مافی تاکە کەسییان پێ شێلکردووە و لەگەڵ شێخ سەعید کێشەی کەسییان هەبووە ، نوێنەری شاری دیاربەکر ( عارف بیر ینجیزادە ١٨٥٣ - ١٩٠٩ ) گوتی ئەمە شێواندنی کەسایەتییەکی بەناوبانگی ئاینییە و شێخ سەعید قوربانییە )) هەمان سەرچاوە ، ل ١٤٦ ، ١٥١
(( لە کوردستان زۆر هۆز و کەسایەتییەکان لەسەر گرتنی شێخ سەعید ناڕەزاییان دەربڕی و داوایانکرد تۆفیق پاشا لە سلێمانی دەربکرێت و دادگایی بکرێت ، دوان لەوانە عائیشە خێزانی کاک ئەحمەدی شێخ و ئامینە خێزانی نەوەی شێخ سەعید بوون ، هەرچەند دواتر تۆفیق پاشا لابرا ، بەڵام هێشتا برینەکە سارێژ نەبووبوو ، نۆزدەی شوبات، تۆفیق بەگ دوای لابردنی، لەلایەن هۆزی هەمەوەندەوە کەمینی بۆ دانرا و ناچار کرا بەرەو سلێمانی بگەڕێتەوە . لە سلێمانییش نزیکەی سەد کەسێک بروسکەیەکیان نووسی و پاڵپشتی تۆفیق بەگیان دەکرد )) هەمان سەرچاوە ، ل ١٧٧
(( هەندێک ڕاپۆرت هەیە باس لەوە دەکەن کەوا تۆفیق پاشا بە هاوکاری مستەفا پاشا ڕاپۆرتی درۆیان لەسەر شێخ سەعید ناردووە و لە سلێمانی بەزۆر بازاریان بە خەڵک داخستووە و خەڵکیان کۆکردۆتەوە و ڕایانگەیاندووە گەر شێخ سەعید دەرنەکرێت ئەوا ڕاپەڕین بەرپادەکەن، مەحموود پاشای جاف ڕۆڵی سەرەکی لەم بوارەدا هەبووە.
دواتر زەکی پاشا لە ئازاری ١٩٠٩ دا لە وەزارەتی ناوخۆوە بروسکەیەکی پێ گەیشتووە تێیدا هاتووە دەڵێت ڕائید علی سەعید دوو بروسکەی بۆ ( نوح بی ) کە کوڕەزای تۆفیق بەگە بەدەستی خۆی نوسیووە و پلانی نەفی کردن و شوێنی کوشتارەکەیان لە مووسڵدا دیاری کردووە ، هەروەها چەند بازرگانێک و کەسایەتییەکی سلێمانی کە زۆربەیان ئەندامانی حیزبی ئیتیحاد و تەرەقی بوون داوای گەڕانەوەی تۆفیق بەگ دەکەن و دژی شێخ سەعید وەستاونەتەوە، لەوانە ، عەزمی ، صادر ، فتح اللە ، سەعید ، شەریف بوون )) هەمان سەرچاوە ل ٢٠٠ ، ٢٢٢ ، ٢٢٣
دادگای کردنەکە پانزدە مانگی خایاندووە. پیاوانی ئایینی لە مووسڵ و چەند کەسایەتییەکی شارەکە بە هەموو توانایانەوە بەرەیەکیان دژ بە شێخ سەعید و ئازادکردنی بەند کراوەکان پێکهێنابوو ، ٢٩١ کەس لەسەر ڕووداوەکەی مووسڵ گیرابوون ١٥٣ کەسیان ئازاد کران ٨٣ کەسیان بە تۆمەتی ترسناک تاوانبار کران ، بەڵام نازاندرێ ڕەشید عەلی و ئیمام عەلی کە زۆر تاوانباربوون لە سێدارە دراون یان نە ، لە ئەرشیفەکانی دەوڵەتی عوسمانی دا چۆنێتی جێبەجێکردنی ئەم سزایانە دیارنییە )) هەمان سەرچاوە ، ل ٢٠٠ ، ٢٢٢ ، ٢٢٣ .
لە کۆتاییدا دەڵێم ئەم کتێبە بە دوورودرێژی باسی ڕووداوەکەی ساڵی ١٩٠٩ ی مووسڵ دەکات ، ئێمە لێرەدا تەنیا ئاماژەمان بە هەندێک خاڵی گرنگی داوە ، هیواخوازم خوێنەر بە وردی کتێبەکە بخوێنێتەوە تا بەباشی لە ڕووداوەکانی شاری سلێمانی و کێشەکانی لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی دا تێبگات .