رۆمانی دواهەمین هەناری دونیاو چەند سەرنجێک
  2025-03-20       543       

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

 

(دواهەمین هەناری دونیا) یەکێکە لە بەرهەمە جوانەکانی رۆماننووسی ناسراوی کورد بەختیار عەلی. ئەم رۆمانە لە ساڵی 2002دا نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە، بەڵام من دوای 23 ساڵ دوایین چاپیم خوێندەوە کە لەلایەن ناوەندی رەهەندەوە چاپکراوە. لەوانەبێت خوێنەر بپرسێت، بۆچی دوای ئەو هەموو ساڵە خوێندنەوە بکرێت بۆ رۆمانێک نزیکەی 23 ساڵ پێش ئێستا بڵاوکراوەتەوە؟ هۆکارەکەی ئاسانە، من ئێستا چاوم بەو رۆمانە کەوتووە، پێشتر لە ئەڵمانیا بووم و ئەو رۆمانەشم بەرچاو نەکەوتبوو. هەروەها بابەتەکانی ناو رۆمانەکەش وایکردووە رۆمانەکە بە زیندوویی بمێنێتەوە. هەرچەندە ئەم رۆمانە پێشتر قسەی لەبارەوە کراوە، منیش دوای خوێندنەوەی ویستم چەند سەرنجێکی خۆم لەبارەیەوە بنووسم.

لەلایەکی تریشەوە ئەم رۆمانەی لە هەموو رۆمانەکانی تری ناسراوترە و وەرگێڕدراوە بۆسەر زمانی ئەڵمانی و فارسی. هەروەک نووسەریش دەڵێت: "گەر بمرم و بهێڵن تاکە کتێبێک لەگەڵ خۆم بەرم بۆ ئەو دنیا، ئەوا رۆمانی(دواهەمین هەناری دونیا) لەگەڵ خۆم دەبەم".


چەند خاڵێکی گرنگ

ئەم رۆمانە لەچاو رۆمانەکانی تری نووسەردا جیاوازترە، بەتایبەتی لە رووی شێوازی نووسین و ناوەڕۆکەوە. لە رووی شێوازەوە، نووسەر زیاتر پشتی بە رێبازی(ماگی ریالیزم، واقیعی سیحریی) بەستووە، ئەم شێوازی نووسینەش زیاتر نووسەری کۆڵۆمبی(گابرێل گارسیا مارکیز) پێی ناسراوە و تێیدا سەرکەوتوو بووە، یەکێکیشە لە رێبازە جوانەکانی نووسینی رۆمان.

 بەلای منەوە (بەختیار عەلی) لەم رۆمانەیدا سەرکەوتووبووە لە پەیڕەوکردنی ئەم فۆڕمەی نووسین، ئەمەش بە یەکێک لە خاڵە جوانەکانی ئەم رۆمانە دادەنرێت و مایەی سەرنجم بوو. لەڕووی ناوەڕۆکیشەوە نووسەر خاوەنی خەیاڵێکی فراوانە، توانیویەتی(پاڵەوان، رووداوەکان، حیکایەتە لاوەکییەکان) لەسەر هەمان رێبازی ماگی ریالیزم دابڕێژێت، ئەمەش دووبارە سەلیقەی نووسەر دەردەخات. وەک وتیشم توانای داهێنانی، خەیاڵفراوانیی لای نووسەر دەردەخات.

لەڕووی ناوەڕۆکیشەوە نووسەر بابەتێکی گرنگی هەڵبژاردووە و هەوڵیداوە لە رێگەی حیکایەتی(موزەفەری سوبحدەم) کە ماوەی 21 ساڵ لە بیابان زیندانی دەکرێت، زۆر بە جوانیی وەسفی بیابان و ژیانی موزەفەر لە بیاباندا بکات، ئەمەش بە بڕوای من خاڵێکی گرنگە، نووسەرێکی کورد توانیویەتی وەسفێکی وردی شوێنێکی جوگرافیی بکات کە پێی نامۆیە و تێیدا نەژیاوە. لەهەمانکاتیشدا نووسەر سەرکەوتوبووە لە باسکردنی زیندان و ژیانی زیندانیانی سیاسییدا.

پاش ئەوەی موزەفەری سوبحدەم ئازاد دەکرێت، بەدوای منداڵەکەی(سەریاسی سوبحدەم)دا دەگەڕێت، دواتر بۆی دەردەکەوێت جگە لە کوڕەکەی، دوو کەسی تر هەر بەناوی سەریاسی سوبحدەم هەن، هەریەکەشیان خاوەنی چیرۆکێکی تراژیدیی خۆیانن. نووسەر پەلە ناکات لە گێڕانەوەی هەموو چیرۆکەکان، وردە وردە خوێنەر بە چیرۆکی هەریەکەیان ئاشنا دەکات، لەرێگەی ئەمانیشەوە باسی رووداوە مێژووییەکان دەکات بەتایبەتی ساڵانی حوکمی رژێمی سەدام و دواتریش ساڵانی دوای راپەڕین و ساڵانی جەنگی ناوخۆ و گرانی، کە دەبنە بەردی بناغە و مەیدانی سەرەکیی رووداوەکانی رۆمانەکە.

هەروەها مەسەلەی کۆچی خەڵک بەتایبەتی گەنجان بۆ ئەوروپا، نووسەر رۆمانەکەی لە زاری موزەفەری سوبحدەمەوە دەگێڕێتەوە، کە لەناو کەشتییەکدایە بە قاچاخ دەیەوێت لە بەندەری پاترای یۆنانەوە بپەڕێتەوە بۆ ئیتاڵیا. ئەم رێگایەش من خۆم پێیدا تێپەڕیوم، دەزانم چەندە ناخۆشە. هەربۆیە ئەم رۆمانە وەکو فلاشباگێکی مێژووییە بۆ ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، کە دەتوانین بە ساڵانی نەگبەتیی و نەهامەتی بۆ گەلی کورد بەگشتی و باشووری کوردستان بەتایبەتی دایبنێین، چونکە لەو ساڵانەدا هەژاریی، جەنگ، گەمارۆی ئابووریی و سیاسیی و فەرهەنگی، کۆچ، سیمای گشتیی ئەو ساڵانە بوون.
 

چەند سەرنجێک

لە پەنا ئەم خاڵە جوان و باشانەی ئەم رۆمانەوە، وەکو هەموو دەقێکی ئەدەبیی، بەدەر نییە لە رەخنە و کەموکوڕی. دروستکردنی پاڵەوان یەکێکە لە رەگەزە بنەڕەتییەکانی رۆمان، نووسەر دەبێت بزانێت چۆن پاڵەوان دروست دەکات. لەهەمان کاتیشدا دەبێت ئەو پاڵەوانە لەناو فەزای خۆیدا سروشتیی دەربکەوێت، بۆ نموونە رێی تێناچێت کەسێک لەناو بازاڕدا عەرەبانەی پێیە و شت دەفرۆشێت، گفتوگۆی فەلەسەفی و فکریی قووڵ بکات، چونکە ئەمە لەگەڵ فەزای گشتیی پاڵەوانەکەدا ناگونجێت، ئەو دیالۆگانەی سەریاسی یەکەم لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا دەیکات، بەتایبەتی لەگەڵ سەریاسی دووەم و هاوڕێکانی، یان نامەکانی سەریاسی دووەم بۆ باوکی، وەکو خوێندکارێکی بەشی فەلسەفە وابێت ئاوا قسە دەکات، ئەمەش دوورە لە راستییەوە.

لەلایەکی ترەوە لە سەرەتای رۆمانەکەدا، یاقوبی سنەوبەر وەکو دووەم پاڵەوانی رۆمانەکە دەردەکەوێت، بەڵام ئیتر ئەم کەسە هەتا کۆتایی رۆمانەکە هیچ دەرناکەوێت و بەشدارییەکی وای لەناو رۆمانەکەدا نییە، یان لە کاتی باسکردنی سەریاسی سێهەمدا، کاتێک دەچێتە نەخۆشخانەکە، ڤیگەرێکی نوێ دەردەکەوێت ئەویش (ئەستێرەی رەش)ە، کە برادەری نزیکی سەریاسی سێهەمە. لەو بەشەدا زۆر بەباشی باسی چیرۆکی ژیانی ئەو کوڕە دەکات، بەڵام دواجار ئەویش لە رۆمانەکەدا دیار نامێنێت و نازانین چارەنووسی ئەمیش چی لێدێت.

لەڕووی ناوەڕۆکیشەوە نووسەر پانتایی گەورەی بۆ رووداوەکانی دوای راپەڕین داناوە، لەمەشیاندا جەنگی ناوخۆ و گرانیی و گەمارۆی ئابووریی رەنگێکی زاڵن بەسەریدا. هەربۆیە وێنەیەکی تەواو تراژیدیی و غەمناکی کۆمەڵگەی کوردیی پیشانداوە، هەرچەندە نووسەر ئازادە چ وێنەیەکی کۆمەڵگەکەی دەردەخات، بەڵام کاتێک ئەم رۆمانە وەردەگێڕدرێت بۆ سەر زمانێکی بیانی، هێندەی من بزانم ئەم رۆمانە وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی ئەڵمانی، بە بڕوای من ئیماجێکی زۆر خراپی کورد دەردەخات. من خۆم لە ئەڵمانیا ژیاوم، هێندەی میدیای ئەڵمانی دژی کوردە، هیچ وڵاتێکی تر جگە لە تورکیا، هێندە دوژمنکارانە دژی کورد نییە. هەربۆیە باشترە ئێمە هەوڵبدەین دژی ئەو وێنە ناشیرینانە بووەستینەوە کە میدیاکان و ناوەندە سیاسی و ئەکادیمییەکانی ئەڵمانیا لە دژی کورد بڵاویدەکەنەوە. 

دواجار ئەم رۆمانە، یەکێکە لە رۆمانە جوانەکانی نووسەر، شایانی ئەوەیە خوێنەری کورد بیخوێنێتەوە و هەریەکە و سەرنجی خۆی لەسەر ئەم بەرهەمەی بەختیار عەلی هەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×