2025-01-13   494     
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، مەترسییەکانی داعش لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و کەمپەکاندا روو لە زیادبوونە و جموجۆڵی رێکخراوەکە بە گشتی زیادیکردووە.
ئاوێنە: ئەمرۆ دووشەممە 13ـی 1ـی 2025، چاوپێکەوتنێکی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لەگەڵ رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی بڵاوکرایەوە و ناوبراو رایگەیاندووە، "نەک تەنیا داعش، بەڵکو مەترسیی گرووپە جیهادییەکان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی ئەو بنەمایانەی لەسەری دروستکراون تێکدەشکێندرێن هەر بۆیە پێویستە لە رووبەڕووبوونەوەیان بەردەوام بین."
ئاماژەی بەوەشکردووە، داعش هێشتا مەترسییەکی جددیە لەسەر هەموو جیهان، نەک تەنیا سووریا. هێشتا نزیکەی 60 هەزار چەکداری داعش و ئەندامانی خێزانەکانیان لە کەمپەکانی (هۆل و رۆژ)ـدان.
بەگوێرەی میدیای بەریتانی، لەو چەکدارانەی داعش کە لە زیندانەکانی ژێر دەستی هەسەدە-دان، ئەمریکا دوو هەزاریانی بە "زۆر مەترسیدار" پۆلێن کردووە.
ئاشکراشی کردووە، پلانێکی شکاندنی زیندانێکیان شکستپێهێناوە و زانیاریی هەواڵگرییان هەیە داعش دەیەوێت ئەندام و چەکدارەکانی رزگار بکات. ئەو جەختی لەوەش کردووەتەوە، "داعش هێشتا دەیەوێت، یان پلان دادەنێت بۆ شکاندنی زیندانەکان، ئەگەر داعش لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو بێت، ئەوا دەبێتە مەترسیی شەپۆلێکی گەورەی تیرۆر لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەشیدا."
مەزڵوم عەبدی دەڵێت، "مەترسیی داعش لە کەمپەکان و زیندانەکاندا بەردەوامە لە زیادبوون و بەگشتی جووڵەیان زیادی کردووە. پێویستە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ شەڕکردن دژی داعش، ئەگەر بمانەوێت رێگری لە سەرهەڵدانەوەیان بکەین."
لە وتەکانیدا فەرماندەی گشتیی هەسەدە هۆشداری دەدات لەوەی، "پێشتر چەند چەکدارێکی داعش لە زیندانەکانی ژێر دەستیان هەڵاتوون و چوونەتە ناو سوپای نیشتمانیی سووریا و دەستەی تەحریر شام، ئەو گرووپانە دەکرێت زیندانییە داعشەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان ئازاد بکەن، بیانبەنە ریزەکانی خۆیانەوە و پلەی سەربازییان پێبدەن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەبدی باسی لەوە کردووە، "ئەوان (دەستەی تەحریر شام و سوپای نیشتمانیی سووریا) دەیانەوێت هەمان شت لەم ناوچەیەش (کەمپ و زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە) بکەن. کاتێک باسی زیندانێکی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەکەن، ناڵێن ئەوانە چەکداری داعشن، بەڵکو دەڵێن ئەوانە زیندانین. ئەوان هەوڵدەدەن بڵێن، هیچ جیاوازییەک لەنێوان چەکدارانی داعش و زیندانییەکانی دیکە نییە، بەڵام لە ناوچەکانی ئێمەدا هیچ زیندانییەک نییە، ئەوەی هەیە چەکداری داعشن."
هاوکات، بە پێویستی دەزانێت، بە زووترین کات چەکدارەکانی داعش و خێزانەکانیان بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان؛ ئەمە دوای ئەوەی لە دادگایەکی نێودەوڵەتیدا دادگایی دەکرێن و قوربانییەکانیش مافی خۆیان وەردەگرنەوە. ئەوەشی نەشاردەوە کە رەخنەی لە وڵاتانی رۆژئاوا هەیە کە وەکو پێویست کاریان بۆ ئەو پرسە نەکردووە.
هەروەها عەبدی داوای لە واشنتۆن کرد هاوکارییان بکات لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنەکان، بۆئەوەی بتوانن داهاتووی کوردانی رۆژئاوای کوردستان و کەمینەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵیان فەراهەم بکەن، "دەزانین بارودۆخێکی نوێ لە سووریا هەیە و ئێمەش مامەڵە لەگەڵ ئەو راستیە نوێیەدا دەکەین. پێویستە سووریا یەکگرتوو بێت و هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە، سووریا نابێت دابەش بکرێت و پێویستە مافی هەموو کەمینەکان پارێزراو بێت."
ئاماژە بەوەش دەکات، ئەمریکا هاوکاریانە لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیا، دەستەی تەحریر شام و سوپای نیشتمانی سووریا، بۆئەوەی بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن لەپێناو داهاتووی سووریا دا.
جەختیشی کردووەتەوە لەوەی، پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا گوشار بۆ وەستاندنی هێرشی گرووپە چەکدارەکان و تورکیا بکەن.