هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت كە ئەمڕۆ یەكشەممە، بە ئامادەبونی سودانی و نێچیرڤان بارازنی و بافڵ تاڵەبانی كۆبوەوە، رایگەیاند، هیچ هەڵوێستێكی سیاسی لەبارەی دۆسیەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە بونی نییە جگە لە كێشە تەكنیكییەكان كە دەكرێت بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن. دەشڵێت، ئەمساڵ دوایین ساڵی ئەم خولەی پەرلەمان و حكومەتەو دەبێت هەموان پەرۆش بن بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامە حكومییەی كە رێككەوتنی لەسەر كراوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەكشەممە، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، لە كۆشكی حكومەت لە بەغدا كۆبوەوە. كۆبونەوەكە بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی و سەركردەكانی لایەنە شیعەكان بەڕێوەچو.
بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت جەختی كردۆتەوە كە ئەمساڵ، دوایین ساڵی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان و حكومەتە، ئەوەش دەخوازێت كە سەرجەم لایەنەكان لەوپەڕی پەرۆشیدا بن بۆ جێبەجێكردنی ئەو پابەندییانەی كە رێككەوتنیان لەسەر كراوە لەچوارچێوەی بەرنامەی حكومەتدا بەشێوەیەك كە پاڵپشتی لە سەقامگیری بكات و دەزگاكانی جێبەجێكردن بەردەوام بن لەسەر تەواوكردنی ئەركەكانیان لە بوارە جیاجیاكانی ئابوریی، پەرەپێدان و خزمەتگوزاری و بواری ئەمنیدا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت پشتیوانی خۆی بۆ ئەو پاكێجی چاكسازییە دارایی و ئابورییانە راگەیاندوە كە حكومەت پاڵپشتی كردون و دەكرێت ببنە مایەی پاراستنی سەقامگیری دارایی و ئابوریی و جەختیشی كردۆتەوە كە هیچ هەڵوێستێكی سیاسی لەبارەی دۆسیەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە بونی نییە جگە لە كێشە تەكنیكییەكان كە دەكرێت لەڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ و دور لە گرژیی راگەیاندن، چارەسەر بكرێن.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتوە كە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت داوا دەكات عێراق بەردەوام بێت لەسەر رێبازی نەگۆڕ و مەبدەئی خۆی لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئاڵەنگاری و روداوەكانی ناوچەكەو جیهان، بەشێوەیەك كە بەرژەوەندیی عێراق بپارێزێت و بەدوری بگرێت لە شەڕ و قەیرانەكان.
هەروەك لە كۆبونەوەكەدا باس لە دۆخی سوریا كراوەو ئامادەیی عێراق دەربڕدراوە بۆ پشتیوانیكردنی گەلی سوریا لەكاتێكدا چاودێریی گۆڕانكارییە سیاسییەكان دەكەن بۆ وەرگرتنی هەڵوێست بەتایبەت هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر بە تیرۆر.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ئیدانەی دەستدرێژییەكانی قەوارەی زایۆنی بۆ سەر غەززەو هەروەها هەر دەستدرێژییەكی دیكە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە كردوەو ستایشی سەردانەكانی ئەم دواییەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردوە بۆ كۆمەڵێك لە وڵاتانی دۆست و برا.