ئیسرائیل دابەشبوونی سوریا تاوتوێ دەکات: کانتۆنێک بۆ دروزو کانتۆنێک بۆ کورد
  2025-01-12       729       
دروزەکانی سوریا

ئا: ئاوێنە

 

ئیسرائیل لەپێناوی "پاراستنی کەمینەکان" پێشنیاری دابەشکردنی سوریا دەکات‌ بەسەر چەند کانتۆنێکدا، کانتۆنیک بۆ دروزو کانتۆنێک بۆ کورد.

 

رۆژنامەی ئیسرائیل هایۆم لەڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەت‌و بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیل گفتوگۆی نهێنی دەکەن سەبارەت بەداهاتووی سوریا، لەوانە دەستپێشخەرییەک بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی پێشنیارێک بۆ دابەشکردنی سوریا بەسەر ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبردندا (کانتۆن) بەمەبەستی پاراستنی مافی هەموو کەمینە نەتەوەیی‌و تائیفی‌و ئایینییەکانی ئەو وڵاتە.

بەپێی رۆژنامەکە، یەسارائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە 8ی کانونی دووەم، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە، لەو کۆبوونەوەیەدا چەند خاڵێک سەبارەت بەپێشهاتەکانی سوریا تاوتوێ کراوە، لەوانە دەستێوەردانی تورکیا لەسوریا، هەروەها ئەوەی ڕۆژنامەکە بە "گومان"ی ئیسرائیل بەرامبەر بەسەرکردەی نوێی سوریا، ئەحمەد شەرع، نایدەبات، جگە لەدابەشکردنی ئیداری سوریا بەهۆی "نیگەرانی" ئیسرائیل سەبارەت بەدروزەکان‌و کورد لەسوریادا.

بەپێی ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هایۆم"، کابینەی ئیسرائیل پلانی دابەشکردنی سوریا بەسەر چەند "کانتۆن"ێکی خۆبەڕێوەبەری لەسەر بنەمای نەتەوەیی‌و تائیفی تاوتوێ کردووە. ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم پلانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە پێشنیار کراوە لەدوای ڕووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، لەمانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشتر ئێلی کۆهین، وەزیری وزەی ئیسرائیل پێشنیاری بەستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سوریا کردووە. ئەم گفتوگۆیانەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گفتوگۆیەکی داهاتوو ئەنجامدراون کە بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیران سەرۆکایەتی دەکات.

رۆژنامەکە ئەوە رووندەکاتەوە کە لەهەمان کاتدا، تەحەدای سەرەکی بۆ بڕیاردەرانی ئیسرائیل ئەوەیە "هەر دەستپێشخەرییەک پەیوەست بێت بەئیسرائیلەوە، ئەگەری زۆرە ڕووبەڕووی دژایەتی بەرچاو بێتەوە لەناوخۆی سوریادا، ئەمەش پێویستی بەنهێنی هێشتنەوەی ئەم گفتوگۆیانە هەیە".

بەگوتەی ئیسرائیل هایۆم. چاوی ​​تەلئەبیب لەسەر خاک‌و دۆخی سوریایە لە دوای ئەوەی هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بەسەرۆکایەتی "دەستەی تەحریری شام" کۆنترۆڵی دیمەشقی پایتەختیان کرد، ئیسرائیل دەرفەتی ناسەقامگیری ئەمنی قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵاتی لەسوریا قۆستۆتەوە، بۆ داگیرکردنی ئەو ناوچەیەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاودێری دەکرێت، لەبەرزاییەکانی جۆلان‌و لەساڵی ١٩٦٧ەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوەو لەئەودوای ناوچەکانی باشووری سوریا جیاکراوەتەوە.

هەروەها ئیسرایل هێرشی ئاسمانی چڕی بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکان لەسەرانسەری سوریا دەستپێکرد بەئامانجی "لەناوبردنی چەکی ستراتیژی" لەو وڵاتەدا.

دروزەکان لەباشووری سوریا لەنزیک بەرزاییەکانی جۆلان دەژین‌و لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، چەند گرتە ڤیدیۆییەک لەسۆشیال میدیا بڵاوبوونەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن دروزەکانی سوریا ترسی خۆیان لەدەسەڵاتدارە نوێیەکانی سوریا دەردەبڕن‌و داوای لکاندنی ناوچەکانیان دەکەن بەئیسرائیلەوە، بەڵام (حیکمەت هیجری)، سەرکردەی دروزەکان بەخێرایی ئەم ڤیدیۆیانەی ڕەتکردەوەو جەختی لەوە کردەوە کە ئەم لێدوانانە گوزارشت لەبۆچوونی ئەوان ناکات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×