پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، دەنگی دا لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ ماوەی دو ساڵی دیكە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە دانیشتنی پەرلەماندا دەنگدراوە لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ ماوەی دو ساڵی دیكە.
تەمەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی پێشتر دو جار درێژكراوەتەوە، جارێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و جارێكیش بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە 7ی ئەم مانگە وادەی یاسایی بەسەرچو، رۆژی 8ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە نوسراوێكدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە بە درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ ماوەی دو ساڵ كە وادەی درێژكردنەوەكەش لە 7/1/2025 بۆ 6/1/2027 دەبێت.
ئەوەشی خستەڕو، بڕیاری درێژكردنەوەكە بە رێككەوتنی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دراوە، بەڵام پەرلەمانی عێراق بەپێی ئەو دەسەڵاتە تەشریعییەی كە هەیەتی، دەتوانێت یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ژمارە 31ی ساڵی 2019 هەموار بكاتەوە.